گفتوگۆی سه‌رۆکی فراکسیۆنی به‌ره‌ی تورکمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا:
که‌رکووک عایدی هه‌رێمی کوردستان نییه‌
به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی فراکسیۆنی به‌ره‌ی تورکمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک وتی: "خودی کورده‌کان ده‌زانن که‌ که‌رکووک کوردستانی نییه‌، ئێستاکه‌ بۆچی له‌م کاته‌دا ئه‌م کێشه‌یه‌یان دروست کردووه‌، من ده‌ڵێم ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ حه‌قیقییه‌کانی کورده‌وه‌ دروست نه‌کراوه‌ به‌ڵکوو نه‌خشه‌ی ئه‌جنه‌بییه و بێگانه‌کان ده‌یانه‌وێت له‌ که‌رکووکدا فیتنه‌ دروست بکه‌ن."
کوردپرێس: به‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک پڕۆژه‌ی هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ که‌رکووکی په‌سه‌ند کرد، 2 فراکسیۆنی عه‌ره‌ب و تورکمان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک به‌ بایکۆت کردنی کۆبوونه‌وه‌ و ده‌رکردنی هه‌ندێ به‌یاننامه‌ له‌ دژی بڕیاری ئه‌ندامانی کوردی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، خوازیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م په‌سه‌ندکراوه‌ و په‌یڕه‌وی‌کردنی فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان له‌ دەستووری عێراق بوون. له‌م نێوانه‌دا پارته‌ تورکمانییه‌کان و به‌ تایبه‌ت به‌ره‌ی تورکمانی که‌رکووک به‌ ئه‌نجامدانی لێدوان و بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ندێ به‌یاننامه‌ دژایه‌تیی توندی خۆیانیان له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ ڕاگه‌یاند و که‌رکووکیان به‌ ناوچه‌یێکی کوردستانی نه‌زانی و پێیانوابوو بۆ دروست نه‌بوونی ته‌نگه‌ژه‌ و ئاڵۆزی، ده‌بێ پارێزگای که‌رکووک ببێت به‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ. به‌م بۆنه‌وه‌ هه‌واڵنێری نێردراوی کوردپرێس له‌ نووسینگه‌ی به‌ره‌ی تورکمانی له‌ شاری که‌رکووک گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ عه‌لی مه‌هدی سه‌رۆکی فراکسیۆنی به‌ره‌ی تورکمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک ئه‌نجام دا که‌ به‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
کوردپرێس: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک بڕیاری هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی دیاری‌کردنی چاره‌نووس له‌م پارێزگایه‌ دا، شرۆڤه‌ و ڕای ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ چییه‌؟
عه‌لی مه‌هدی: که‌رکووک پارێزگایێکه‌ که‌ سێ قه‌ومییه‌تی کورد، تورکمان و عه‌ره‌ب تێیدا ده‌ژین. که‌رکووک عایدی کوردستان نییه‌. که‌رکووک پارێزگایێکی زۆر گرینگه‌ هەم بۆ عێراق و هەم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمه‌ 10 ساڵه‌ ئه‌ڵێین که‌رکووک با ببێته‌ هه‌رێمێکی تایبەت و سەربەخۆ. ئێمه‌ ده‌ڵێن له‌ ماوه‌ی 8 ساڵدا کێشه‌کانمان حه‌ل ده‌که‌ین و دواتر بڕیار بۆ گشتپرسی ده‌ده‌ین. گشتپرسیش به‌م مانایه‌ نییه‌ که‌ که‌رکووک بلکێت بە هەرێمی کوردستانەوە. گشتپرسی مه‌عنای گشتپرسییه‌ و کارێکی دیاریکراوه‌. گشتپرسی به‌م مانایه‌یه‌ که‌ هه‌ندێ که‌س ده‌ڵێن که‌رکووک له‌ژێر ئیداره‌ی هه‌رێم، ده‌وڵه‌تی عێراق و یان بۆ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بگۆڕدرێت. ئێمه‌ دژی ئاڵای هیچ خه‌ڵکێک نین. ئێمه‌ ئه‌ڵێین ئاڵای کوردستان به‌س له‌ کوردستان هه‌ڵبکرێت، نابێت له‌ که‌رکووک ئاڵای کوردستان هه‌ڵبکرێت.
کوردپرێس: به‌ بۆچوونی ئێوه‌ هۆکاری په‌سه‌ندکراوه‌کانی لایه‌نی کوردی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌باره‌ی ئاڵا و به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی له‌ قۆناغێ ئێستادا چی بوو؟
عه‌لی مه‌هدی: یه‌که‌م جار خۆیان ده‌زانن که‌ که‌رکووک کوردستانی نییه،‌ دووهه‌م ئێمه‌ کێشەمان داعشه‌ و 40 له‌سه‌دی که‌رکووک له‌ ده‌ستی داعشدایه‌ ئێستا بۆچی ئه‌و گرفتەیان دروست کرد؟ من ئه‌ڵێم که‌ ئه‌مه‌ نه‌خشه‌ی کورده‌ حه‌قیقییه‌کان نییه‌ به‌ڵکوو ده‌ستی ئه‌جنه‌بی له‌و نه‌خشه‌یه‌دا هه‌یه‌. بێگانه‌کان ده‌یانه‌وێت فیتنه‌ له‌ که‌رکووکدا دروست بکه‌ن. ئێمه‌ 100 ساڵه‌ لە که‌رکووکدا له‌گه‌ڵ کورد و تورکمان و عه‌ره‌به‌کان به‌ برایه‌تییه‌وه‌ ده‌ژین‌. ئه‌م فیتنه‌یه‌ لە بەرژەوەندیی گەلی کوردیش نییه‌ و لە بەرژەوەندیی خه‌ڵکی عێراقیش نییه‌.
کوردپرێس: ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ ئه‌م بڕیاره‌ ده‌رکرا ئایا به‌ره‌ی تورکمانی، کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکی بایکۆی کرد؟ کام یه‌ک له‌ فراکسیۆنه‌کان دانیشتنه‌که‌ی ئەنجومەنی پارێزگای که‌رکووکیان بایکۆت کرد؟
عه‌لی مه‌هدی: ئێمه‌ 9 که‌سی تورکمانمان له‌ مه‌جلیسدا هه‌یه‌ و عه‌ره‌به‌کانیش 5 که‌سیان له‌ مه‌جلیسدا هه‌یه‌. ئه‌و دوو کوتله‌یه‌ دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد.
کوردپرێس: ڕێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌ گفتوگۆیێک که‌ چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا له‌گه‌ڵ کوردپرێس ئه‌نجامی دا ڕایگه‌یاند زۆربه‌ی تورکه‌مان و عه‌ره‌به‌کانی که‌‌رکووک سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌م پارێزگایه‌ له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا هاوڕان. کام یه‌ک له‌ لایه‌نه‌ تورکمانییه‌کانی که‌رکووک سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئاڵا له‌گه‌ڵ لایه‌نی کوردین؟
عه‌لی مه‌هدی: نه‌ تورکمان و نه‌ حزبه‌ تورکمانه‌ حه‌قیقییه‌کان هاوڕا له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ نین. ژماره‌یێک له‌ حزبه‌ تورکمانییه‌کان که‌ سەر بە پارتی و یه‌کێتین، ڕه‌نگه‌ هاوڕا له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ بن به‌ڵام حزبی تورکمانی حه‌قیقی هه‌موویان ئه‌م بابه‌ته‌یان ڕەت کردەوە. ئێمه‌ کۆبوونه‌وه‌مان به‌ڕێوه‌برد و به‌یاننامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیشمان له‌مباره‌وه‌ ده‌رکرد و سه‌رجه‌م حزبه‌ ڕاستەقینەکانی تورکمان یەک بڕیاریان بوو. ئه‌و بڕیارەش ئه‌ڵێت: ئه‌و ئاڵای کوردستانه‌ جێگه‌ی که‌رکووک نییه‌ به‌ڵکوو جێگه‌ی هەولێر، سلێمانی و دهۆکه‌. که‌رکووک پارێزگایێکی سەربەخۆیە و چه‌ندین قه‌ومییه‌ت له‌و پارێزگایه‌دا ده‌ژین.
کوردپرێس: لایه‌نی کوردی له‌ که‌رکووک ڕایگه‌یاندووه که‌ به‌ بۆنه‌ی جێبه‌جێ‌نه‌کردنی ماده‌ی 140ی یاسای بنه‌ڕه‌تی بۆ ئاسایی‌بوونه‌وه‌ و سه‌رژمێری و به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفڕاندۆم بۆ وه‌رگرتنی ده‌نگی خه‌ڵکی که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌م ناوچانه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌، کارێکی وای کردووه‌.‌ بۆچوونی ئێوه‌ له‌مباره‌وه‌ چییه‌؟
عه‌لی مه‌هدی: دروسته‌ ماده‌ی 140 ماده‌ی ده‌ستوورییه‌. دوو جار سەرۆک‌کۆماری عێراق کورد بووە. پێنج یان شه‌ش وه‌زیری کوردیان له‌ کابینه‌ی ده‌وڵه‌تدا هه‌یه‌. سەرۆکی لیژنه‌ی ماده‌ی 140 له‌ که‌رکووک کورد بووە و ئه‌وان هه‌رێمێک به‌ ناوی کوردستانیان هه‌یه‌، که‌واته‌ بۆچی ئه‌وان تاکوو ئێستا کارێکیان ئه‌نجام نه‌داوه‌؟ تاوانی تورکمان لەم بابەتەدا چییە؟ ئێمه‌ نه‌ وه‌زیر، نه‌ جێگری سەرۆک و نه‌ سەرۆک‌کۆماری تورکمانمان هه‌یه‌. حکوومه‌ت به‌ ده‌ستی کورده‌کانه‌وه‌ بوو. که‌واته‌ بۆچی ماده‌ی 140یان جێبه‌جێ نه‌کرد؟
کوردپرێس: پڕۆژه‌ی ئێوه‌ به‌ ناوی به‌ره‌ی تورکمانی بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی که‌رکووک چییه‌؟
عه‌لی مه‌هدی: ئێمه‌ له‌ ساڵی 2006 و نزیک به‌ 10 ساڵه‌ که‌ پڕۆژه‌یێکمان ئاراسته‌ی حکوومه‌تی عێراق کرد و له‌و پڕۆژه‌یه‌دا ڕامانگه‌یاند که‌ که‌رکووک با هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بێت. ئێمه‌ ئه‌م نه‌خشه‌ڕێگایه‌مان له‌ ساڵی 2006ه‌وه‌ ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌ت کرد به‌ڵام حکوومه‌تی عێراق وتی له‌ ئێستادا وه‌ختی لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی نییه و حازر نییه‌ که‌رکووک بکرێت به‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ.
کوردپرێس: له‌ ئێستادا شاهیدی ئاماده‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه له‌ که‌رکووک و کۆنتڕۆڵی ئه‌م پارێزگا و ڕووبه‌رێکی به‌رفراوان له‌ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌لایه‌ن ئه‌م هێزانه‌وه‌ین که‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی هه‌رێمی کوردستاندان.‌ هه‌ڵوێستی ئێوه‌ له‌باره‌ی ئاماده‌بوونی ئه‌م هێزه‌ له‌ که‌رکووکدا چییه‌؟
عه‌لی مه‌هدی: هێزی پێشمه‌رگه‌ جوگرافیا و سنوور و حدوودێکی دیاریکراوی هه‌یه‌ و حدوودی ئه‌وان هه‌رێمی کوردستانه به‌ڵام خۆیان بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ هاتن و حه‌شدی شه‌عبی تورکمان و عه‌ره‌بیش له‌م ناوچه‌یه‌دان. ئه‌مانه‌ پێکه‌وه‌ دیفاعیان له‌ مه‌واتنی که‌رکووک کرد. ئێمه‌ زۆر سپاسی ئه‌وان ده‌که‌ین به‌ڵام بابەتی سەربازی و بابەتی سیاسی پێکەوە جیاوازییان هەیە.
کوردپرێس: ده‌وترێت به‌ره‌ی تورکمانی خوازیاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له‌ که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌ره‌کانه‌؟
عه‌لی مه‌هدی: له‌ ئێستادا که‌رکووک سەر بە حکوومه‌تی به‌غدایه‌. ئێستاکه‌ چوونکه‌ هێزه‌کانی سوپای عێراق و جه‌یشولوه‌ته‌نی لێره‌دا نین ئه‌مه‌. ئێمه‌ ئه‌ڵێین بۆ که‌رکووک یه‌ک عه‌سکه‌ر یان فه‌وق و جه‌یشولعه‌سکه‌ر پێکبهێندرێت که‌ بریتی له‌ هه‌موو ئیتنیکه‌ خۆجێیه‌کانی که‌رکووک بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌و شاره‌ بکه‌ن. ئێمه‌ ناڵێین پێشمه‌رگه‌ بڕوات و هێزه‌کانی سوپای عێراق بێن، ئێمه‌ ئه‌ڵێین که‌ خه‌ڵکی که‌رکووک (کورد، تورکمان و عه‌ره‌ب) له‌ که‌رکووک دیفاع بکه‌ن.
کوردپرێس: ئه‌گه‌ر لایه‌نی کوردی به‌ شێوه‌ی یه‌کلایه‌نه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێ‌کردنی په‌سه‌ندکراوه‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک پێداگری بکات، ڕێکاری کۆتایی ئێوه‌ وه‌کوو لایه‌نی تورکمانی بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ چی ده‌بێت؟
عه‌لی مه‌هدی: ئێمه‌ سه‌ردانی دادگه‌ی ئیتیحادی و فیدراڵ‌ ده‌که‌ین. ئه‌وه‌ مافی خۆمانە. سکاڵا له‌ دژی به‌غدا بەرز دەکەینەوە.
کوردپرێس: پاش په‌سه‌ندکراوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌باره‌ی هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ که‌رکووک، ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی و وه‌فدێکی یاوه‌ری سه‌ردانی تورکیایان کرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌م وڵاته‌ له‌وان بینالی یێڵدرم سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا دیداری کرد. له‌باره‌ی هۆکاری ئه‌م سه‌فه‌ره‌ له‌ قۆناغی ئێستا و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی بۆمان قسه‌ بکه‌ن؟
عه‌لی مه‌هدی: پێش له‌ بڕیاری هه‌ڵکردنی ئاڵا له‌سه‌ر باڵاخانه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان، حزبه‌ تورکمانییه‌کان له‌گه‌ڵ من قسه‌یان کرد و من به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ هه‌موو حزبه‌ تورکمانییه‌کان له‌گه‌ڵ پارێزگار چوومه‌ په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا قسه‌م کرد و ڕامگه‌یاند یه‌ک حه‌فته‌ پرسەکە وەدوابخەن، یانێ پێش له‌ سه‌فه‌ری تورکیا من له‌گه‌ڵیان قسه‌ کردم به‌ڵام ئه‌وان موافیقه‌تیان نه‌کرد و وتیان ئێمه‌ ئاوا ته‌نازوع ناکه‌ین و یه‌ک ڕۆژیش ته‌عجیل ناکه‌ین. نه‌ ته‌نیا تورکیا به‌ڵکوو "ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان"، "ئێران" و "ئه‌مریکا" دژی ئه‌م بڕیاره‌ن و به‌یاننامه‌یشیان ده‌رکردووه‌.
کوردپرێس: ڕاپۆرته‌کان باس له‌ سه‌فه‌ری وه‌فدێکی تورکمان بۆ ئێران ده‌کات، ئایا ئه‌م بابه‌ته‌ دروسته‌؟
عه‌لی مه‌هدی: نا سه‌فه‌رێک بۆ ئێران ئه‌نجام نه‌دراوه‌. ئێمه‌ حه‌ز ده‌که‌ین کێشه‌کانمان له‌ به‌ینی خۆماندا حه‌ل بکه‌ین. ئه‌گه‌ر نه‌توانین له‌ به‌ینی خۆمان کێشه‌کانمان حه‌ل بکه‌ین داوا له‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌که‌ین که‌ له‌مباره‌وه‌ یارمه‌تی به‌ ئێمه‌ بده‌ن.
 
دیمانه‌: ئه‌فشین غوڵامی
داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: سروور خدری
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

 

کۆدی بابه‌ت: 71599  |  به‌روار: ۱۳۹۶/۱/۲۴  |  کاتژمێر: 9 : 50

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
پێداگری لە زەرورەتی پەلەکردن لە دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسیی ئیدارەی ناوچە ئازادکراوەکانی عێراق
سەلاحەدین دەمیرتاش قسەی زۆرە بۆ وتن/ ئەو لە دادگەی داهاتووشیدا باس لە شتی گرینگ دەکات
ئەردۆغان پشتیوانی لە داعش و پێڕەوی لە سیاسەتی تیرۆری کوردەکانی هەرێم و سووریا دەکات
60 لە سەدی شاری تەبقا کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای دیموکراتیکی سووریا
پەکەکە هۆکاری تەواو کێشەکانی شەنگالە
بڵاوبوونەوەی وێنەی سەربازانی ئەمریکایی لە پەنای هێزەکانی یەپەگە
یەکێک لە گرینگترین رێگاکان بۆ تۆکمەکردنی ئاسایش و پاراستنی وڵات، بەشداریی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکانە
بەربژێران بەڵێن بدەن کە پشتیوانی لە چینی کەمداهات و لاواز لە یەکەمایەتی دابنێن
3 هەزار و 974 کەسی دیکە له کارمەندانی دەوڵەتیی تورکیا لە سەر کار لابران
قاڵیباف هیچ بەرنامەیێکی بۆ کشانەوە بەقازانجی پاڵێواروەکانی دیکە نییە
رەئیسی، میرسەلم و ڕۆحانی لە کۆمیتەی چاودێری هەڵبژاردن سکاڵایان بەرز کردەوە
ئەگەری بەشداریی پاڵێوراوی کورد لە لیستی ڕیفۆرمخوازانی شۆرای شاری تاران
ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی جەماعەتی گولەن بە لاڕێدا چووە
گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی دانیشتوانی "حەسەناوا"ی سنه له بەردەم شارەوانی
یاری کۆتایی کێبەرکێی گۆڵباڵی نابینایان بە میواندارێتیی بانە بەڕێوەچوو
ئیمکانات