‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy


کۆدی بابه‌ت: 70101  |  بڕوار: ۱۳۹۵/۱۲/۱۷  |  کاتژمێر: 22 : 39

له‌ کۆڕیادی هه‌ڵه‌بجه‌؛

پێویستی بە ژینۆسایدناسینی کارەساتی هەڵەبجە لای کۆمەڵگای نێونەتەوەیی

بەشی فەرهەنگ و هونەر- مامۆستای یاسای زانکۆی بووعەلی سینای هەمەدان بە ئاماژە بەوەی کە تەنیا ٤ وڵات لە ئاستی جیهانیدا دانیان بە ژینۆسایدبوونی کارەساتی هەڵەبجە کردووە، ڕایگەیاند: ژینۆساید گرینگترین جینایەتێکە کە لە سەر گۆی زەوی ڕوو دەدات و ۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێ بوردۆمانی کیمیایی هەڵەبجە وەک ژینۆساید بناسێنن.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ۱۶ی ڕه‌شه‌مه‌ ڕێوره‌سمێک بۆ یادی شه‌هیدانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ شاری سنه‌ و له‌ زانکۆ کوردستان به‌ڕێوه‌چوو که‌ تێدا ژماره‌یه‌ک له‌ مامۆستایانی زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و زانکۆی چه‌رموو له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌شدار بوون و هه‌ندێ باسی ئاکادمیک له‌ سه‌ر هۆکاره‌کان و مێژووی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاراستەکرا.
له‌و کۆڕه‌دا په‌نێلێکی زانستی و ئاکادمیک به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ندین دوکتۆر و پرۆفسۆری کورد له‌ ئێران و هه‌رێمی کوردستان بۆ لێکدانه‌وه‌ی کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌برا.
فەرهەنگی خۆبەبخشی
پێش په‌نێله‌که‌ دوکتۆر فه‌ردین ئه‌خلاقیان، سه‌رۆکی زانکۆی کوردستان له‌ وته‌دانێکیدا یادی شه‌هیدانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رده‌شت و هه‌موو ژینۆسایده‌کانی به‌رز ڕاگرت و وتی: دەبێ بەردەوام یاد و بیرەوەریی ئەو شەهیدانە کە بە فیداکردن و لەخۆبوردوویی بوونەتە هۆی بەردەوامیی ژیانی گەلێک، زیندوو راگڕین.
سه‌رۆکی زانکۆی کوردستان، بوردۆمانی کیمیایی هەڵەبجەی وەک ستەمێکی ئاشکرای حکوومەتی بەعس هەمبەر بە کوردەکان لێکدایەوە و زیادی کرد: ئەو حکوومەتە شانازیی بە جینایەت و زەبروزەنگی خۆی دەکرد و هەر ئەوەش بووە هۆی ڕووخان و لەناوچوونی.
ئه‌خلاقیان به‌ ئاماژه‌ به‌ ڕه‌وت و هۆکاری له‌ناوچوونی حکوومه‌ته‌ تۆتالیتره‌کان به‌ درێژایی مێژوو، ڕایگەیاند: بێ گومان سروشتی مرۆڤ، تۆتالیته‌ری قبووڵ ناکات و ڕه‌مزی مانه‌وه‌ی حکوومه‌ته‌کان ته‌نیا دادپه‌روه‌ریه‌.
ڕاشیگه‌یاند که‌ لێکدانه‌وه‌ و ورژاندنی که‌یسه‌کانی وه‌ک کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ئه‌رکی سه‌ر شانی زانکۆیه‌ و ئێمه‌ له‌م پێناوه‌دا ئاماده‌ین هاوکاری تۆکمه‌ و زانستیانه‌مان هه‌بێت له‌گه‌ڵ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان.
ناوبراو وتیشی: به‌ڕێوه‌بردنی فێستیڤاڵ و کۆڕبه‌ندی به‌م شێوه‌ زانستیانه‌ بۆ لێکدانه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان و پرسه‌کانی کورد له‌ ئاستی زانکۆدا پێویسته و زیاتر لاپه‌ڕه‌ شاراوه‌کانی میژوو ده‌خاته‌ ڕوو.
هەڵەبجە و ژینۆسایدی کوردان
لە درێژەی ئەو ڕیوڕەسمەدا دوکتۆر ستار عه‌زیزی، ئەندامی لیزنەی زانستی لقی یاسای زانکۆی بووعەلی سینای هەمەدان و یەکەم وتەبێژی پانێلکی زانستی، ئاماژه‌ی دایه‌ ڕۆڵی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ مافی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ جیهان و به‌ تایبه‌تی بۆ کورد و وتی: پێش کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی به‌ پێی کۆنوانسیۆنی ژێنیڤ (۱۹۷۲-۱۹۲۵) بۆ شه‌ڕی نێوان وڵاتان قه‌ده‌غه‌ بوو، بەڵام لەو کۆنوانسیۆنەدا ئاماژه‌ به‌ شه‌ڕی ناوخۆیی نه‌کرابوو و تەنیا دوای ڕوودانی کارەساتی هه‌ڵه‌بجه له‌ ساڵی 1988 و دەنگدانەوەی لە میدیا جیهانییەکاندا، بووە هۆی بەئاگابوونەوەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بەهادان بەو پرسە. تا ئەوەی کە لە کۆنوانسیۆنی ۱۹۹۳دا به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی له‌ شه‌ڕی ناوخۆیشدا قه‌ده‌غه‌ کرا و ١٨٨ وڵات واژۆیان کرد.
ناوبراو وتیشی: ئه‌گه‌رچی له‌ ۱۹۸۵-۱۹۸۸‌ له‌ ۸ ئۆپەراسیۆندا ئه‌نفال ڕوویدا، به‌ڵام زیاتر هه‌ڵه‌بجه‌ بوو که‌ زۆڵم لیکراوی هه‌ڵه‌بجه‌ی نیشان دا. و ئه‌مه‌ش خاڵێکی وه‌رچه‌رخان بوو که‌ نیسانی دا چی به‌سه‌ر کورد دا هاتووه‌.
ستار عه‌زیزی ئه‌وه‌شی وت که‌ ده‌بێ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ستێ به‌ به‌رپرسیارێتی خۆی به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ئه‌م جینایه‌تانه‌ی که‌ ده‌چنه‌ قه‌باره‌ی ژینۆسایدی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و حکوومه‌تی هه‌رێمیس ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵێک بدات بۆ غه‌رامه‌ کردنه‌وه‌ی به‌رکه‌وتووان و هه‌روه‌ها به‌ ژینۆساید ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌ له‌ جیهاندا.
هۆکارەکانی بە هەڵەبجەکردنی هەڵەبجە
دواتر پڕۆفیسۆر نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا عه‌لی له‌ زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ باسی له‌ هۆکاره‌کانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ کرد و وتی:چوار هۆکار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌عش هێرشی کرده‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌، یه‌که‌م؛ پێگه‌ی دیاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ بزاڤی ڕزگاری‌خوازی کوردیدا؛ دووه‌م؛ هۆکاری ئاینی؛ سێهه‌م؛ جوگرافیا؛ پێنجه‌م هۆکاری سیاسی و به‌عسیزم.
پڕۆفسۆر نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا ئه‌م چوار هۆکاره‌ی شی کرده‌وه‌ و وتی: بێ گومان به‌عس ده‌ترسا له‌وه‌ی که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پێشەنگی‌ شۆڕشه‌کانی کورد بوو و سه‌ری بۆ ڕژیمی به‌عس دانه‌دەنواند و ڕێبه‌رانی ئایینی به‌ره‌ی ئیسلامیش له‌ مزگه‌وت و حوجره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵێنا. هه‌روه‌ها هاوسنووری له‌گه‌ڵ ئێران و پێگه‌ی تۆپۆگرافی و سنووری بوونی ئه‌م ناوچه‌ییه‌ بووه‌ هۆکارێک که‌ سیاسه‌تی به‌عسیزم پلان بۆ په‌لاماردانی هه‌ڵه‌بجه‌ داڕێژیت.
تراژدیای هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌وڵێک بۆ ناسینی به‌عسیزم
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی پانێله‌که‌دا دوکتۆر عه‌بدولسه‌مه‌د ئه‌حمه‌د له‌ ڕیگای قووڵی زامی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌عسزیمی ناساند و جه‌ختی له‌وه‌ کرد که‌ به‌عسیزم ته‌نیا خۆی وه‌ک خۆیه‌تی و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتره‌وه‌یه‌ و هیچ مۆدێلێک و ده‌سه‌ڵاتێکی وا نییه‌ که‌ له‌ به‌عسیزم بچێت و ئه‌م تاوانه‌ قیزه‌ونه‌ ته‌نیا له‌ به‌عس ده‌وه‌شێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها جه‌ختی کرد که‌ ئێستاش سێبه‌ره‌کانی به‌عس له‌ عێراق ماوه‌ و داعش نموونه‌ی ئه‌و شۆڤێنیه‌ته‌یه‌.
ڕاشیگه‌یاند ئامانجی به‌عس له‌ خولقاندنی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌ جیهانی عه‌ره‌ب بڵێت، من مه‌حاڵم له‌ ده‌ست دێت و ویستی زامێک له‌ جه‌سته‌ی کورد بدات که‌ هه‌تا هه‌تایه‌ ساڕێژ نه‌بێت و ده‌رمان نه‌کرێت.
هەڵەبجه کارەساتێکی مرۆیی
له‌ کۆتایی ئەم پانێلە زانستییەدا دوکتۆر به‌ختیار سه‌جادی، سه‌رۆکی به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی زانکۆ کوردستان بە ئاوردانەوە لە چەمکی کارەسات، وتی: به‌لای منه‌وه‌ کاره‌سات به‌ هه‌ست و ته‌نانه‌ت عه‌قڵیش بۆ ئینسان ناپێوێت، چونکوو کاره‌سات لێڵه‌، ته‌ماویه‌ لێک نادرێته‌وه‌. ژینۆساید؛ واتا قڕانی هه‌زاران خه‌ون و خه‌یاڵ، ئاوات و هه‌ست. هه‌ر بۆیه‌ ناتوانینی بڵێین کام کاره‌سات گه‌وره‌یه‌ و کام کاره‌سات بچووکه‌ تەنیا بەو پێیەی کە که‌متر که‌سی تێدا کوژراوه‌.
ناوبراو جه‌ختی لەوەش کردەوە که‌ به‌ ڕای ئه‌و هه‌ر جۆره‌ هه‌وڵێک بۆ کورت کردنه‌وه‌، ئاسان کردنه‌وه‌ و به‌ گشتی باسکردنی کاره‌سات و وه‌ک ئامێر به‌کارهێنانی کاره‌سات خۆی به‌شێکه‌ له‌ تاوان و رێگه‌ خۆش ده‌کات بۆ ڕوودانی کاره‌ساتی تر.
سه‌جادی وتیشی: چه‌ند مانگ پاش ته‌واوبوونی شه‌ڕی ئێران و عێراق ئه‌نفالی کورد ده‌ستی پێکرد له‌ عێراق، که‌واته‌ ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ شه‌ڕی ئێران و عێراقه‌وه‌ نییه‌ و ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵ به‌ره‌نگاری کاره‌سات بینه‌وه‌.
 
کۆدی هەواڵنێر: 60106

کۆتایی هه‌واڵ / ‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy

لینکی بابه‌ت: http://kurdpress.com/NSite/FullStory/?Id=70101