مه‌لابه‌ختیار کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانی له‌ گفتوگۆی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا؛
پارتی دیموکرات: به‌هۆی نه‌بوونی په‌رله‌مان، نابێت ده‌رفه‌تی گشتپرسی له‌ناو بچێت/ یه‌کێتیی نیشتمانی: هه‌ر دوو ده‌بێ پێکه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێن
به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- "مه‌لا به‌ختیار" ڕایگه‌یاند: ئه‌مریکا تاکوو ئێستا به‌ شێوازی فه‌رمی بابه‌تی گشتپرسییی سه‌ربه‌خۆیی پشتڕاست نه‌کردووه‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یێکی فه‌رمیش لەگەڵی دژایه‌تیی نه‌کردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ که‌رکووک، له‌چاو کاردانه‌وه‌ی تورکیا، کاردانه‌وه‌ی ئێران نه‌رم بوو.
کوردپرێس: بابه‌تی هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر باڵاخانه‌ ئیدارییه‌کانی که‌رکووک و هه‌روه‌ها کۆبوونه‌وه‌ی دوو پارتی سه‌ره‌کی سه‌باره‌ت به‌ گشتپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی دوو بابه‌تی گرینگی حەفتەی ڕابردوو له‌م ناوچه‌یه‌ بوو، به‌م بۆنه‌وه‌ هه‌واڵنێری نێردراوی کوردپرێس بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌ گفتوگۆیێکدا له‌گه‌ڵ کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانی پرسای دوایین هه‌ڵوێسته‌کانی پارتی یه‌کێتیی نیشتمانی و هه‌رێمی کوردستان بووه‌ که‌ شرۆڤه‌که‌ی به‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
* کوردپرێس: به‌پێی بنبه‌ستی سیاسیی درێژخایه‌نی دووساڵه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق، چه‌ندین جار سیاسه‌توانانی هه‌رێمی کوردستان جه‌ختیان کردووه‌ته‌‌ سه‌ر پێویستی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ و ناکۆکییه‌کانی نێوان پارته‌کان و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ بنبه‌ستی سیاسیی ئێستا، به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی "ڕێککه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی" پێش له‌ به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی سه‌ربه‌خۆیی. ڕای ئێوه‌ له‌مباره‌وه‌ چییه‌؟
- مه‌لابه‌ختیار: وه‌کوو پره‌نسیپ ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌. پار و پێرار زۆر ڕاست­تر بوو. به‌ڵام ئێستا کاتمان ئه‌ڕوا و کات له‌ به‌رده‌ستمان نه‌ماوه‌ بۆیه‌ ناتوانین ئه‌رکێک بۆ ئه‌رکێکی­تر به‌دوا بخه‌ینه‌وه‌ هه‌موو به‌یه‌که‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین باشه‌.
* کوردپرێس: مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، 1ی جوونی 2014 له‌ لێدوانێکدا بۆ که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی بی.بی.سی باسی ڕاوێژ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی کرد. ناوبراو هه‌روه‌ها 3ی جوونی 2014 له‌ په‌رله‌مانی کوردستان داوای هاوکاری بۆ دیاریکردنی ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی کرد. ناوبراو هه‌روه‌ها 23ی جوونی 2014 له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌بوو و داوای له‌ نوێنه‌ران کرد له‌ که‌مترین کاتی مومکین یاسا و ڕێساکانی هاوپه‌یوه‌ند به‌ به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی بۆ لکاندنی ناوچه‌ جێناکۆکییه‌کان به‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له‌ عێراق په‌سه‌ند بکه‌ن. سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان 20ی نۆڤێمبێری 2014 له‌ لێدوانێکدا بۆ فرانس پرێسی وت: "بڕیار سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی دراوه‌؛ به‌ڵام بڕیار سه‌باره‌ت به‌ کاتییەوە له‌ ئه‌ستۆی په‌رله‌مانه‌." بۆچی له‌ دۆخی ئێستادا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و دیکه‌ی سه‌رۆکانی پارتی دیموکرات باسی به‌ڕێوه‌چوونی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ بێ ده‌ستێوه‌ردانی په‌رله‌مان ده‌که‌ن؟ و هه‌روه‌ها ڕای ئێوه‌ وه‌کوو یه‌کێتیی نیشتمانی چییه‌؟
- مه‌لابه‌ختیار: ئێمه‌ به‌نیستبه‌تی یه‌کێتییه‌وه‌ تا ئێستا کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان لای ئێمه‌وه‌ زۆر گرینگه‌ و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ سیاسییه‌کانی ناو هێزه‌ سیاسییه‌کان لامان زۆر گرینگه‌. کاک مه‌سعوود و پارتی خوێندنه‌وه‌یێکی تریان هه‌یه‌ و پێیان وایه‌ به‌بێ په‌رله‌مانیش ئه‌گه‌ر چار نه‌بێت هه‌لومه‌رجی ڕێفراندۆم له‌ ده‌ست نه‌درێ. ڕێفراندۆم بکرێت. ڕێفراندۆم درگایێکی تر ئه‌کاته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان و بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه‌ سیاسییه‌کان. ئێمه‌ ڕامان وایه‌ به‌ یه‌که‌وه‌ هه‌وڵ بدەین. جارێ ڕێفراندۆم خۆ دواقه‌رارمان نه‌داوه‌ له‌ حه‌فته‌یه‌دا بیکه‌ین ڕامان وایه‌ پێکه‌وه‌ بیکه‌ین و له‌ دوایین کۆبوونه‌وه‌دا که‌ 11 مانگ له‌ هه‌ولێر کردمان ئاماده‌بوونی جه‌نابی کاک مه‌سعوود له‌سه‌ر کاراکردنی په‌رله‌مان چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ سیاسییه‌کان به‌تایبه‌تی نێوان گۆڕان و پارتی؛ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان قسه‌ی زۆرمان کرد. خۆم زۆر له‌مباره‌وه‌ ڕوونکردنه‌وه‌یێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌م دا خۆشبه‌ختانه‌ کاک مه‌سعوود و پارتی وڵامه‌که‌یان پۆزه‌تیڤ بوو و ئێمه‌ ئێستا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین که‌ پارتی به‌ قسه‌کانی ئێمه‌ وڵامی ڕه‌سمی بداته‌وه‌.
* کوردپرێس: ئایا کاتی به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی دیاره‌ و ئاماده‌کارییه‌کانی به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی چلۆن ئه‌نجام ده‌بێت؟
- مه‌لابه‌ختیار: نا جارێ دیاری نه‌کراوه‌ و پێشنیاری کۆمیسیۆنێکی 7 که‌سیمان کردووه‌ له‌ هه‌موو حزبه‌کان به‌ تورکمان و به‌ مه‌سیحیشه‌وه‌ ئه‌م کۆمیسیۆنه‌ دائه‌نیشێ ڕاوێژ به‌وانه‌ی که‌ پسپۆری یاسایین ئه‌کات، ڕاوێژ بۆ شاره‌زاکان ئه‌کات. که‌مه‌ که‌مه‌ ڕاپۆرتێک ئاماده‌ ئه‌کرێ له‌ کۆمه‌ڵێک بیروڕا و ئه‌رکی جیاواز.
* کوردپرێس: نووسینگه‌ی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانی له‌ 13ی جوونی 2014 له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕایگه‌یاند: "باشترین ته‌زمین بۆ به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگایی که‌رکووک و خانقه‌ین، مه‌خموور، شه‌نگال و شێخانه‌." له‌ لایێکه‌وه‌ ئێوه‌ 30ی مارچی 2017 ڕاتانگه‌یاند: "ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌ باش ده‌زانین که‌ پێش له‌ ڕاگه‌یاندنی گشتپرسی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێ ماده‌ی 140 چاره‌سه‌ر بکرێت، چوونکه‌ له‌ کاتی ڕ اگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ده‌بنه‌ کێشه‌یێکی گه‌وره." هه‌ڵوێستی ئێستای یه‌کێتیی نیشتمانی سه‌باره‌ت به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان پێش و پاش دیاریکردنی چاره‌نووسی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان چییه‌؟
- مه‌لابه‌ختیار: وتوومانه‌ پێش سه‌ربه‌خۆیی ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بکرێت و ئێستاش پێمان وایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاته‌که‌ زۆر زوو ئه‌ڕوا. کۆتایی شه‌ڕی داعشه‌. ئه‌گه‌ر ڕێفراندۆمیشمان کرد ئه‌بێ له‌ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کانیش هه‌ر بیکه‌ین، له‌ که‌رکووک، خانقه‌ین، شه‌نگال، جه‌له‌ولا، سه‌عدیه‌ له‌ هه‌موویان ده‌بێ ڕێفراندۆم بکرێت.
* کوردپرێس: هه‌ڵوێستی وڵاتانی دونیا سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی "گشتپرسیی سه‌ربه‌خۆیی" چییه‌؟
- مه‌لابه‌ختیار: ئه‌مریکا تا ئێستا به‌ ڕه‌سمی ته‌ئیدی نه‌کردووه‌ به‌ڵام به‌ ڕه‌سمی دژایه‌تیشی نه‌کردووه‌.
* کوردپرێس: ڕوانگه‌ی ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ کاردانه‌وه‌ی ئێران و تورکیا به‌ بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان، چییه‌؟
- مه‌لابه‌ختیار: بێ گومان سیاسه‌تی ڕه‌سمی ئه‌م دوو وڵاته‌ ئه‌‌وه‌یه‌ که‌ ڕازی به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان نین، به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی توندیشیان هه‌مبه‌ر به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان تا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ که‌ بیری لێده‌که‌نه‌وه‌ نییه‌ و هه‌روه‌ها ئەوەیکە بەستێن  بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵیان هیچ نەڕەخسابێت، دوور له‌ ڕاستییه‌. بواری گفتوگۆ له‌مباره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو وڵاته‌ زۆره‌. له‌ ساڵی 1923 تاکوو ئێستا و له‌ مێژووی سیاسیی عێراق، کورده‌کانی عێراق نه‌یانتوانیوه‌ تا ئه‌م ڕاده‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه‌ بکه‌ن و به‌رده‌وام ئه‌م سیاسه‌ته‌ش دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌. کاردانه‌وه‌ی ئێران و تورکیا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ڕابردوو و پاش له‌ شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م و دووهه‌م و جه‌نگی سارد به‌راورد بکرێت، کاردانه‌وه‌کان سه‌باره‌ت به‌و سه‌رده‌مه‌ که‌متر بووه‌ و له‌مباره‌وه‌ که‌ ئایا سه‌ربه‌خۆیی باش یان خراپه‌ له‌گه‌ڵمان گفتوگۆ ده‌که‌ن و مه‌ترسییه‌کانی ئه‌م بڕیاره‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن، واتا له‌مباره‌وه‌ دیالۆگ ده‌که‌ین.
* کوردپرێس: ڕای ئێران و تورکیا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ که‌رکووک چلۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
- مه‌لابه‌ختیار: له‌مباره‌وه‌ ئێران له‌گه‌ڵمان گفتوگۆی کرد. کاردانه‌وه‌ی ئێران سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێم، توند نه‌بوو و کاردانه‌وه‌یێکی نه‌رمی بوو. ته‌نانه‌ت له‌چاو هه‌ندێ له‌ پارته‌ تورکمانییه‌کان و ژماره‌یێک له‌ به‌غدا، کاردانه‌وه‌ی ئێران نه‌رمتر بوو، ئه‌مه‌ دڵخۆشی ئێمه‌یه‌. به‌رپرسانی ئێرانی سه‌باره‌ت به‌ ئاڵاکه‌ له‌گه‌ڵمان گفتوگۆیان کردووه‌ و ئێمه‌ بۆیان ڕوونمان کرده‌وه‌ که‌ هۆکاری ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره‌ چی بووه‌ و له‌مباره‌وه‌ ئێرانیش له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی و هه‌میش له‌گه‌ڵ دوو پارتی سه‌ره‌کی؛ یه‌کێتیی و پارتی گفتوگۆی کردووه‌.
دیمانه‌: ئه‌فشین غوڵامی
داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: شیلان محه‌مه‌دی
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

 

کۆدی بابه‌ت: 71676  |  به‌روار: ۱۳۹۶/۱/۲۶  |  کاتژمێر: 12 : 40

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
دوایین هه‌واڵه‌کان
کاردانه‌وه‌ی تاران هه‌مبه‌ر‌ ڕاپۆرته‌که‌ی ئه‌مریکا دژ به‌ ئێران سه‌باره‌ت به‌ قاچاخی مرۆڤ
گرینگترین هەواڵەکانی رۆژی چوارشەممە 7/4/96 لە تورکیا
خه‌ڵکی سه‌رده‌شت پێویستیان به‌ خزمه‌تگوزاری هه‌یه‌ تاوه‌کوو هاوخه‌می ده‌ربڕین
ئیتاڵیا به‌نیازه‌ پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران په‌ره‌پێبدات
زه‌ریف سه‌ردانی پاریس ده‌کات
پەیکەری ئەحمەدی خانی ڕووخێندرا
هەسەدە بە یەکجاری داعشی لە ناوەندی ڕەقە گەمارۆ دا
بۆ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ لە باکووری سووریا و کۆنتڕۆڵی مەنبەج و ڕەقە ئامادەین
کۆبوونەوەی نهێنیی نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەدەنیی رەقە
بەمزووانە بە کردەوە پاڵپشتیی خۆمان لە ڕێپێوانی داد نیشان دەدەین
هۆشداری ئێران هەمبەر بە هەڵوێستە نویێەکانی ئەمریکا هەمبەر بە سووریا
Di qezaya tirafîkê de 7 endamên malbatekê jiyana xwe ji dest da
QSD li Reqayê bi pêş ve diçe
مێژووی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئێدوارد براون له‌سه‌ر ئێران له‌ چاپ درا
په‌لاماری PKK بۆ سه‌ر نوێنه‌ری پارتی داد و گه‌شه‌ ناکام مایه‌وه‌
ئیمکانات