گفتوگۆی تایبه‌تی کوردپرێس له‌گه‌ڵ ئایدین مه‌عرووف:
تورکمانه‌کان: سه‌پاندنی ئیراده‌ی کورده‌کان قبووڵ ناکه‌ین/ خوازیاری هه‌رێمی که‌رکووکین
به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئایدین مه‌عرووف ڕایگه‌یاند: ماده‌ی 140 ماده‌یێکی کاتی بوو له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تیی عێراقدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌و ماده‌یه‌، پرسی که‌رکووک چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام له‌ کۆتایی ساڵی 2007دا که‌ ماوه‌ی دیاریکراو بوو بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌م ماده‌ یاساییه‌، جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌م ماده‌یه‌ کۆتایی پێهات. یان ده‌بێ ماده‌یێکی نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا په‌سه‌ند بکرێت و یان ئه‌وه‌ی که‌ ڕێککه‌وتنێک بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م پرسه‌ بێته‌دی.
کوردپرێس: بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌باره‌ی هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی دیاری‌کردنی چاره‌نووسی ئه‌م پارێزگایه‌، هاوکات له‌گه‌ڵ بڕیاری دوو حزبی کوردستانی (پارتی و یه‌کێتی) بۆ به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی دیاری‌کردنی چاره‌نووس له‌ هه‌رێمی کوردستان، کاردانه‌وه‌یێکی توندی لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان و وڵاتانی دراوسێی ئه‌م وڵاته‌ی لێکه‌وته‌وه‌. به‌ره‌ی تورکمانی که‌ نوێنه‌ری زۆربه‌ی تورکمانه‌کان له‌ که‌رکووکیشه‌ و 9 کورسیی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکدا هه‌یه‌، کۆبوونه‌وه‌ ئاماژه‌پێکراوه‌کانی بایکۆت و دژایه‌تیی ئاشکرای خۆی له‌گه‌ڵ کاری یه‌کلایه‌نه‌ی کورده‌کان ڕاگه‌یاند و هه‌ندێ کاری جیدیی له‌ به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ دژی ئه‌م کارانه‌ ئه‌نجام دا. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئه‌رک و ڕاسپارده‌یی خۆی بۆ پیشان‌دانی هه‌ڵوێستی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌، ئه‌م جاره‌ له‌گه‌ڵ ئایدین مه‌عرووف ڕێبه‌رێکی به‌ره‌ی تورکمانی عێراق و نوێنه‌ری په‌رله‌مانی کوردستان گفتوگۆیێکی ئه‌نجام داوه‌ که‌ به‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
کوردپرێس: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک بڕیاری به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی دیاریکردنی چاره‌نووس له‌م پارێزگایه‌ گرت، هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێستی ئێوه‌ له‌مباره‌وه‌ چییه‌؟
ئایدین مه‌عرووف: په‌سه‌ندکردنی هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی چاره‌ی خۆنووسین له‌ که‌رکووک له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگایی ئه‌م پارێزگایه‌وه‌، نایاساییه‌. که‌رکووک شارێکی پڕنه‌ته‌وه و پێکه‌وه‌ژیانه‌ و ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌کان و له‌وان کورد، عه‌ره‌ب و تورکه‌مان له‌سه‌ر که‌رکووک بڕیار بده‌ن و له‌ ئێستادا بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌باره‌ی هه‌ڵکردنی ئاڵا و به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم زیاتر سیاسی بوو و قانوونێک له‌سه‌ری نه‌بوو.
کوردپرێس: به‌ بۆچوونی ئێوه‌ هۆکاری په‌سه‌ندکراوه‌کانی لایه‌نی کوردی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌باره‌ی ئاڵا و به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم له‌ ئێستادا چ بوو؟
ئایدین مه‌عرووف: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌م کاته‌دا نه‌ده‌بوا بڕیارێکی وا بدات چوونکه‌ بڕیاردان له‌باره‌ی بابه‌ته‌ ئاماژه‌پێکراوه‌کان پێویستی به‌ کات و ڕێککه‌وتنی ته‌واوی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌کان بوو. که‌رکووک هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و پێویستی به‌ ته‌عامولی جیدی و حه‌ساسی نێوان لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کان هه‌یه. ده‌بێ له‌سه‌ر پرسه‌ جۆراوجۆره‌کان که‌ په‌یوه‌ندی به‌ که‌رکووکه‌وه‌ هه‌یه‌ ئیتیفاق و ڕێککه‌وتن ئه‌نجام بدرێت‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌که‌وێته‌ ژێر کاریگه‌ری و نه‌که‌وێته‌ ژێر پرسیار و نه‌که‌وێته‌ ژێر مه‌شاکیل و گرفته‌وه‌. له‌م کاته‌دا دیاره‌ کێشمه‌کێشم و کێشه‌ی ناوخۆیی کاریگه‌ری له‌سه‌ر که‌رکووک بووه‌ به‌ڵام بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک یه‌کلایه‌نه‌ و فه‌رزی بووه‌ و بڕیاری یه‌کلایه‌نه‌ش هیچ خزمه‌تێک به‌ پێکه‌وه‌ژیانی دانیشتووانی که‌رکووک ناکات.
کوردپرێس: ئێوه‌ وه‌کوو لایه‌نی تورکه‌مانی کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکتان بایکۆت کرد؟
ئایدین مه‌عرووف: براده‌رانی ئێمه‌ له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک کۆبوونه‌وه‌کانی هاوپه‌یوه‌ند به‌ بڕیاردان له‌باره‌ی هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان و ڕیفراندۆمی دیاریکردنی چاره‌ی خۆنووسیان بایکۆت کرد.
کوردپرێس: چ فراکسیۆنگه‌لێک کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکیان بایکۆت کرد؟
ئایدین مه‌عرووف: 9 ئه‌ندام له‌ لیستی تورکمان و 6 ئه‌ندامیش له‌ لیستی عه‌ره‌ب.
کوردپرێس: ڕێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌ گفتوگۆیێک که‌ چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا له‌گه‌ڵ کوردپرێس ئه‌نجامی دا ڕایگه‌یاند زۆربه‌ی تورکه‌مان و عه‌ره‌به‌کانی که‌‌رکووک سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ که‌رکووک له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا هاوڕان. کام یه‌ک له‌ لایه‌نه‌ تورکمانییه‌کانی که‌رکووک سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئاڵا له‌گه‌ڵ لایه‌نی کوردین؟
ئایدین مه‌عرووف: جه‌خت ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ بڕیاری پارێزگای که‌رکووک بۆ په‌سه‌ندکردنی هه‌ڵکرانی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ که‌رکووک، بڕیارێکی تاکلایه‌نه‌ و فه‌رزی و هه‌ڵه‌ بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو تورکمانه‌کان دژی ئه‌م بڕیار بوون چوونکه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتووانی که‌رکووک و له‌ چوارچێوه‌ی پێکه‌وه‌ژیاندا نییه. ئێمه‌ شاهیدی دژایه‌تی لایه‌نی کوردیش له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌ بووین. دژبه‌رانی کوردی ئه‌م بڕیاره‌ ڕایانگه‌یاند که‌ نه‌ده‌بوا ئه‌م بڕیاره‌ له‌م کاته‌دا ده‌ربکرێت چوونکه‌ باش ئه‌زانین که‌ ده‌رکردنی ئه‌م بڕیاره‌ بارودۆخێکی خراپی له‌ که‌رکووکدا دروست کردووه‌. که‌رکووک پارێزگایێکی هه‌ستیار و حه‌ساسه‌ و له‌ بڕیاردان له‌باره‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌شداری بکه‌ن و بارودۆخی تایبه‌تی ئه‌و پارێزگایه‌ش له‌به‌رچاو بگیردرێت. به‌ره‌ی تورکمانی وه‌کوو نوێنه‌ری زۆرینه‌ی تورکمانه‌کانی که‌رکووک که‌ 9 ئه‌ندام،ی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا هه‌یه‌، دژایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ بڕیاری هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان ڕاگه‌یاند و به‌ گشتی زۆربه‌ی تورکمانه‌کان دژی ئه‌م بڕیاره‌ بوون. به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا پێداگریی کورده‌کانمان له‌باره‌ی ئه‌م بڕیاره‌وه‌ بینی که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ره‌نجامێکی باشی نابێت و سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌یه‌ و کاریگه‌ریی خراپ و نه‌رێنی له‌سه‌ر که‌رکووک داده‌نێت. نه‌ته‌وه‌کان له‌ که‌رکووک برای یه‌کن. پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و ئاشتی گرینگایه‌تییێکی زۆری له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. ده‌بێ پرسه‌ ئاماژه‌پێکراوه‌کان له‌ ڕێگای دیالۆگه‌وه‌ حه‌ل بکرێت.
کوردپرێس: لایه‌نی کوردی له‌ که‌رکووک ڕایگه‌یاندووه که‌ به‌ بۆنه‌ی جێبه‌جێ‌نه‌کردنی ماده‌ی 140ی یاسای بنه‌ڕه‌تی بۆ ئاسایی‌بوونه‌وه‌ و سه‌رژمێری و به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفڕاندۆم بۆ وه‌رگرتنی ده‌نگی خه‌ڵکی که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌م ناوچانه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌، کارێکی وای کردووه‌.‌ بۆچوونی ئێوه‌ له‌باره‌ی ئه‌م پاساوه‌ چییه‌؟
ئایدین مه‌عرووف: ماده‌ی 140 ماده‌یێکی کاتی له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تیی عێراقدا بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌ جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌و ماده‌ کاتییه‌ کێشه‌ی که‌رکووک چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام له‌ 2007ه‌وه که‌ ماوه‌ی دیاری‌کراو بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م ماده‌ یاساییه‌ بوو،‌ کۆتایی پێهات. یان ده‌بێ ماده‌یێکی نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ند بکرێت و یان ئه‌وه‌ی که‌ ڕێککه‌وتنێک بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بێته‌دی. له‌لایێکی دیکه‌وه‌، له‌ ئێستادا عێراق بارودۆخێکی شڵه‌ژاو و قه‌یراناوی هه‌یه‌. له‌ ئێستادا عێراق خه‌ریکه‌ له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕ ده‌کات. شه‌ڕ و پێکدادان له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ به‌ تایبه‌‌ت له‌ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کاندا له‌ئارادایه. له‌ که‌رکووک، مووسڵ، ته‌لعه‌فه‌ر و دیکه‌ی ناوچه‌کان ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ئارادایه‌. ئه‌مانه‌ هه‌موو گرفتن و له‌ ئیستادا ئیستیقراری سیاسی له‌ عێراقدا نییه‌ و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به‌ بۆنه‌ی بارودۆخی ئێستادا نه‌یتوانیوه‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ییێکی زۆر له‌ گرفته‌کان به‌ره‌وڕووین که‌ چاره‌سه‌رنه‌کراو ماونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ کێشه‌یێک چاره‌سه‌ر نه‌کرا یه‌کلایه‌نه‌ له‌سه‌ری بڕیار بدرێت. بڕیاردان له‌باره‌ی کێشه‌کان به‌ شێوه‌ی یه‌کلایه‌نه‌ به‌ مانای کۆتایی هێنان‌ به‌ پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و پێشێل‌کردنی مافی دیترانه‌.
کوردپرێس: پڕۆژه‌ی ئێوه‌ وه‌کوو لایه‌نی تورکمانی بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی که‌رکووک چییه‌؟ ئایا خوازیاری کۆنتڕۆڵ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌م پارێزگایه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراقن و یان ئه‌وه‌ی که‌ پڕۆژه‌ی هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆی که‌رکووکتان له‌به‌رده‌ستدایه‌؟
ئایدین مه‌عرووف: ئێمه‌ وه‌کوو تورکمانه‌کان وا داوا ده‌که‌ین که‌ که‌رکووک بکرێت به‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ که‌ به‌ به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ تایبه‌تی کورد و تورکمان و عه‌ره‌ب ئیداره‌ بکرێت و دابه‌ش‌کردنی پۆسته‌کان به‌ شێوه‌یێکی عادڵانه‌ و دادپه‌روه‌رانه‌ ئه‌نجام بدرێت که‌ له‌ ئێستادا تورکمانه‌کان خوازیاری هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆی که‌رکووک هاوشێوه‌ی هه‌رێمی کوردستانن. یانی ئێمه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ین که‌ هه‌رێمی که‌رکووک نه‌ سه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان ببێت نه‌ سه‌ر به‌ به‌غداش یانی هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ به‌ به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌کان و پێکهاته‌کان بێت به‌ شێوه‌یێکی عادلانه‌.
کوردپرێس: له‌ ئێستادا شاهیدی ئاماده‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه له‌ که‌رکووک و کۆنتڕۆڵی ئه‌م پارێزگا و ڕووبه‌رێکی به‌رفراوان له‌ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌لایه‌ن ئه‌م هێزانه‌وه‌ین که‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی هه‌رێمی کوردستاندان.‌ هه‌ڵوێستی ئێوه‌ له‌باره‌ی ئاماده‌بوونی ئه‌م هێزه‌ له‌ که‌رکووکدا چییه‌؟
ئایدین مه‌عرووف: ئێمه‌ سیاسه‌تی ئه‌مری واقیع له‌ که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌ره‌کان به‌ تایبه‌ت هاوپێوه‌ند به‌ ئاماده‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌م ناوچانه‌ و پێدانی ئه‌م مافه‌ به‌خۆ بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌کان به‌ بیانووی کۆنتڕۆڵی ئه‌وان له‌لایه‌ن ئه‌م هێزانه‌ به‌ هه‌ڵه‌ ده‌زانین و کاریگه‌ری له‌سه‌ر بارودۆخی قه‌یراناوی ناوچه‌که‌ دروست ده‌کات. هاتنی داعش مه‌ترسی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر وه‌زعه‌که‌ دروست کردووه‌ به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ دانیشتووانی که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌کان له‌ به‌رانبه‌ر داعشدا پارێزگاری کرد. هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌ورێکی باڵا و گرینگی هه‌بوو له‌ حمایه‌ت‌کردن و پشتیوانی کردنی پێکهاته‌کان له‌ که‌رکووک و له‌ ناوچه‌کانی‌تر.
کوردپرێس: ده‌وترێت به‌ره‌ی تورکمانی خوازیاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له‌ که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌ره‌کانه‌؟
ئایدین مه‌عرووف: نا ئێمه‌ داوامان نه‌کردووه‌ یانی ئێستاکه‌ گه‌لێک له‌ مه‌ترسیدایه‌ و داعش مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌وان دروست کردووه‌. له‌ بارودۆخێکی وا ئه‌م هێزانه‌ به‌پێی ڕێککه‌وتن و ته‌وافوقه‌وه‌ له‌ که‌رکووک و ناوچه‌کانی دیکه‌دان. ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ له‌ نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراقه‌. ڕه‌وانه‌کردن و جێگیربوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ ئاماژه‌پێکراوه‌کان به‌پێی ڕێککه‌وتن و ته‌وافوق بووه‌ و له‌ داهاتووشدا ئاماده‌بوونی ئه‌وان له‌م ناوچانه‌ به‌پێی ڕێککه‌وتنی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق دیاری ده‌کرێت.
کوردپرێس: ئه‌گه‌ر لایه‌نی کوردی به‌ شێوه‌ی یه‌کلایه‌نه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێ‌کردنی په‌سه‌ندکراوه‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک پێداگری بکات، ڕێکاری کۆتایی ئێوه‌ وه‌کوو لایه‌نی تورکمانی بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ چی ده‌بێت؟
ئایدین مه‌عرووف: براده‌رانی ئێمه‌ له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ که‌رکووک و له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا هه‌وڵ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌سه‌ندکراوه‌کانی هاوپه‌یوه‌ند به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی دیاریکردنی چاره‌نووس له‌ که‌رکووک ده‌ده‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاردان له‌باره‌ی ئه‌م پرسانه‌ ده‌بێ له‌ ڕێگای ڕێککه‌وتن و ته‌وافوقه‌وه‌ بێت. تورکمانه‌کان له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ و پرسه‌کان له‌ ڕێگای دیالۆگه‌وه‌ پێداگری ده‌که‌ن.
کوردپرێس: پاش په‌سه‌ندکراوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌باره‌ی هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ که‌رکووک، ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی و وه‌فدێکی یاوه‌ری سه‌ردانی تورکیایان کرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌م وڵاته‌ له‌وان بینالی یێڵدرم سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا دیداری کرد. له‌باره‌ی هۆکاری ئه‌م سه‌فه‌ره‌ له‌ قۆناغی ئێستا و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی بۆمان قسه‌ بکه‌ن؟
ئایدین مه‌عرووف: ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌سه‌ر داواکاری فه‌رمی حکوومه‌تی تورکیا بوو. تورکیا وڵاتێکی به‌هێز و کاریگه‌ر له‌ عێراق و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ و پێوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ عێراق و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌. ئێمه‌ش وه‌کوو پێکهاته‌ و به‌ره‌ی تورکه‌مان نزیکایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌یه‌ و ئه‌و سه‌ردانه‌ش پێوه‌ندی بوو به‌ ئاسایی کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کان و پشتیوانی زیاتری تورکیا له‌ تورکمانه‌کانی عێراق.
کوردپرێس: ڕاپۆرته‌کان باس له‌ سه‌فه‌ری وه‌فدێکی تورکمان بۆ ئێران ده‌کات، ئایا ئه‌م بابه‌ته‌ دروسته‌؟
ئایدین مه‌عرووف: من ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته‌ نیم؛ به‌ڵام به‌ هه‌مان شێوه‌ش ئێران ده‌ورێکی باشی هه‌یه‌ و پێوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه‌ و ده‌بێ له‌ پرس و کێشه‌ گرینگه‌کان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
 
دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی
داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: سروور خدری
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کۆدی بابه‌ت: 71465  |  به‌روار: ۱۳۹۶/۱/۲۱  |  کاتژمێر: 11 : 19

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
پێداگری لە زەرورەتی پەلەکردن لە دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسیی ئیدارەی ناوچە ئازادکراوەکانی عێراق
سەلاحەدین دەمیرتاش قسەی زۆرە بۆ وتن/ ئەو لە دادگەی داهاتووشیدا باس لە شتی گرینگ دەکات
ئەردۆغان پشتیوانی لە داعش و پێڕەوی لە سیاسەتی تیرۆری کوردەکانی هەرێم و سووریا دەکات
60 لە سەدی شاری تەبقا کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای دیموکراتیکی سووریا
پەکەکە هۆکاری تەواو کێشەکانی شەنگالە
بڵاوبوونەوەی وێنەی سەربازانی ئەمریکایی لە پەنای هێزەکانی یەپەگە
یەکێک لە گرینگترین رێگاکان بۆ تۆکمەکردنی ئاسایش و پاراستنی وڵات، بەشداریی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکانە
بەربژێران بەڵێن بدەن کە پشتیوانی لە چینی کەمداهات و لاواز لە یەکەمایەتی دابنێن
3 هەزار و 974 کەسی دیکە له کارمەندانی دەوڵەتیی تورکیا لە سەر کار لابران
قاڵیباف هیچ بەرنامەیێکی بۆ کشانەوە بەقازانجی پاڵێواروەکانی دیکە نییە
رەئیسی، میرسەلم و ڕۆحانی لە کۆمیتەی چاودێری هەڵبژاردن سکاڵایان بەرز کردەوە
ئەگەری بەشداریی پاڵێوراوی کورد لە لیستی ڕیفۆرمخوازانی شۆرای شاری تاران
ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی جەماعەتی گولەن بە لاڕێدا چووە
گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی دانیشتوانی "حەسەناوا"ی سنه له بەردەم شارەوانی
یاری کۆتایی کێبەرکێی گۆڵباڵی نابینایان بە میواندارێتیی بانە بەڕێوەچوو
ئیمکانات