شوان رابه‌ر بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێس:
پارتی تاکه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌رێم و تاکه‌ چاره‌ لای پارتیه / هه‌موو کێشه‌کانیان به‌ کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ گرێ داوه‌
به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان – شوان ڕابه‌ر سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانی ئێستای هه‌رێمی کوردستان، وتی: «تا ئێستا سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم کێشه‌کانی ئێستای هه‌رێمی چاره‌سه‌ر نه‌کردوون. هه‌موو کێشه‌کانیان به‌ کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ند و گرێ داوه‌ خۆیان له‌ چاره‌سه‌رکردنێکی داواکراوی شایسته‌ و پێویست کڕ و بێده‌نگ کردوووه‌، چاوه‌ڕێى چاره‌سه‌ریشی لێناکرێ. به‌ڵکوو کێشه‌ی تر زیاد ده‌بن، ئه‌گه‌ر بۆشیان بکرێ زیاتر درێژه‌ به‌ داب و نه‌ریتی خۆیان ده‌ده‌ن و لایه‌نه‌کان په‌راوێز ده‌خه‌ن و ده‌سه‌ڵات قۆرختر ده‌که‌ن.»

کوردپرێس: مامۆستا شوان رابه‌ر  بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌م گفتوگۆیه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆڵ و کاریگه‌ریی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ قه‌یرانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌کاته‌وه‌ و هاوکات پێ وایه:‌ «پارتی ده‌یه‌وێ بەدیلی کۆمه‌ڵ و گۆڕان ئه‌وسا یه‌کگرتوو به‌ یه‌کێتی یا به‌ کۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو حزبه‌کان و پێکهاته‌کانی تر دروست بکات، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت و ژماره‌ بۆ خۆی زیاد بکات ده‌نا له‌ ئه‌سڵدا کێشه‌که‌ له‌ نێوان پێنج لایه‌نه‌که‌یه‌ چاره‌سه‌ریش لای ئه‌وانه نه‌ک لاى هه‌موو حزبه‌کان، ‌ حزبه‌کانى تر کێشه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م شتانه‌ له‌گه‌ڵ پارتى نیه‌.»

ده‌قی گفتوگۆی شوان ڕابه‌ر له‌گه‌ڵ کوردپرێس:

کوردپرێس: قه‌یرانێکی قووڵی سیاسی و ئابووری به‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی گرتۆته‌وه‌، ئه‌م دۆخه‌ ئه‌نجامی چی بوو؟

شوان ڕابه‌ر: بێ گومان ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووی سیاسی و یاسایی و ئابووری و جڤاکییەوە، کۆمه‌ڵێک لێکه‌وته‌ی خراپی به‌رپا و به‌رجسته‌ کردوون.‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ هاته‌ئاراوه‌ که‌ کاتی سه‌رۆکی هه‌رێمى کوردستان به‌ یاسا ته‌واو بوو، پێویست بوو په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان باسی ئه‌و یاسایه‌ بکات، کاتێک په‌رله‌مان باسی له‌و یاسایه‌ کرد، کاردانه‌وه‌ی بوو لەلایه‌ن پارتییه‌وه‌. ئه‌وه‌ بوو سه‌رۆکی په‌رله‌مان له‌ هه‌ولێر یاساغ و قه‌ده‌غه‌ کرا، وه‌زیره‌کانی گۆڕان له‌ کار لادران و کێشه‌یه‌کی زۆر له‌ کوردستان دروست بوو، بووه‌ مایه‌ی لێکترازانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ په‌رله‌مانییه‌کان و به‌رپابوونی قه‌یرانی ئابووری و سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و زۆر شتی تر له‌ ئه‌نجامی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه.‌
 
کوردپرێس: مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم چ ده‌ورێکی له‌ قه‌یرانه‌کانی ئێستای هه‌رێم بینیوه‌؟
شوان ڕابه‌ر: وه‌ک باسم کرد وه‌کوو ده‌ستپێک کێشه‌کانی ئێستای هه‌رێمی کوردستان له‌ ئه‌نجامی ده‌ستبردن بۆ یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بوون، له‌ به‌رانبه‌ریشدا تا ئێستا سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم کێشه‌کانی ئێستای هه‌رێمی چاره‌سه‌ر نه‌کردوون. هه‌موو کێشه‌کانیان به‌ کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ند و گرێ داوه‌ خۆیان له‌ چاره‌سه‌رکردنێکی داواکراوی شایسته‌ و پێویست کڕ و بێده‌نگ کردوووه‌، چاوه‌ڕێى چاره‌سه‌ریشی لێناکرێ. به‌ڵکوو کێشه‌ی تر زیاد ده‌بن، ئه‌گه‌ر بۆشیان بکرێ زیاتر درێژه‌ به‌ داب و نه‌ریتی خۆیان ده‌ده‌ن و لایه‌نه‌کان په‌راوێز ده‌خه‌ن و ده‌سه‌ڵات قۆرختر ده‌که‌ن.
 
کوردپرێس: کۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕێگای ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ قه‌یراناویه‌ی هه‌رێم به‌ چی ده‌زانێ؟
شوان ڕابه‌ر: ڕێگای ده‌ربازبوون و تاکه‌ چاره‌ لای پارتیه‌، پارتی تاکه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌رێم، ئه‌و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی لاداوه‌، په‌رله‌مان به‌هۆى ئه‌و له‌کارکه‌وتووه،‌ ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ت له‌ده‌ست ئه‌وانه‌. ئه‌وان ده‌توانن بارودۆخی نێوخۆی لایه‌نه‌کان چاک بکه‌نه‌وه‌، په‌رله‌مان کارا بکه‌نه‌وه‌. گۆڕانکاری و چاکسازیی گرینگ و ڕیشه‌یی له‌ حکوومه‌ت و له‌ ده‌سه‌ڵات و له‌ به‌ڕێوه‌بردن و له‌ بژێوی ژیانی خه‌ڵکدا بکه‌ن، بۆیه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ پارتی هه‌رچی زووه‌ ئه‌م شاکارانه‌ بکات که‌ باسم کرد. ده‌توانێ بیکات. ئه‌وه‌ش به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر تێگه‌یشتن و به‌رژه‌وه‌ندی حکوومه‌ت و شه‌خسی خۆیان ئه‌م کاره‌ ناکه‌ن. دروشمه‌کانیان جێبه‌جێ ناکه‌ن به‌ڵکوو له‌ به‌رانبه‌ردا درێژه‌ به‌م بارودۆخه‌ ناهةمواره‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ سه‌پاوه‌ ده‌ده‌ن.
 
کوردپرێس: مه‌سعوود بارزانی له‌ دوایین لێدوانیدا باسی له‌ کۆتایی هاتنی کۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی کرد، هه‌ڵسه‌نگاندنتان بۆ ئه‌م وتانه‌ چییه‌؟
شوان ڕابه‌ر: ڕاسته‌ پارتی ده‌ڵێت کۆبوونه‌وه‌ی 5 قۆڵی کۆتایی هاتووه،‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، له‌ واقێعدا ناخوا، سه‌ر ناگرێ، ناکرێ لایه‌نه‌کانی تر په‌راوێز بخرێن. ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ڕێکبکه‌ون وه‌کوو ساڵى نه‌وه‌ده‌کان دیسان ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم قورخ بکه‌نه‌وه‌. له‌وه‌ش پارتی زیاتر قازانج ده‌کات، یه‌کێتی زیاتر زه‌ره‌ر ده‌کات، یه‌کێتى کێشه‌ی له‌ناوخۆ بۆ دروست ده‌بێ، متمانه‌ى‌ جه‌ماوه‌ری له‌ده‌ست ده‌دا. کێشه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان بۆ دروست ده‌بێ، حکوومه‌تی به‌غدا و ئێران له‌ هه‌موو شت ڕێگا به‌ یه‌کێتی ناده‌ن. یه‌کێتی کێشه‌ی له‌ ناوخۆ هه‌یه‌، یه‌کڕا و یەک‌ سه‌رکرده‌ و یه‌ک ناوه‌ند و بڕیار نییه‌، پارتی ئه‌م کێشانه‌ی نییه‌. پارتی ده‌یه‌وێ بەدیلی کۆمه‌ڵ و گۆڕان ئه‌وسا یه‌کگرتوو به‌ یه‌کێتی یا به‌ کۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو حزبه‌کان و پێکهاته‌کانی تر دروست بکات، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت و ژماره‌ بۆ خۆی زیاد بکات ده‌نا له‌ ئه‌سڵدا کێشه‌که‌ له‌ نێوان پێنج لایه‌نه‌که‌یه‌ چاره‌سه‌ریش لای ئه‌وانه نه‌ک لاى هه‌موو حزبه‌کان، ‌ حزبه‌کانى تر کێشه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م شتانه‌ له‌گه‌ڵ پارتى نیه‌.
 
کوردپرێس: له‌ ئێستادا نێزیکبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ نێوان یه‌کێتی و پارتی ده‌بینرێت و باس له‌وه‌ ده‌کرێت هاوپه‌یمانی ستراتیژی نوێ ده‌که‌نه‌وه‌ و حکوومه‌تی هاوبه‌ش پێک دێنن، ئه‌م نێزیک بوونه‌وه‌یه‌ له‌م قۆناغه‌دا چ واتایه‌کی هه‌یه‌؟
شوان ڕابه‌ر: به‌ڵێ هه‌وڵێک له‌ ئارادایه‌ یه‌کێتی و پارتی کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر لێک نزیک ببنه‌وه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ڕێککه‌وتنى ستراتیژى بکه‌ن، وه‌لێ وه‌ک له‌ خاڵی چواردا باسم کرد ئه‌وه‌ زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتییه‌. کێشه‌ بۆ یه‌کێتی دروست ده‌بێ، زه‌حمه‌ته‌ سه‌ر بگرێ، ناشتوانن لایه‌نه‌کانی تر په‌راوێز بکه‌ن، له‌وه‌دا جه‌ماوه‌ر و چه‌ندان لایه‌ن دژیان ده‌وه‌ستنه‌وه‌، زه‌ره‌ر ده‌که‌ن.
 
کوردپرێس: به‌م بارودۆخه‌ی ئێستاوه‌‌ واتا نێزیکبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی و ئه‌گه‌ری گۆڕینی هاوکێشه‌کان، کۆمه‌ڵی ئیسلامی خۆی له‌ کوێی بازنه‌ی گۆڕانکارییه‌کاندا ده‌بینێته‌وه‌؟
شوان ڕابه‌ر: گوتم زه‌حمه‌ته‌ ئه‌وه‌ ببێ، ئه‌گه‌ر بشبێ ته‌نها له‌ دژی کۆمه‌ڵ نییه‌، به‌ڵکوو له‌وانه‌یه‌ لای پارتی کۆمه‌ڵ و گۆڕان وه‌کوو یه‌ک بن، ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵ و گۆڕان پێکه‌وه‌ ئاوت  بکرێن، جه‌ماوه‌ر زیاتر پاڵپشتیان ده‌کات، ده‌سه‌ڵات زیادتر زه‌ره‌ر ده‌کات، موعارزه‌یان بۆ دروست ده‌بێ، له‌وانه‌یه‌ یه‌کگرتووش بگرێته‌وه.‌ ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵیش به‌ ته‌نیا په‌راوێز بکه‌ن، کۆمه‌ڵ له‌سه‌ر حه‌ق، له‌سه‌ر به‌رگری کردن له‌ خه‌ڵک، له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ جوامێر و‌ شاکاره‌کانی بێ نیازه‌، کۆمه‌ڵ خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێکی زۆر و سه‌نگی خۆیه‌تی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ ئاوت و ناشیرینی بکه‌ن، لێیبده‌ن، خوازیارین ململانێ له‌نێوان حزبه‌کاندا نه‌بێ، ئه‌مجار ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کێتی به‌ر له‌ کۆمه‌ڵ و گۆڕان و یه‌کگرتوو بگرن، ئه‌وه‌ هه‌ر زه‌ره‌ر ده‌که‌ن وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پڕۆژه‌ی کارى هاوبه‌شى ئیسلامی له‌ کوردستان له‌ ئارادایه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ زۆر شت هاوهه‌ڵوێست و هه‌ماهه‌نگ بن، له‌و شتانه‌ به‌رگریی له‌ یه‌کتر بکه‌ن، ڕێگه‌نه‌ده‌ن سته‌م له‌ یه‌کیان بکرێ ئه‌وی دیکه‌ش بێده‌نگ بێت.
 
کوردپرێس: هه‌وڵه‌کان بۆ پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی ئیسلامی به‌ کوێ گه‌یشت، بۆچی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کان تا ئێستای له‌گه‌ڵ بێت نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ کۆده‌نگییه‌ک؟
شوان ڕابه‌ر: هه‌وڵه‌کانی پڕۆژه‌ی کارى هاوبه‌شى ئیسلامی له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وامن، هه‌نگاوی باشمان له‌م باره‌یه‌وه‌ ناوه‌، شاکاری باشمان کردوون، به‌نیازین شاکاری باشتریش بکه‌ین، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووی بانگه‌واز و په‌ر‌وه‌رده‌ و گوتار و هاوهه‌ڵوێستی و پرسه‌ سیاسییه‌کان و هتد، هاوکار و هاوهه‌ڵوێست بین، مه‌علووم ئه‌گه‌ر هه‌مووشی نه‌که‌ین، زۆر شت ده‌که‌ین، له‌و شتانه‌ی باسمان کردن، وه‌لێ ئه‌وه‌ش کات و سات و ده‌رفه‌ت، رِێککار و بناغه‌ی خۆى ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ساسێکی چاکی بۆ دابڕێژین، بۆ ئه‌وه‌ی ساختمانێکی باشی له‌سه‌ر هه‌ڵێنین، بۆ ئه‌وه‌ى ئاینده‌یه‌کى گه‌شى ببێت و له‌ نیوه‌ى ڕێگه‌گه‌لێک جیانه‌بینه‌وه‌. ئه‌وه‌ش هیوا و ئاواتی هه‌مووانه‌، جێى ڕه‌زامه‌ندی خوا و پاشانیش دڵخۆشی موسڵمانانه‌. کۆمه‌ڵ وه‌کوو خۆی به‌ ڕێکار و پێوه‌ری خۆی هەر له‌ هه‌نگاوێکەوە تا یه‌کگرتن ئاماده‌یه‌.
 
کوردپرێس: ئه‌گه‌ری هاتنه‌ ئارای به‌ره‌یه‌کی ئیسلامی له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێستادا چه‌ند به‌هێزه‌ و له‌ ئه‌گه‌رێکی وادا چی له‌ هاوسه‌نگیی هێز له‌ هه‌رێم ده‌گۆڕدرێت؟
شوان ڕابه‌ر: ئێمه‌ هه‌ر هه‌نگاو و شێوازێکی کارکردن‌ له‌ نێوان ئیسلامییه‌کان به‌ ڕاوێژ و لێکۆڵینه‌وه‌ و ڕێککه‌وتن ده‌که‌ین له‌ نێوان خۆمان، چ  شتێک له‌ خزمه‌ت ئیسلام و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان بێت ده‌یکه‌ین، پڕۆژه‌که‌ی ئێمه‌ له‌ دژی که‌س نییه‌، به‌ پاڵنه‌ری که‌س نییه‌. به‌ ته‌ئکید ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان به‌ره‌یه‌ک پێکبێنن ڕۆڵ و کاریگه‌ر و قورسایی خۆی ده‌بێ، هاوکێشه‌ ده‌بێ، وه‌لێ نامانه‌وێ ببینه‌ سه‌رئێشه‌، به‌خراپی هاوکێشه‌ بگۆڕین هه‌ر هه‌نگاوێک له‌ نێوان ئیسلامییه‌کان به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک ڕۆڵ و کاریگه‌ری خۆی ده‌بێ، ئه‌گه‌ر نه‌ش بینه‌ یه‌ک حزب.
 
کوردپرێس: محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ڕایگه‌یاند که‌ پێنج پارته‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی هه‌رێم و له‌ ناویاندا پارته‌ ئیسلامییه‌کان شه‌ریکه‌ به‌شی داهاتی نه‌وت و دیکه‌ی داهاته‌کانن، ئایا ئێوه‌ له‌ داهاتی نه‌وت به‌شتان هه‌یه‌ یان له‌ دۆسیه‌ی نه‌وتدا ده‌ورێک ده‌بێنن؟
شوان ڕابه‌ر: نه‌خێر کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان له‌ نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان خاوه‌ن هیچ پشک و به‌ش نییه‌، ته‌نها بودجه‌ی له‌ حکوومه‌تی هه‌رێم بووه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌کانى ئێستاى بڕاوه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ کۆمه‌ڵ و گۆڕان و یه‌کگرتوو ڕه‌ددیانی دایه‌وه‌، به‌تایبه‌ت کۆمه‌ڵ. قسه‌یه‌کی سیاسی بێ بنه‌مایه‌ و بێ به‌ڵگه‌یه‌ تا گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی سکاڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵ بێ منه‌ته‌ کێ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی هه‌یه‌ با بیخاته‌ ڕوو، دادگا هه‌یه‌ با ئه‌وسا دادگا ئیجرائات خۆى بکا و جه‌ره‌یانی خۆی وه‌ربگرێ.
ئه‌م قسه‌یه‌مان زۆر پێ سه‌یره‌، بۆ لەم کاته‌ و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌کرێ، پێشتر ئێمه‌ پێکه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن بووین، له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات گۆیا و هاوهه‌ڵوێست بووین، ئه‌ویش له‌ده‌سه‌ڵاتى ده‌خوێند، هه‌ق وانییه‌ به‌م شێوه‌یه بێ، به‌ قسه‌یه‌کی سیاسی بێ به‌ڵگه‌ و ئامانجدار نێوانی چه‌ند لایه‌نێک تێکبدرێ.
به‌ هه‌ر حاڵ کۆمه‌ڵ له‌وه‌ پاک و بێبه‌شه‌، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم بودجه‌ و مافی خۆشى هه‌قی خۆی به‌ کۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌داوه‌، ئێستا بودجه‌شی بڕیوه‌، چ جاى پشکی له‌ نه‌وت هه‌بێت، خێر و بێری نه‌وت، زۆر تایبه‌ته‌ به‌ به‌ر هه‌موو حزبان ناکه‌وێ. له‌ نێو حزبه‌کانیش به‌ به‌ر هه‌موو که‌سێک ناکه‌وێت، تایبه‌ته‌ بە چه‌ند که‌سێکی ده‌سه‌ڵاتداری گه‌وره‌ی هه‌رێم، له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری نه‌وتیش به‌ده‌ره‌.
 
کوردپرێس: پێتان وایه‌ سکرتێری سۆسیاڵ دیموکرات له‌ ئێستادا بۆچی ئه‌م لێدوانه‌ی‌دا؟
شوان ڕابه‌ر: بێگومان کاک محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود وێڕای ئه‌وه‌ی خۆی که‌سێکی شۆڕشگێڕ و ماندووه‌‌، خاوه‌نی ‌ڕێزه‌، وه‌لێ ئه‌ویش سیاسه‌ت ده‌کا، حسابی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌کات، ئێستا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به‌گشتی، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ پارتی خۆش و به‌هێزه، له‌وانه‌یه‌ له‌و پێناوه‌دا ئه‌م قسه‌یه‌ی کردبێ،  به‌بێ به‌ڵگه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی کردووه، وه‌لێ پێویسته‌ په‌شیمان بێته‌وه ‌ باشتره‌، باجی که‌متره‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌سڵ و نه‌ساسی نیه‌، له‌وانه‌یه‌ کاریگه‌ری سه‌لبى له‌ که‌سایه‌تی بکات، پاڵپشتی جه‌ماوه‌ری له‌ ده‌ست بدات، زۆر خه‌ڵک ده‌ڵێن له‌ به‌ر خاتری پارتی و به‌رژه‌وه‌ندی خۆى ئه‌م قسه‌یه‌ی کردووه‌، به‌ هه‌ر حاڵ ده‌کرێ چاک بکرێته‌وه‌، په‌یوه‌ندی نێوانمان بپارێزین، ناکرێ هه‌ر قسه‌یه‌ک کرا و نێوان چه‌ند لایه‌نێک تێکچێ، به‌س شتی هه‌ڵبه‌ستراو و بێ به‌ڵگه‌ش ناخۆش و زامدارکه‌ره. شتی وا له‌ کوردستان زۆر له‌ دژی یه‌کتر کراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دادگا وه‌کوو پێویست کارا و سه‌ربه‌خۆ نیه‌ زوو هه‌قیقه‌ته‌کان یه‌کلا نابنه‌وه‌.
 
کوردپرێس: چاره‌سه‌ریی پرسی داخرانی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ چیدا ده‌بینن؟
شوان ڕابه‌ر: به کورتی تاکه‌ چاره‌سه‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ى په‌رله‌مان کارکردنه‌وه‌یه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هۆی پێکهێنانه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، په‌رله‌مانیش کێشه‌ یاساییه‌کان چاره‌سه‌ر بکات، حکوومه‌تیش کێشه‌ ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چاره‌سه‌ر بکات.
 
کوردپرێس: نرخاندنتان بۆ ئاسۆی بیرۆکه‌ی توندڕه‌وی ئیسلامی له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ قۆناغی پاش داعش چییه‌؟
شوان ڕابه‌ر: پێم وایه‌ شه‌ڕ و ململانێ و کێشه‌ و توندڕه‌وی و داعش له‌ ناوچه‌که‌ به‌ هه‌وه‌نته‌ کۆتایی نایە، داعشیش کۆتایی بێ له‌ جێی داعش شتێکی‌تر له‌دایک ده‌بێ، ئه‌و شه‌ڕ و شۆڕ و کوشتار و توندوتێژیه‌ی له‌ ناوچه‌که‌ هه‌یه‌، پیلانه‌ له‌ دژی ناوچه‌که‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ناوچه‌ و خه‌ڵکی سوننه‌، توندوتیژی هه‌ر داعش یا حزبێکی ئیسلامی یا ‌ بەناوی ئیسلامی نیه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕ و کوشتار هه‌بێ، شه‌ڕ و کوشتار و توندوتیژیش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ، ناوچه‌که‌ له‌ سایه‌ی فه‌رمانڕه‌وای خراپ و سته‌مکار و دیکتاتۆری نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆیی و ناوچه‌یی به‌ره‌و بارودۆخێکی زۆر لێڵ و شوم و نادیار و خراپ ده‌ڕوا، چاک بوونی به‌و نیه‌ت و ئیداره‌یە زۆر زه‌حمه‌ت و ئه‌سته‌مه‌.  بۆیه‌ داعشیش نه‌مێنێ شه‌ڕ و شۆڕ و کێشه‌ و ئاڵۆزی هه‌ر ده‌مێنێ و درێژه‌ به‌ پیلانه‌که‌یان ده‌ده‌ن.
 
کوردپرێس: ده‌وری پارته‌ ئیسلامییه‌کان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی تۆندڕه‌وی له‌ هه‌رێمی کوردستان تا ئێستا چۆن بووه‌؟
شوان ڕابه‌ر: لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان هه‌ر یه‌که‌ و به‌ ئه‌ندازه‌ی خۆی به‌پێی توانا ڕۆڵیان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و چاره‌سه‌رکردنی توندوتیژی بووه‌، ئەوەش له‌ ڕێی نووسین و وتار و ڕاگه‌یاندن و شێوازه‌کانی کارکردن یانه‌وه‌ بووه‌، خه‌ڵکیان له‌وه‌ بێدار کردۆته‌وه‌، خه‌ڵکیان باش ئاراسته‌ و په‌روه‌رده‌ و ڕاسته‌ڕێ کردووه‌، وه‌لێ له‌ به‌ر ئەوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بوونه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یان له‌ده‌ست هاتووه‌. له‌وانه‌یه‌ وه‌کوو پێویست  هه‌قی خۆشیان به‌ مه‌سه‌له‌که‌ نه‌دابێ، وه‌لێ ئه‌وه‌نده‌یان بۆ کراوه‌، که‌سێکیش ده‌ڵێ ئیسلامییه‌کان ڕۆڵیان نه‌بووه‌، له‌وانه‌یه‌ بیه‌وێ ناوزڕاویان بکات ده‌نا وانیه‌، وه‌لێ پێویسته‌ له‌ داهاتوودا زۆر دژی توندوتیژی بن، رۆڵى زیاتر بگێڕن ، چونکه‌ ئیسلام به‌رنامه‌ی ژیانه‌، ڕه‌حمه‌ته‌ دژی توندوتیژییه ، ئینسانی له‌ لا زۆر به‌ڕێزه ، گرنگی زۆر به‌ ئاشتی و به‌ خۆشی و به‌ پێکه‌وه‌ژیان ده‌دات .
 
دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60110

کۆدی بابه‌ت: 69508  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۲/۵  |  کاتژمێر: 12 : 43

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
بڵاوبوونەوەی وێنەی سەربازانی ڕووسیا لە گەڵ هێزەکانی یەپەگە
ژێنێڤی ٥ چالاکییەکانی دەست پێ‌کرد/ دیمستۆرا ئەوڕۆ لە ئەنقەرەوە دەگاتەوە ژێنێڤ
هیوای سەربەخۆیی کورد و کێشه له سەر ناوچه نەوتییەکان
سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین شکستی هێناوە
ڕکابەریی شاراوەی پارتی و یەکێتی بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان
هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک مافی ڕەوای کوردە
سەربازانی ئەمریکایی رێگای ویشکایی ڕەقە – حەلەب‌یان کۆنتڕۆڵ کرد
بۆردومانکرانی ناوچەی عەفرین لە لایەن تۆپخانەی سوپای تورکیاوە
ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە
تورکیا گەمارۆ دراوه / پەیەده به پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژئاوا به هیوای دەوڵەتی کوردستانه
پێداگریی پنتاگۆن بۆ‌ مانه‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌یی هێزه‌کانیان له‌ عێراق
تورکیا و UN بۆیان نییە دەست لە کاروباری ناوخۆیی کەرکووک وەردەن
هۆشداری نوێنەری بۆکان بە کەناڵی دووی ئێران بە ئاکام گەیشت/ پەخشی بەرنامەکە ڕاگیرا
هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک پێوەندی بە تورکیاوە نییە
عەبادی ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد
ئیمکانات