‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy


کۆدی بابه‌ت: 70592  |  بڕوار: ۱۳۹۵/۱۲/۲۸  |  کاتژمێر: 10 : 49

ڕه‌خنه‌یێک له‌سه‌ر کارنامه‌ی ڕێفۆرمخوازه‌کانی کوردستان/ حسێن ئه‌حمه‌دی نیاز

به‌شی یادداشت/ کوردستان- حسێن ئه‌حمه‌دی نیاز پارێزه‌ری دادگه‌ و چالاکی مه‌ده‌نی یادداشتێکی بۆ کوردپرێس ناردووه‌ و له‌و یادداشته‌دا ڕه‌خنه‌ی له‌ کارنامه‌ی ڕێفۆرمخوازه‌کانی کوردستان گرتووه‌.

کوردپرێس: نزیک به‌ 4 ساڵ پێش ئێستا پاش نیوه‌ڕۆیێک به‌ یاوه‌ریی هاوڕێیێکم که‌ چالاکێکی مه‌ده‌نی پارێزگایه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاری کوردستان دیدارمان کرد. یه‌که‌م خاڵێک که‌ ده‌رمبڕی ئه‌وه‌ بوو جه‌نابی پارێزگار ورد ببنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌ زوو تێده‌په‌ڕێت. ئه‌وه‌ی گرینگه‌ کارنامه‌ی جه‌نابتانه‌ له‌ سێ به‌شی گرینگ و کاریگه‌ر له‌ پڕۆسه‌ی گه‌شه‌ی پارێزگادا: پیشه‌ ته‌بدیلییه‌کان، مه‌له‌فی گه‌شتیاری، ئه‌و پیشانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ به‌شی جووتیارییه‌وه‌ هه‌یه‌.
ئێستاکه‌ چوار ساڵه‌که‌ به‌ره‌و کۆتایی ده‌ڕوات و پارێزگاکه‌شمان هه‌مان پارێزگای چوار ساڵ له‌وه‌وپێشه‌ ئه‌گه‌رچی پارێزگار هه‌وڵی زۆری داوه‌ که‌ کارێک بۆ پارێزگاکه‌ ئه‌نجام بدات به‌ڵام هۆکاری زۆر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیبێت له‌و بواره‌دا سه‌ربکه‌وێت. له‌لایێکی دیکه‌وه‌ په‌یتا په‌یتا سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانی و پێدانی مافی قوربانییه‌کانی مینه‌ چێندراوه‌کان، چاککردنی دۆخی ڕێگاوبان، پشتیوانی له‌ کۆڵبه‌ره‌کان و... نامه‌م بۆ جه‌نابی پارێزگار نووسیوه‌. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه کۆمه‌ڵێک پرسی گرینگم وه‌بیری پارێزگار هێناوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هیچ له‌و پێشنیارانه‌ ئاوڕییان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه‌ له‌وان:‌ دۆخی ئه‌سه‌ف‌باری ڕفینی سه‌رمایه‌ مادی و مه‌عنه‌وییه‌کان له‌ پارێزگا و پرسی نه‌بوونی سه‌رمایه‌دانه‌ریی کاریگه‌ر له‌ پارێزگاکه‌ و هه‌روه‌هاش پێویستیی ڕاکێشانی سه‌رمایه‌ی ئه‌و کوردانه‌ی دانیشتووی دیکه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ پێشکه‌وتووه‌کانن.
ئێستاکه‌ به‌ بیانووی گه‌یشتنه‌وه‌ی کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کان دیسانه‌وه‌ ڕێفۆرمخوازه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان کاسه‌ی سواڵیان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکی سته‌ملێکراوی ئه‌م پارێزگایه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕه‌خنه‌یێکیان خستۆته‌ بازنه‌ی ته‌سکی "هه‌ڵاوسانی ڕه‌خنه‌"وه‌ کارنامه‌ی لاوازی ئه‌م چوار ساڵه‌شیان به‌ خۆیاندا ناهێنێته‌وه‌ و خافڵن له‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌ شه‌ره‌فی کوردستان ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز ناناسێت و خه‌ڵکێکی کۆڵنه‌ده‌رن و که‌سێکیان ده‌وێت خزمه‌تی ڕاسته‌قینه‌یان ئاراسته‌ بکات. ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز هیچ ده‌ستکه‌وتێکیان بۆ هاووڵاتییانی کوردستانی نه‌بووه‌ جگه‌ له‌ لاوازیی ئابووری و دواکه‌وتوویی.
ئه‌گه‌ر ته‌نها پارێزگای کوردستان له‌گه‌ڵ دیکه‌ی پارێزگا دراوسێکانیدا هه‌ڵسه‌نگێنین قووڵایی کاره‌ساته‌که‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌. نازانم پارێزگاری کوردستان و تیمه‌که‌ی به‌ تایبه‌ت ڕیفۆرمخوازه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان که‌ سه‌رجه‌م پۆسته‌کانی پارێزگایان له‌ ڕێگای پشت به‌ستن به‌ ده‌نگی خه‌ڵکه‌وه‌ داگیر کردووه‌ پاش چوار ساڵ سه‌رکردایه‌تیی به‌ڕێوه‌به‌ری پارێزگا چ پاساوێکیان هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵکی بهێننه‌وه‌ و چ ڕاپۆرتێکی سه‌رکه‌وتووانه‌ ئاراسته‌ی خه‌ڵکی به‌ شه‌ره‌فی پارێزگاکه‌ ده‌که‌ن. کارنامه‌ی ئه‌وان چی بوو؟ ئایا جگه‌ له‌ داخران و هه‌ڵپێچانی یه‌که‌کانی به‌رهه‌مهێنان هیچ ده‌ستکه‌وتێکی دیکه‌یان بووه‌؟ چه‌ند پڕۆژه‌ی سه‌رکه‌وتووی به‌رهه‌مهێنانیان بووه‌؟ ڕێژه‌ی ڕه‌خساندنی هه‌لی کار له‌ پارێزگاکه‌ چه‌ند له‌سه‌د بووه‌؟ ئایا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ کاریگه‌ری بووه‌؟ و کۆمه‌ڵێک پرسی دیکه‌. هیوادارم پارێزگاری به‌ڕێز و تیمه‌که‌ی ئامارێکی ورد ئاراسته‌ بکه‌ن له‌سه‌ر ڕێژه‌ی سه‌رمایه‌دانه‌ریی ده‌ره‌کی و ناوخۆیی له‌ پارێزگاکه‌ یان له‌ حه‌وزه‌کانی دیکه‌شدا ئاماره‌کانیان ڕابگه‌یێنن. به‌ ڕای من پرسی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا وه‌ڵامێکی شه‌فاف و عالیمانه‌ به‌وان ده‌ده‌نه‌وه‌. چیرۆکی هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕکابه‌ری هاشمی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د ته‌وه‌کولی دووپات ده‌کاته‌وه‌. به‌و مانایه‌ی له‌ ڕێگای ده‌نگدان به‌ ڕکابه‌رێکه‌وه‌ که‌ زۆر گرینگ نییه وشیاریی خۆیان‌ پیشان ده‌ده‌ن و له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆیان ده‌رده‌بڕن. ئه‌و بزووتنه‌وه‌ مه‌ده‌نییه‌ی هاووڵاتییان زۆر کاریگه‌ر و گرینگ ده‌بێت. خه‌ڵکی کوردستان له‌ ڕیا و دووڕوویی ڕێفۆرمخوازه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان ماندوو بوونه‌. ئه‌گه‌ر ته‌نها هه‌ڵسه‌نگاندنێک له‌ نێوان پارێزگای کوردستان و سیستان و به‌لووچستان له‌ چوار ساڵی ڕابردوودا بکه‌ین له‌ سیستاندا پڕۆسه‌ی گه‌شه‌ خێراییێکی به‌رچاوی هه‌بووه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ له‌ کوردستاندا به‌هۆی سیاسه‌تی لاوازی ڕێفۆرمخوازه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه‌ به‌ره‌ودوا چوون و دواکه‌وتن. هه‌ڵبه‌ت بۆ ڕێفۆرمخوازه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان گه‌شه‌ بووه‌ ئه‌وه‌ش بریتی بووه‌ له‌ وه‌رگرتنی پۆسته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پارێزگا.
ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ یاریی سیاسیی بێ ده‌ستکه‌وت شه‌که‌ت بوونه‌. ڕێفۆرمخوازی یان بناژۆخوازی هیچ قازانجێکی به‌وان نه‌گه‌یاندووه‌ جگه‌ له‌ فشاری ئابووری. ئێستاکه‌ ده‌بێت سه‌ره‌نج بده‌ین خه‌ڵکی کوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا چی ده‌که‌ن.
 
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کۆتایی هه‌واڵ / ‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy

لینکی بابه‌ت: http://kurdpress.com/NSite/FullStory/?Id=70592