‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy


کۆدی بابه‌ت: 68788  |  بڕوار: ۱۳۹۵/۱۱/۲۰  |  کاتژمێر: 9 : 17

به‌یاننامه‌ی کۆشکی سپی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ئه‌ردۆغان و تره‌مپ

به‌شی جیهان- کۆشکی سپی له‌باره‌ی گفتوگۆی ته‌له‌فۆنیی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مه‌ریکا و سه‌رۆک کۆماری تورکیا نووسی: دۆناڵد تره‌مپ له‌سه‌ر به‌ڵێنی هاوبه‌شیی دوو وڵات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم به‌ هه‌موو شێوازێکه‌وه‌ جه‌ختی کردووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆیتێرز، ڕۆژی ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مه‌ریکا و ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا بۆ یه‌که‌مین جار پاش هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ پێکه‌وه‌ گفتوگۆیان کرد.
کۆشکی سپی له‌ به‌یاننامه‌ی خۆیدا ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی زۆری له‌باره‌ی ئه‌م گفتوگۆوه‌ ته‌له‌فۆنییه نه‌داوه‌‌ که‌ به‌ نووسینی ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی ئۆرلاندۆ سنتینل 45 خوله‌ک درێژه‌ی بووه‌.
کۆشکی سپی له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا ڕایگه‌یاندووه‌: دۆناڵد تره‌مپ جه‌ختی له‌سه‌ر پشتیوانی ئه‌مه‌ریکا له‌ تورکیا وه‌کوو شه‌ریکی ستراتژیک و هاوپه‌یمانیی ناتۆی خۆی کردووه‌.
به‌پێی ئه‌م به‌یاننامه‌ کورته‌دا، دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی به‌ڵێنی هاوبه‌شی دوو وڵات له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ هه‌موو ڕه‌هه‌ند و شێوازه‌کانی قسه‌ی کردووه‌ و له‌ یارمه‌تی تورکیا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشدا پێشوازی کردووه‌.
به‌ڵام ئۆرلاندۆ سنتینل نووسیویه‌تی: چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌ردۆغان له‌ تره‌مپ داوای کردبێت پێشنیاری پێنتاگۆن بۆ پڕچه‌ککردنی کورده‌کانی سووریا قبووڵ نه‌کات و ده‌ستبه‌جێ فه‌تحوڵڵا گوله‌ن مامۆستای تورکی دانیشتووی پنسلوانیای ئه‌مه‌ریکا بۆ تورکیا بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

کۆتایی هه‌واڵ / ‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy

لینکی بابه‌ت: http://www.kurdpress.com/NSite/FullStory/?Id=68788