نەخشەرێگا هەشت خاڵییەکەی یەکێتی بڵاو کرایەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نەخشەڕێگەی یەکێتی کە لە رۆژی 13-3-2017 لە دوای سێ‌ کۆبوونەوە لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە پەسەندکرا لە 8 خاڵ پێکهاتووە، و سەبارەت بە پەیوەندیی یەکێتی و پارتی، داوای پێداچوونەوە بەو پەیوەندییانە دەکەنەوە لەسەر بنەمای هاوسەنگی.
 بەپێی هەواڵی کوردپرێس تۆڕی میدیایی رووداو لە هەواڵێکدا نەخشەرێگا هەشت خاڵییەکەی یەکێتیی بەم شێوازەی خوارەوە بڵاو کردۆتەوە:
 بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی قۆناغی ئەمڕۆی کوردستان ‌و پێویستیی گەیشتن بە چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان‌ و بۆ هەنگاونان بەرەو کاراکردنەوەی پرۆسەی سیاسی‌ و دەزگا شەرعییەکان ‌و دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی‌ و کاری هەمەلایەنە بۆ چارەسەرکرنی قەیرانی دارایی‌ و یەکخستنی وزە و توانای هەموو لایەنەکان بۆ بەدی هێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم نەخشە رێگایەی داناوە:
 یەکەم: پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان
1- پەیوەندیی یەکێتی- پارتی، بەپێی ئەرکەکانی قۆناخەکە و لەسەر بنەمای هاوسەنگی ‌و شەراکەتی راستەقینە و سازانی سیاسی، سەراپا پێداچوونەوەی پێویستە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان‌ و پتەوکردنی پەیوەندییەکە.
2- یەکێتی پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکەی 17-5-2016، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دووپات دەکاتەوە.
3- یەکێتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەکانی‌تری کوردستان بە گرنگ‌ و پێویست دەزانێ.
4- قۆناخەکە پێویستی بە رۆڵێکی کاراتری یەکێتییە لەسەر ئاستی عیراق ‌و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی ناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ‌و کێشەکانی نێوان هەرێم ‌و بەغدا. چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، یارمەتیدەرە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسیی کوردستان‌ و یەکخستنی ریزەکانیان.
5- یەکێتی پشتگیریی چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتییانەی مەسەلەی کورد دەکا لە هەموو هەموو کوردستان ‌و ئەوە لەبەرچاو دەگرێت کە هەلومەرجی هەر بەشێکی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
6- رێکخستنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی ‌و بەنیشتمانی‌کردنی پەیوەندییەکان بە جۆرێک کە لەخزمەتی ئاشتەوایی نێوان لایەنەکاندا بێ.
دووەم: دۆخی کوردستان ‌و ناوچەکە و جیهان
بارودۆخی پاش تێکشکاندنی داعش ‌و هەوڵی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە سازان لەگەڵ یەکتریدا و پەرەسەندنی رۆڵی هێزە گەورەکان لە ناوچەکەدا، کاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر رەوشی کورد دەبێ.
ئەمە پێویست بەوە دەکات ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان بکرێت. لە دۆخێکی وادا چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان مەسەلەیەکی چارەنوسسازە، راگرتنی هاوسەنگیش لە پەیوەندییە ئیقلیمییەکاندا زۆر گرنگە، هەروەک پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزە جیهانییە گەورەکان بایەخێکی زۆری هەیە.
سێیەم: کێشەی سێ سەرۆکایەتییەکە
چارەسەرکردنی کێشەی سێ سەرۆکایەتییەکە گرێ کوێرەی کێشەکان دەکاتەوە. یەکێتی دابەش‌کردنی سێ سەرۆکایەتییەکە بەسەر سێ لایەنە سەرەکییەکەدا بەپێی پێگە و قورسایی سیاسی، بە چارەسەرێکی گونجاو دەزانێ، بەڕەچاوکردنی رۆڵ‌ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی‌تر. قۆناخەکە تا هەڵبژاردنی داهاتوو بە قۆناخی گواستنەوە دەژمێردرێ ‌و تێیدا پێویستە لایەنەکان لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان رێکبکەون.
چوارەم: کێشەی ئابووری
کێشەی ئابووری لە هەرێم تەنها گرێدراوی کێشەی نەوت ‌و گاز نییە، بەڵکوو کێشەی سیستەمی دواکەوتووی حوکمڕانییە و خۆی لە نەبوونی پلانی ئابووری‌ و سیستەمی بانکیی پێشکەوتوودا دەبینێتەوە.
دابین‌کردنی ژێرخانێکی ئابوریی تۆکمە بۆ کوردستان‌ و فرەکردنی سەرچاوەکانی داهات، تاقە دەستەبەری دوورمەودایە، نەک تەنها پشت‌بەستن بە بودجەی حکوومەتی ناوەند و داهاتی هەناردەکانی نەوت‌ و گاز. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئەم هەنگاوانە پێویستن:
1- دانانی پلانێکی ستراتیجی بۆ ئابوریی هەرێم لەسەر ئاستی کورت مەودا و مامناوەند و مەودا درێژ بە پشتبەستن بە ئامار و زانیاری بۆ پەیکەربەندکردنەوەی حکوومەت‌ و دامەزراوەکانی بەپێی ئەو ئامانجانەی کە قۆناخەکە دەیانخوازێت.
2- دەرکردنی یاسای کێبڕکێ ‌و نەهێشتنی قۆرخکاری.
3- گرنگیدان بە کەرتەکانی پیشەسازی ‌و کشتوکاڵ ‌و گەشتیاری لە رێی هاندانی کەرتی تایبەت ‌و دابین‌کردنی ئاسانکارییێکی ئیداری ‌و دارایی زۆرتر بۆی.
پێنجەم: مەسەلەی نەوت‌ و گاز و بە شەفاف‌کردنی
بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە بواری نەوت ‌و گازدا، ئەم هانگاوانە پێویستن:
 
1- پێکهێنانی لیژنەیێک لە پەرلەمانی کوردستان دوای کاراکردنەوەی، بۆ وردبینی لە داهاتی نەوت ‌و گاز و پێداچوونەوەی گرێبەستەکان‌ و راگەیاندنی ئەنجامی وردبینییەکە بەشێوەیێکی شەفاف.
2- جێبەجێکردنی هەموو ماددە و بڕگەکانی یاسای ژمارە 22 ی ساڵی 2007 ی نەوت‌ و گاز و یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 2015 ی سندووقی داهاتەکانی نەوت ‌و گاز.
3- رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر یاسای نەوت‌ و گاز کە تێیدا بەرژەوەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان‌ و پارێزگا نەوت بەرهەمهێنەرەکانی عیراق دەستەبەر بکرێن.
4- زیادکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت‌ و گازی هەرێمی کوردستان.
5- ئەنجامدانی گرێبەستەکانی نەوت ‌و گاز بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی رێ لەو کێشە یاساییانە بگیرێ کە دەشێ زیانی دارایی گەورە لە هەرێم بدەن.
6- وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تەنها ئەرکی سەرپەرشتی کردن ‌و ئاڕاستەکردنی کۆمپانیا گشتییەکانی نەوت ‌و گازی لەسەر شان بێ، ئەرکی بەرهەمهێنان‌و پاڵاوتن‌ و فرۆشتن بەو کۆمپانیا گشتییانە بسپێردرێ.
7- هاوکاری‌کردنی رێکخراوی دەستپێشخەریی شەفافیەتی پیشەسازییە دەرهێنراوەکان بۆ شەفاف‌کردنی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت‌ و گازی هەرێم ‌و کاراکردن بۆ بوونی هەرێم بە ئەندام لەو رێکخراوە.
شەشەم: کێشەی مووچەو گوزەرانی خەڵک
قەیرانی دارایی کاریگەریی زۆری لەسەر مووچەخۆران داناوەو ژیانی شێواندون. بۆیە هەتا قەیرانی دارایی ‌و نرخی نەوت ئاسایی دەبێتەوە، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پێویستن:
1- کردنەوەی حیسابی بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەرێک بزانێ چەندی بۆ پاشەکەوت کراوە و تاکوو لەوەش دڵنیا بێ کە هیچی لێ نافەوتێ.
2- پێداچوونەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە بەجۆرێک کە هەنگاو بەهەنگاو پاشەکەوتی مووچە هەڵبگیرێ.
3- هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی بەمەبەستی دەستەبەرکردنی دادپەروەری لەنێوان خانەنشیناندا.
4- کاراکردنەوەی دەستەی چاودێریی دارایی بۆ ئەوەی باشتر بتوانێ ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
حەوتەم: ئەنجامدانی چاکسازی
پرۆسەی چاکسازی پێویستی بەم هەنگاوانەیە:
1- ئامادەکردنی پرۆژەیێکی گشتگیری پاک‌کردنەوەی دام و دەزگاکانی حکومەت لە گەندەڵی، مشەخۆری، بیروکراسی ‌و هەنگاونان بەرەو پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای نوێ، بەپێی یاسا.
 
2- دوورخستنەوەی هەژموونیی حیزب ‌و کاربەدەستانی حکوومەت ‌و حیزبەکان لەسەر بازاڕ و کارئاسانیی زۆرتر بۆ سەرمایەی بێگانە و سەرمایەگوزاری. هەروا پاراستنی مافی بەکارهێن ‌و بەرهەمهێن.
3- کاراکردنی دەسەڵاتی دادوەری ‌و دوورخستنەوەی لە دەستێوەردانی حیزبی ‌و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی کارکردنی وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بۆ ئەوەی بتوانێ ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
 
4- پەیکەری وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی شۆرای هەرێم، داڕێژرێتەوە و تەواوی جومگەکانیان وردتر ساغ‌کرێنەوە و سەربەخۆیی تەواوی دامەزراوەکانی دادگا بچەسپێنرێ.
5- هەموارکردنەوەی یاسای داواکاریی گشتی، بەجۆرێک کە ببێتە هۆی بەرجەستەکردنی سەربەخۆیی دامەزراوەی داواکاریی گشتی ‌و جیاکردنەوەی لە وەزارەتی داد.
6- پێداچوونەوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان ‌و زیادکردنی دەسەڵاتەکانیان بۆ باشتر رایی‌کردنی کاروباریان.
7- دانانی بەرنامەیێک بۆ کاراکردنی کەرتی تایبەت بەمەبەستی چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکانی بازاڕ و داهات ‌و مووچە.
8- هێزی پێشمەرگەی کوردستان‌ و هێزەکانی ئاسایش ‌و پۆلیس، پۆشتەتر بکرێن ‌و پێداچوونەوە بە موووچەکانیاندا بکرێت بەمەبەستی چاک‌کردنی گوزەرانیان ‌و دەستەبەرکردنی ژیانی کەسوکاری شەهیدان ‌و چارەسەرکردنی برینداران.
9- هاندانی دەزگا بەرپرسەکان بۆ زیاتر بایەخدان بە ژینگە و رێکخستنی کاروباری ژینگەپارێزی بەپێی یاسا.
10- رێکخستنی پەیوەندیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی‌و کارەبا بەجۆرێک کە ئەم دوو وەزارەتە بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بەشێوەیێکی ئەکتیڤتر جێبەجێ بکەن.
11- ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەکان لە وادە دیاری‌کراوەکانی خۆیاندا و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
12- پێکهێنانی حکوومەتە خۆجێییەکان بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
13- مامەڵەکردن لەگەڵ میدیاکان وەک دەسەڵاتی چوارەم بەپێی گیانی سەردەم ‌و لە چوارچێوەی ئیتیک‌ و یاسا پەیڕەوکراوەکاندا و رێگرتن لە پێشێل‌کردنی ئازادییەکان ‌و کارکردن‌، بۆ راست‌کردنەوەی دیاردە نەشیاوەکانی شێوەی کارکردنی میدیاکان.
هەشتەم: ناوچە دابڕێنراوەکان‌و پرسی سەربەخۆیی
1- کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانییە. حکوومەتی فیدرال کەمتەرخەمیی لە جێبەجێ‌کردنی ماددەی 140 دا کردووە، بەمەش دەستووری پێشێل‌کردووە. بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم مەسەلەیە و کۆتایی‌هێنان بەم پێشێل‌کردنەی دەستوور، یەکێتی کاراکردنەوەی ماددەی 140 بەپێویست دەزانێ.
2- سەربەخۆیی مافێکی دیموکراتییانە و رەوای گەلی کوردستانە. یەکێتی پشتگیریی ئەنجامدانی راپرسی لەسەر سەربەخۆیی دەکات‌ و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێ راپرسییەکە ناوچە دابڕێنراوەکانیش بگرێتەوه.
 
کۆدی هەواڵنێر: 60101

کۆدی بابه‌ت: 70567  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۲/۲۷  |  کاتژمێر: 18 : 42

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی دوو بۆمبی ده‌ستکرد له‌لایه‌ن PKKه‌وه‌ دوو هێزی سوپای تورکیا بریندار بوون
کوردەکان بەرندەی گەمەی ئاڵوگۆڕی عێراق و سووریان
گۆڕان دوای نه‌وشیروان مسته‌فا/ هادی محه‌مه‌د‌ی‌فه‌ر
تیمی پینگ پۆنگی ئێران به‌ سه‌رڕاهێنه‌ری کوردستانی سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی وه‌ده‌ستهێنا
مردنی شوفێری موتورێک بە هۆی بەلارێدا چوون
ئەزموونەکانی هەڵبژادرن/ عەلی موتەهەری
وه‌ڵامی ئێران بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ بۆری له‌و وڵاته‌وه‌ ئیجابی بوو
تا ئێستا کۆمیته‌ى ئاماده‌کارى بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم پێکنه‌هێنراوه‌
شوێنی ئه‌و چه‌کانه‌ی ئه‌مریکا که‌ بۆ به‌غدا و کورده‌کان نێردراون دیار نییه‌
ڕووسیا و تورکیا گه‌مارۆوه‌ ئابووری و بازرگانییه‌کانی نێوانیان هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌
لایه‌نه‌کان نوێنه‌ریان بۆ کۆمیته‌ی ڕیفراندۆم دیاری نه‌کردووه‌
ئەسید پژاندن بە دەموچاوی پاڵێوراوی شاری ورمێ رەت کرایەوە
دەوڵەتی رۆحانی پابەندی بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە کوردستان ببێت/ رۆحانی باشترین بژادرە لە دوو هەڵبژاردنی رابرددوودا بووە
تانسۆ چیلله‌ر، سه‌رۆک‌وه‌زیرانی پێشووی تورکیا بانگهێشتی دادگا کرا
وشۆکارانی ئیلامی له‌ ڕکابه‌رییه‌کانی یه‌کده‌نگیی وڵاتانی ئیسلامی 2 میداڵیای زێڕیان وه‌ده‌ستهێنا
ئیمکانات