ئایا تورکیا درێژه‌ به‌ هێرشه‌کانی خۆی دژ به‌ کورده‌کان ده‌دات/ مه‌تین گۆرجان
به‌شی وتار/ جیهان- هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی سووریا و عێراق بۆته‌هۆی سه‌رسووڕمانی هه‌موو جیهان. ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند پرسیارێک بۆ سه‌رکرده‌کانی جیهان بێته‌ئاراوه‌ که‌ ئایا ئه‌و هێرشانه‌ درێژه‌یان ده‌بێت و ئه‌گه‌ر واشه‌ درێژه‌ی ئه‌و ته‌نگه‌ژانه‌ چۆن ده‌بێت. ئه‌م یادداشته‌ وه‌ڵامێکه‌ بۆ یادداشتی عه‌مبه‌رین زه‌مان که‌ 25ی ئه‌یپڕێڵ ڕوانگه‌ی ئه‌مریکا، پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی کوردستان (PYD) و به‌غدا پیشان ده‌دات. ئه‌م یادداشته‌ له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسکۆ به‌راوردی ستراتێژیکی ئه‌نقه‌ره‌ پاش ئه‌و هێرشانه‌ و هه‌ڵوێستی مۆسکۆ هه‌مبه‌ر ڕووداوه‌کان ته‌رکیز ده‌کات.
کوردپرێس: سه‌ره‌تای ڕۆژی 25ی ئه‌یپڕێڵ هێزی ئاسمانیی تورکیا هاوکات هێرشی کرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی شه‌نگال له‌ عێراق و چیای قه‌ره‌چۆک له‌ نزیک شاری مالکییه‌ له‌ باکووری سووریا. 30ی فڕۆکه‌ی جۆری F16 له‌ بنکه‌ی ئاسمانیی ماتالیه‌ هه‌ڵفڕین. ئه‌و جێتانه‌ به‌ بۆمبی 2 هه‌زار پۆندی و هه‌روه‌ها کۆنتڕۆڵ له‌ ڕێگای دووره‌وه‌ له‌ جۆری GBU10 ته‌یار کرابوون و دوو قاتی هێرش بۆ سه‌ر یه‌کینه‌ ئێزدییه‌کانی به‌رخۆدانی شه‌نگال (YBS) و هه‌روه‌ها تۆپبارانی ناوه‌ندی فه‌رمانده‌یی، وێستگه‌ی ڕادیۆیی و ناوه‌ندی میدیایی سه‌ر به‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) که‌ڵکیان وه‌رگرتبوو. یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل سه‌ر به‌ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)یه‌ که‌ تورکیا وه‌کوو گرووپێکی تیرۆریستی ده‌یناسێت.
بێگومان پێکدادانی زه‌وینی له‌ باکووری سووریا زیادی کردووه‌. پێویسته‌ سه‌ره‌نجی پێکدادانی جیدیی نێوان YPG و سوپای تورکیا له‌ ناوچه‌ی ته‌ل‌ڕه‌فعه‌ت، ته‌ل‌جه‌برین، قاری بابا، دربیسی و مارانز بده‌ین و له‌ بیرمان نه‌چێت تورکیا به‌ خۆمپاره‌هاوێژی 155 میلیمه‌تری ناوچه‌ی سه‌ر سنووری تۆپباران کردووه‌. 26ی ئه‌یپڕێڵ میلیشیاکانی YPG چوار جار مووشه‌کی دژه‌تانکی زیره‌کیان ته‌قاندووه‌ و چه‌ندین جاریش بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانی سه‌رسنووری سوپای تورکیا له‌ هاتای، کیلیس و ماردین گوله‌باران کراون. دوو سه‌ربازی تورک بریندار بوون و دوو تانکی تورکیا و چه‌ندین که‌ره‌سته‌ی دیکه‌ش خه‌ساریان به‌رکه‌وت. ئه‌و پێکدادانانه‌ بووه‌هۆی نیگه‌رانیی زۆر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مومکینه‌ ببێته‌ شه‌ڕێکی ته‌واو عه‌یار.
هێرشی 25ی ئه‌یپڕێڵ یه‌که‌م ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانیی هاوکات هه‌ماهه‌نگ و به‌رفراوانی تورکیا دژ به‌ ئامانجه‌کانی سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ له‌ عێراق و سووریا بوو. به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌و کاته‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌یان ڕاگه‌یاند هیچ به‌ پێویستیان نه‌زانی هێرشه‌کانی لایه‌نی به‌رانبه‌ریان وه‌کوو پاساو و بیانوو بۆ ده‌ست‌پێکردنی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ڕابگه‌یێنن. یه‌که‌م به‌یاننامه‌ی هۆلۆسی ئاکار سه‌رۆکی ئه‌رکانی گشتیی سوپای تورکیا ئاشکرا بوو: "تا ئه‌و کاته‌ی مه‌ترسیمان له‌سه‌ر هه‌بێت ئۆپه‌راسیۆنه‌کان درێژه‌یان ده‌بێت. ئێمه‌ خه‌ریکی هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخه‌که‌ی ئێستاین و به‌ گوێره‌ی ئه‌و دۆخه‌ش بڕیار ده‌ده‌ین."
وێده‌چێت نیازی ڕانه‌گه‌یێندراوی ئه‌نقه‌ره‌ هه‌وڵی پێکهێنانی دۆخێک له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕدا بدات تاکوو ئامانج و جیدییه‌تی ئه‌مریکا له‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌کداره‌ کورده‌کانی سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ له‌ باکووری سووریا و عێراق دیاری بکات. ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ڕێگای ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌ به‌نیاز بوو پێش دیداری 16ی مانگی مه‌ی له‌ نێوان دۆناڵد تره‌مپ و ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکانی هه‌ر دوو وڵات کاردانه‌وه‌ی ئه‌مریکا هه‌ڵسه‌نگێنێت و له‌و ڕێگایه‌وه‌ تورکیا به‌ گوێره‌ی کاردانه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان هه‌مبه‌ر هێرشی ئاسمانیی تورکیا بڕیار بدات.
به‌یاننامه‌ی فه‌رمیی ئه‌رکانی سوپای تورکیا جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ لایه‌نی سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ له‌ عێراق و سووریا چه‌کی پێشکه‌وتوو وه‌کوو مووشه‌کی زیره‌کی دژه‌تانک و مووشه‌کی سووکی (شان‌هاوێژ) و هه‌ندێک ماده‌ی ته‌قه‌مه‌نی بۆ تورکیا به‌ قاچاخ بردووه‌. تورکیا ئاماژه‌ی کردۆته‌ زیادبوونی به‌کارهێنانی ئه‌و چه‌کانه‌ له‌و هێرشانه‌ی له‌ ناوخۆی سنووره‌کانیدا ڕوو ده‌ده‌ن. سوپای تورکیا ئه‌و ئیدعایه‌ی په‌که‌که‌ به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرێت که‌ گرووپه‌کانی سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ له‌ باکووری سووریا توونێلێکیان که‌ندووه‌ و له‌ ژێر باڵاخانه‌ی پۆلیسی ئامه‌ددا ماده‌ی ته‌قه‌مه‌نییان داناوه‌ و له‌ ئاکامدا باڵاخانه‌که‌یان ته‌قاندۆته‌وه‌. به‌رپرسانی تورکیا پێیانوایه‌ ئه‌و گرووپانه‌ 700 کیلۆ ماده‌ی ته‌قه‌مه‌نیی جۆری TNTیان به‌ قاچاخ هێنابوو و له‌ هێرشی 11ی ئه‌یپڕێڵ بۆ ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ به‌کاریان هێنابوو.
هێرشی ئاسمانیی 25ی ئه‌یپڕێڵی تورکیا به‌ هه‌ماهه‌نگی چاکه‌وه‌ ئه‌نجام بووبوو و میدیاکانی تورکیا لێوانلێو بوون له‌ وێنه‌ی سه‌رۆکی ئه‌رکانی گشتیی سوپای هۆلۆسی ئاکار و فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی عابدین ئۆناڵ. له‌و مه‌کۆیه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌یان ئیداره‌ ده‌کرد له‌ هه‌مان کاتدا کۆمه‌ڵێک وێنه‌ له‌ فڕۆکه‌ی جۆری F16 له‌ درێژه‌ی هێرشه‌که‌دا گیرابوو. به‌ کۆمه‌ڵگای تورکیا وتراوه‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کانی تورکیا (TSK) پاش کووده‌تای بێئاکامی 15ی جووڵای ڕێکده‌خرێنه‌وه‌ و به‌ خۆدا دێنه‌وه‌ و هه‌موو شتێک له‌ به‌شی ئه‌منییه‌تیی تورکیادا نوێ کراوه‌ته‌وه‌ و تورکیا ڕه‌وتێکی باش ده‌پێوێت.
ئایا ئۆپه‌راسیۆنی له‌و چه‌شنه‌ درێژه‌ی ده‌بێت؟ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ پاش کاردانه‌وه‌ی ئه‌مریکا و هه‌روه‌هاش کاردانه‌وه‌ی ڕووسیا ده‌رده‌که‌وێت.
من پێشتریش نووسیبووم چاوه‌ڕوانی ئۆپه‌راسیۆنی زه‌وینیی تورکیا له‌ شه‌نگال و ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتم نه‌ده‌کرد چوونکه‌ له‌ ڕۆژئاوای فوراتدا ڕووسیا له‌ باری ئاسمانییه‌وه‌ پێشکه‌وتووتره‌ و ئه‌مریکا کۆنتڕۆڵی ئاسمانی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباره‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌ڵام وه‌بیرم هێنابوویه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌مریکا و ڕووسیا که‌متر مه‌یلیان به‌ ناوچه‌ کوێستانییه‌کانی ئاواشین- بایسان، زاپ و خواکورک به‌ درێژایی سنووری عێراق و تورکیا ئۆپه‌راسیۆنی زه‌وینیی تورکیا به‌ به‌شداریی یان به‌ بێ به‌شداریی پێشمه‌رگه‌ کورده‌کانی هاوپه‌یمانی ئه‌نقه‌ره‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت.
هه‌روه‌ها من چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌م ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌مریکا و ڕووسیا له‌ ئاسمانیی باکووری سووریا و شه‌نگالدا ناوچه‌ی دژه‌فڕین ڕابگه‌یێنن به‌ گه‌شتی ئاسمانیی خۆیان ناوچه‌که‌ کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ن. له‌و ئه‌گه‌ره‌دا تورکیا به‌ ئاگاداریی ئه‌مریکا و ڕووسیاوه‌ هێرشه‌کانی خۆی دژ به‌ موئه‌سسات و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی ستراتێژیکی گرووپی سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ له‌ سووریا و عێراق درێژه‌ ده‌دات.
له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسووڕمان ده‌بێت ئه‌وه‌یه‌ فڕۆکه‌ ئه‌مریکییه‌کان له‌ بنکه‌ی ئاسمانیی ئه‌نجێرلیکی تورکیاوه‌ هه‌ڵده‌فڕن تاکوو پێش به‌ هاتنی فڕۆکه‌کانی تورکیا بۆ ناوچه‌ی دژه‌فڕین بگرن. ئێستا ئه‌م پرسیاره‌ دێته‌ ئاراوه‌ ئه‌گه‌ر ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ ئاسمانی سووریا و عێراق بۆ فڕۆکه‌کانی تورکیا به‌کار بهێندرێت ئایا تورکیا ده‌توانێت له‌ ڕێگای قه‌ده‌غه‌کردنی حه‌ریمی ئاسمانیی خۆیه‌وه‌ به‌ سه‌ر فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یماناندا کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت؟ ئه‌م پرسیاره‌ زۆر گرینگه‌.
کاردانه‌وه‌ی ڕووسیا به‌ هێرشی ئاسمانیی تورکیا جێگای سه‌رسووڕمان بوو. که‌ریم هاس کارناسی زانستی سیاسیی زانستگای ده‌وڵه‌تی مۆسکۆ به‌ ئه‌لمانیتۆری ڕاگه‌یاند: ڕووسیا له‌ کاردانه‌وه‌که‌ی خۆیدا په‌له‌ی نه‌کرد. "یه‌که‌مین هۆکاری ئه‌و کاردانه‌وه‌ ناخێرایه‌ ئه‌وه‌ بوو ڕووسیا چاوه‌ڕوانی ته‌نگه‌ژه‌ی زیاتری ده‌کرد له‌ پێوه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و تورکیادا. کاتێک سه‌ره‌نجی لێدوانه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆن ده‌ده‌ین ده‌بینین ڕووسیا ڕاست ده‌ڵێت. قه‌یراناوی بوونی پێوه‌ندیی ئه‌مریکا و تورکیا به‌ بۆنه‌ی پرسی YPGه‌وه‌ -که‌ ده‌توانێت چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ ناتۆ خێرا بکاته‌وه‌- ده‌ستکه‌وتێکی ستراتێژیک ده‌بێت بۆ مۆسکۆ. مومکینه‌ ده‌ستکه‌وتی کورت‌خایێن پاش دیداری ئه‌ردۆغان و پووتین له‌ ڕێکه‌وتی 3ی مانگی مه‌یدا ببینین و ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ش تۆکمه‌بوونی پێگه‌ی ڕووسیایه‌ له‌ پرسی سووریا. دووهه‌مین هۆکاری کاردانه‌وه‌ی ناخێرای ڕووسیا ئه‌مه‌یه‌ که‌ مۆسکۆ ده‌یه‌ویست وابه‌سته‌یی YPG/PYD به‌ ڕووسیا زیاتر بێته‌وه‌."
هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا دوو ڕۆژ پاش هێرشی تورکیا کاردانه‌وه‌یێکی توند بوو و ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی به‌ قبووڵنه‌کراو وه‌سف کرد.
هاس ده‌ڵێت: دوو خاڵی گرینگ له‌ کاردانه‌وه‌ فه‌رمییه‌که‌ی ڕووسیادا ده‌بینرێت: یه‌که‌م ڕه‌خنه‌ له‌ تورکیا بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانی به‌ بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌ دوو وڵاتی سه‌ربه‌خۆی عێراق و سووریا. خاڵی دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕووسیا YPG/PYD به‌ هێزێک ده‌زانێت که‌ به‌ ڕاستی دژی ڕێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌کان خه‌بات ده‌که‌ن. له‌مباره‌وه‌ ڕوانگه‌ی مۆسکۆ هه‌مبه‌ر PYD و YPG هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌ی واشنتۆندا. پشتیوانیی به‌هێز و ئاشکرای ڕووسیا له‌ YPG/PYD له‌ ڕێگای به‌یاننامه‌یێکه‌وه‌ ده‌توانێت سیگناڵێک بێت که‌ ده‌سه‌لمێنێت ئه‌و گرووپانه‌ ده‌توانن پشت به‌ پشتیوانیی زیاتری ڕووسیا ببه‌ستن. هاس ئاماژه‌ به‌ زیادبوونی ئاماده‌یی سه‌ربازیی ڕووسیا له‌ شاری عه‌فرین ده‌کات که‌ له‌ کۆنتڕۆڵی YPGدایه‌ و ئه‌و دۆخه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا و ڕووسیا بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی مه‌یلی تورکیا بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی شاری مه‌نبه‌ج که‌ ئێستا له‌ کۆنتڕۆڵی کورده‌کاندایه‌ و هه‌روه‌هاش کۆتایی هێنان به‌ ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتی تورکیا که‌ ئێستاکه‌ وه‌ستێندراوه‌.
ناوبراو له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێت: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ دیکه‌ی پرسه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و ڕووسیا ته‌نگه‌ژه‌ و ڕاجیاوازی هه‌بێت ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌ شێوازی جیدی به‌ره‌و هاوته‌ریب کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان ده‌ڕۆنه‌ پێشێ. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ڕووسیا چرا سه‌وز پیشان بدات بۆ پڕۆژه‌ی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ باکووری سووریا.
ئێستاکه‌ ئه‌نقه‌ره‌ چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی دواتری واشنتۆنه‌ پێش دیداری ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ تره‌مپ که‌ 16ی مانگی مه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. وێده‌چێت مانگی مه‌ی مانگێکی هه‌ره‌گرینگ بێت له‌ باری ئاڵوگۆڕه‌کان له‌ سێ گۆشه‌ی پێوه‌ندیی ئه‌نقه‌ره‌- واشنتۆن- مۆسکۆ.
 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لمانیتۆر
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کۆدی بابه‌ت: 73022  |  به‌روار: ۱۳۹۶/۲/۲۴  |  کاتژمێر: 9 : 10

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
ئیمکانات