بەبۆنەی رابەزاندنەکانی هەڵبژاردنەوە:
بەئاواتی سوقراتەوەم/ محەمەد هادیفەر
بەشی وتار- محەمەد هادیفەر لەم یادداشتەدا ئاماژە بە رەفتاری سیاسیی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکات و دەڵێت: دەتوانین ئەو دیبەیتانە تا رادەیێک بە سەردەمی سوفستاییەکانی کاتی سوقراتەوە بشوبهێنین. دەشنووسێت: ئەدەبیاتی حاکمەکان، پیاو دڵتەنگی سوقرات دەکاتەوە و ئاوات دەخوازێت بریا سوقراتێک سەرهەڵبدات و بەساتی ئەم سەفسەتەبازانە هەڵپێچێت.
کوردپرێس- سوقرات مامۆستای حیکمەت و زاناییە لە یۆنانی کۆندا و یەکێکە لە یەکەمین پێشەنگانی عەقڵانییەت پێش لە زایین و بەڕواڵەتێکی لار و وێر بنیادە فیکرییەکانی سەردەمی عەقڵ‌پەرێزی سووفستاییەکانی سەرلەنوێ رێکوپێک کردەوە. سووفستاییەکان بە شێوازی مشت‌ومڕی دوور لە زانست و تەنها بە ئامانجی قەناعەت پێهێنان بە بەردەنگەکەیان سەرەڕای سووک کردنی هێمای مرۆڤ جەوهەری بیر و ئەندێشەیان بە گاڵتە دەگرت و عەقڵیان دەبردە قوربانگا و باڵادەست بوونی مرۆڤیان گەیاندبوو ئاستی لەناوچوون.
لەم سەردەمەدا سوقرات سەری‌هەڵدا و دیسانەوە ئومێد گەڕایەوە گیانی سروشتی پاکی مرۆڤ و دەروازەی عەقڵ بەرەو مرۆڤایەتی کرایەوە و ئەم سەرچاوە فیکرییە لەلایەن شاگردە پاکەکانیەوە بوو بە مەکتەبی عەقڵانییەتی مرۆڤ.
دۆخی ئێستای کۆمەڵگا وادیارە دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەفسەتە و بواری مشت‌مڕ و دەنگی پێی سوفستاییەکان دێتە گوێ. ئەو کەسانەی بە ئامرازی نوێ و بە دژوارییە تایبەتەکانی ئەم سەردەمەوە هاوشێوەی کوللەی وێرانکەر هێرش دەکەنە سەر مەزراکانی عەقڵانییەت و دەبنە هۆکاری ئەوەی هێز و توانای جیاکردنەوەی پەتی لە ناپەتی و خەوشدار لاواز ببێت.
تۆزی نامۆیی ئیرادەی خێرخوازی لەبیرکراوە و پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆجیا دووهێندەی زیاد کردۆتە سروشتی پارادۆکسیکاڵی مرۆڤایەتی. هەرچی بەرەو پێش دەچین لە حەسرەتی نیازپاکیی بڕواکانی دوێنێماندا دەمێنینەوە بەڵام هاوکات هەر بڕواشمان بەوە هەیە کە مۆمەکانیش دەتوانن لە شەوی دەیجووردا ببنە چرای رێنوێنیکەر بەو مەرجەی بۆنی جلی یۆسف ببێتە سەرکاروان.
رابەزاندنەکانی هەڵبژاردن یەکێک بوو لە دیمەنە پراکتیکەکانی هەست و سەفسەتە کە لەم چەند رۆژەی دواییدا بینیمان و ئەم ئاکارە سیاسییانە بە پێداگرتن لەسەر شێوازی قەناعەت‌پێهێنان، لەسەردەمی سووفستاییەکانی سوقرات دەچوو بەو جیاوازییەوە کە شێوازی مشت‌ومڕی ئێستا بە ئامرازێک بە ناوی تۆڕی کۆمەڵایەتی کەشکەشانێک لە هەست و شەوقی بزوواندووەتە کۆمەڵگاوە.
ئەمجارەیان ئەم ئاقارە تۆزاوییە تا رادەیێک سەرسەرای بێخەوشی حەقیقەتی داپۆشیوە کە بە چاوی ئاسایی نابینرێت. بە داخەوە بەشێکی هەرە گەورەی ئاقاری هەڵبژاردنەکان بە هەنگاوی بێ‌ئەخلاقی داپۆشراوە و جارجار ترس لە خوداوەندیشی بە با داوە کە گیانی کەلامی حاکمیەتی ئیسلامییە و جارجاریش بۆ سەلماندنی خۆیان جەوهەری درەوشانی حەقیقەتیان وەلاناوە و بینیمان ئەو کەسانەی کە بە ئامانجی چارەسەر کردنی کێشەکان هاتوونەتە ئەم گۆڕەپانەوە هەندێک جار بۆ خۆیان بوونەتە سازێنەری کێشەیێکی گرینگ و بنەڕەتی بەناوی قەیرانی ئەخلاقی.
رکابەرەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە دیبەیت و رابەزاندنەکاندا لە شێوازی سووفستاییەکانی سەدە مامناوەندییەکان کەڵکیان وەرگرت و نموونەکانی ئێستای رۆژئاوایان بەکار هێنا کە لەوان دەتوانین ئاماژە بکەین بە دیبەیتەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەمریکا کە بەرانبەر بە یەک راوەستان و بە ملوێنان بەردەنگیان کردە دادوەری خۆیان تا لە ئاکامدا قارەمانی ئەم شانۆیە ببێتە بەرپرسی بەڕێوەبردنی دەزگای جێبەجێکاریی وڵات. بەواتایێکی دیکە سەرکەوتووی ئەم رکابەرییە تەنیا دەتوانێت ئەو کەسە بێت کە بە دەم‌بەست‌‌کردنی رکابەرەکانی لە رێگای مشت‌ومڕ و تەکنیکەکانی رابەزاندن بتوانێت خۆی بەباشتر پیشان بدات و کورسیی سەرۆکایەتیی باڵاترین پێگەی جێبەجێکاریی وڵات وەدەست بهێنێت.
زۆر جێگای داخ و ئەسەفە کە سەرکەوتووی ئەو دیبەیتانە بۆ ماوەی چوار ساڵ دەبێتە سەرۆکی وڵاتێکی گەورە کە خەڵکەکەی تێگەشتوون و دەتوانین بلێین ئەگەر مشت‌ومڕکارێکی بەهێز و بێڕکابەر تەنها بەهۆی ئەوەی کە لە مشت‌ومڕدا زۆر کارامەیە بێتە ئەم گۆڕەپانەوە ئەگەرچی لە زانست و هۆشیاری و سیاسەتی بەڕێوەبەراتیش بەتاڵ بێت بەڵام دەتوانێت پاڵ بدات بە کورسیی سەرۆک‌کۆمارییەوە.
پەرەسەندنی ئەدەبیاتی تەخریبی بەناوی رەخنە لە ئاکار و هەروەها سووکایەتی کردن ئەویش بەناوی روونکردنەوە و پەراوێزخستنی رکابەر بەناوی سەلماندنی خۆوە، هەوێنی سەرەکیی رابەزاندنەکانی سێ خولی رابردووی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران بووە. بەکارهێنانی هەندێک وشەی دوور لە ئەخلاق کاریگەریی زۆرخراپی لە کۆمەڵگادا هەبووە و دیارە دۆسیەیێکی قبووڵکراوی لەخۆ بەجێ نەهێشتووە بۆیەش بەداخەوە مشت‌‌ومڕ و سەفسەتە لە دیبەیتەکاندا پێگەیێکی تایبەتی بۆخۆی دۆزیوەتەوە و هەر بەم ئەدەبیاتە چارەنووسی ئیدارەی کۆمەڵگا بۆ چوار ساڵ دەدرێتە براوەی رستەگەلێک وەکوو "بڵێم بڵێم" و چوار ساڵ پاش ئەوەش دەنگدانەوەی رستەی "من سەرهەنگ نییم" لە کۆمەڵگا دەبیسین و چیدی دیار نیییە لە چوار ساڵی داهاتوودا ئەم هەموو کێشە قورسە ئابوورییانەی کۆمەڵگا بە کام وشە "لوولە"! دەکرێت.
ئەم ئەدەبیاتەی حاکمەکان مرۆڤ دڵتەنگی سوقرات دەکات و ئاوات دەخوازێت بریا سوقراتێک سەرهەڵبدات و بەساتی ئەم سەفسەتەچییانە هەڵپێچێت و شاگردێکیش هەر لە جنسی خۆی وەکوو ئەفلاتوون بێتە کایەوە کە گەورەترین راسپاردەکانی مێژوو لە روانگەی حەکیمێکی سەردەمی کۆنەوە ئاراستەی حاکمانی حکوومەتی بکات. ئەفلاتوون گەورەترین فەیلەسووفی مێژوو لەکتێبی "مەدینەی فازیلە"دا سەبارەت بە حاکمان دەڵێت:
گەندەڵییەکانی مرۆڤ کۆتاییان پێنایەت مەگین ئەوەی کە حاکمەکان دەستیان بگاتە حیکمەت یان حەکیمەکان ببنە حاکم.
ئەفلاتوون بەپێویستی دەزانێت ژیانی حاکمەکان شێوازێکی تایبەتی هەبێت.
حاکمەکان دەبێت لە ماڵی چکۆلەدا بژین و خواردنی سادە بخۆن.
دەبێت وەکوو سەرباز ژیانیان بەسەر بەرن.
دەبێت بەکۆمەڵ خواردن بخۆن.
نابێت ماڵ و سامانیان زیاتر لەو شتە بێت کە پێویستیانە.
کۆکردنەوەی زێڕ و زێو بەگشتی بۆ حاکمەکان قەدەغەیە.
ئەفلاتوون زیادیش دەکات ئەم خاڵانە بۆ ئەوەیە کە حاکمەکان خۆیان بە زل نەزانن و لایەنی ئەخلاقییان هەیە.
ئێستا با ببینین ئەم حاکمانە چەندە مەودایان لەگەڵ وتەکانی ئەفلاتووندا هەیە، نموونە دینییەکانی خۆمان هەر پێشکەشیان بێت.
 
کۆدی هەواڵنێر: 60101

کۆدی بابه‌ت: 73300  |  به‌روار: ۱۳۹۶/۲/۲۸  |  کاتژمێر: 21 : 16

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
ئیمکانات