‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy


کۆدی بابه‌ت: 67431  |  بڕوار: ۱۳۹۵/۱۰/۲۲  |  کاتژمێر: 15 : 9

مه‌لا به‌ختیار:

ییڵدرم له‌ ته‌نیشت بارزانی له‌ ئه‌ته‌کێتی دیپلۆماسی چووه‌ ده‌ره‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مه‌لا به‌ختیار ره‌خنه‌ی له‌ لێدوانه‌کانی بیناڵی ییڵدرم سه‌رۆک وه‌یزرانی تورکیا گرت سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه‌ی کردیه‌ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ هه‌ولێر و رایگه‌یاند له‌ ئه‌ته‌کێتی دیپلۆماسی چووه‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌ پێی هەواڵی کوردپرێس به‌گێڕانه‌وه‌ له‌ ماڵپەڕی شارپریس، مه‌لا به‌ختیار له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ ڤیارا ڤاڵچانۆڤ و هێنری میدلیتۆن، راوێژکارانی یۆنامی له ‌عێراق  سه‌باره‌ت به ‌په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ پارتی رایگه‌یاند:هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕدا به‌رامبه‌ر به‌دوژمنه‌کان، هیچ کێشه‌ و ناکۆییه‌ک له‌نێوانیاندا نییه‌ و ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ ناکۆکی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ڕووی عه‌سکه‌رییه‌وه‌ هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه ‌و پێکه‌وه‌ ئه‌م پرۆسه‌ عه‌سکه‌رییه‌ کۆتایی پێده‌هێنین".
مه‌لا به‌ختیار ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا بۆ هه‌ولێرکرد و وتی: یه‌کێتی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا په‌یوه‌ندییه‌کی باشمان هه‌یه‌، له‌به‌دیهێنانی مافه‌ دیموکراسیی و مه‌ده‌نییه‌کانیان له‌باکووری کوردستان پشتیوانیان ده‌که‌ین و سه‌باره‌ت به‌و کێشانه‌شی له‌ شه‌نگال که‌ هه‌یه‌.
راشیگه‌یاند: "پێشتر و ئێستاش باوه‌ڕمان وایه‌ که‌ کاتی هاتووه‌ به‌گفتوگۆیه‌کی سیاسی ئه‌و کێشانه‌ کۆتایی پێبهێنرێت و رێزی سه‌روه‌ری خاکی باشووری کوردستان بگیرێ.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد: به‌ڵام قسه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا له‌هه‌ولێر، له‌دژی په‌که‌که ‌و په‌یه‌ده‌ قسه‌ی کرد، که‌چی له‌به‌غداد نه‌رمتر قسه‌ی کرد".
بڕوایشی وابوو که‌ "دیاره‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌، تورکیا بۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌موو کێشه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ به‌غداد و هه‌ولێر قسه‌ بکات، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ له‌ته‌نیشت جه‌نابی بارزانی وه‌ستابوو، به‌و شێوه‌یه‌ هێرشی کرده‌ سه‌ر په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌، له‌ئه‌ته‌کێتی دیپلۆماسی چووه‌ ده‌ره‌وه‌".
راشیگه‌یاند: ئه‌م جۆره‌ له‌عه‌قڵ و حوکمڕانی، بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی باکووری کوردستان و تورکیا و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم، عه‌قڵییه‌تێک نییه‌ ئومێدی له‌م نزیکانه‌ چاره‌سه‌ری لێ چاوه‌ڕوان بکرێت.

کۆتایی هه‌واڵ / ‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy

لینکی بابه‌ت: http://www.kurdpress.com/NSite/FullStory/?Id=67431