محه‌مه‌د عه‌لی یاسین وته‌بێژی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێس:
یوسف محه‌مه‌د هه‌موو هه‌وڵێکی دا بۆ قووڵکردنه‌وه‌ی زۆرتری قه‌یرانه‌کان و ئێستاش سه‌رۆکی په‌رله‌مان نییه‌
به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان - وته‌بێژی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان وتی: "ئێمه‌ هه‌موو کاتێک ئاماده‌ بووین و ئاماده‌ین له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵات ته‌وافوقی وا بکه‌ین که‌ هه‌ندێکجار له‌ سه‌ر حسابی ده‌نگده‌ری ئێمه‌ بووه‌. جاری وا هه‌یه‌ که‌ له‌ شایسته‌کانی خۆمان ده‌به‌خشین بۆ ئه‌وه‌ی ته‌وافوق رووبدات. به‌ بروای من، ئه‌ساسی ته‌وافوقی ئێستا ٥٠ و ٥٠ نیه‌. ئه‌ساسی ته‌وافوقی ئێستا کارکردنی جیددیه‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک قه‌یران."

کوردپرێس – حه‌سه‌ن ساڵحی: به‌ هۆی کێشه و ململانێی توند له‌ نێوان لایه‌ن سیاسییه‌کان، نزیک به‌ ساڵ و نیوێکه‌ قه‌یرانێکی قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ به‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی گرتۆته‌وه‌. له‌م نێوه‌دا؛ کێشه‌کانی نێوان پارتی به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعوود بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ سه‌رۆکایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا زیاترین ده‌ور و کاریگه‌رییان له‌ سه‌رهه‌ڵدان و قووڵبوونه‌وه‌ی  ئه‌م قه‌یرانه‌دا هه‌بووه‌ و سه‌ره‌ڕای چه‌ند دانوستانێک له‌ نێوانیاندا پاش په‌یامه‌که‌ی بارزانی بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتنێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و کۆتایی هێنان به‌ قه‌یران و ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارودۆخ، به‌ڵام ئه‌نجامێکی ئه‌وتۆ له‌م هه‌وڵانه‌ به‌دی نه‌کراوه‌. کوردپرێس له‌ چوارچێوه‌ی به‌جێهێنانی ئه‌رکی میدیایی خۆی به‌ پابه‌ندی به‌ کاری پڕۆفێشناڵ و ئیتیکی ڕۆژنامه‌وانی به‌ تایبه‌ت پاراستنی بێ لایه‌نی، گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دوکتۆر محه‌مه‌د علی یاسین وته‌بێژی فه‌رمی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ساز داوه‌. ناوبراو له‌م گفتگوگۆیه‌دا وێڕای لێکدانه‌وه‌ و ڕوونکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانی پارته‌که‌ی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ پابه‌ندنه‌بوون به‌ ته‌وافوقه‌کان له‌ پێکهێنانی حکوومه‌ت تۆمه‌تبار ده‌کات و جه‌خت ده‌کات که‌ له‌ ئێستادا دوکتور یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆکی په‌رله‌مان نییه‌.

ده‌قی گفتوگۆی کوردپرێس له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دوکتۆر محه‌مه‌د علی یاسین وته‌بێژی فه‌رمی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان:
 
کوردپرێس: وەکوو وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، دانوستانه‌کانی لایه‌نه‌که‌تان لەگەڵ دیکەی پارتەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پەیامەکەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا لە وتووێژەکاندا به‌ره‌وپێشچوونێک به‌دی ده‌کرێت؟
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین: قه‌یرانه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه‌. بگره‌ له‌ قه‌یرانی شه‌ری دژی تیرۆر، قه‌یرانی دارایی، قه‌یرانی ئاواره‌ و په‌نابه‌ر و په‌ناخوازی، قه‌یرانی سیاسی له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌که‌ و ناوخۆیی دا. ئه‌مانه‌ هه‌موویان به‌ یه‌که‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێن و ئێمه‌ وه‌کو پارتی پێمان وایه‌ هه‌ریه‌کایان رێگه‌چاره‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌. سیاسه‌ته‌کانی ئێمه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شه‌ر و بووژانه‌وه‌ی ئابووری و حه‌واندنه‌وه‌ی ملیۆنان ئاواره‌ و هه‌وڵدان بۆ کۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی سیاسی ناوخۆیی ڕوون و ئاشکران. هه‌موومان شایه‌تی ئه‌وه‌ین که‌ جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی چه‌ندین جار بانگه‌وازی لایه‌نه‌کانی کردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان. 
ئێمه‌ بروامان به‌ دانیشتن له‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و چاره‌کردنی کێشه‌کان هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌م ئاماده‌ییه‌ پێویسته‌ له‌ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش به‌ دی بکرێت. له‌ ئێستادا هه‌وڵی جیددی و هه‌نگاوی پراکتیکی بۆ گه‌یشتن به‌ رێگه‌چاره‌ هه‌یه‌. نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی باش له‌ نێوان بۆچوونه‌کانی ئێمه‌ و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی که‌ هه‌وڵی راسته‌قینه‌ بۆ چاره‌کردنی کێشه‌کان ده‌ده‌ن، هه‌یه‌. ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه‌ بۆ ئه‌م قوناغه‌ دووباره‌ کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌ و پاشان به‌رده‌وامبوون له‌ چاره‌کردنی کێشه‌کانی دیکه و هه‌روه‌ها بریاردان له‌ سه‌ر فۆرم و شێوازی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بۆ خۆڵی داهاتوو له‌ کوردستان‌.
 
کوردپرێس: جه‌نابی مەسعوود بارزانی لە وتەکانی ئەم دواییەیان جەختی کردۆتە سەر ئەوەی سەردەمی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی (نێوان پێنج پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان / بەشدار لە حکوومه‌ت) کۆتایی پێهاتووە، لەم قۆناغه‌دا ئەم وتانه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین: ئێستا ده‌سته‌واژه‌ی [پێنج لایه‌نی به‌شدار له‌ حکوومه‌ت] ئاپده‌یت بووه‌‌. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ هی ئه‌و کاته‌ بوو که‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ٢٠١٣ بریار بوو له‌ چوارچێوه‌ی حکۆمه‌تێکی ته‌وافوقی چوار ساڵی ئارام به‌ رێ بکه‌ین و کار بکه‌ین بۆ ئاشته‌وایی کۆمه‌لایه‌تی. هه‌روه‌کو دیاره‌، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان که‌ به‌شێک بوو له‌م ته‌وافوقه‌، پابه‌ندی نه‌بوو. وه‌کو به‌شێک له‌ حکوومه‌ت، له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتی دا نه‌بوون. له‌ کاتێکدا که‌ هه‌نگاوێکیان له‌ حکوومه‌تدا بوو و پێنج وه‌زیریان هه‌بوو له‌ پرۆتفۆلیۆی کابینه‌ی هه‌شته‌م، به‌ڵام  هه‌نگاوێکیان هێشتا له‌ نێو ئۆپۆزیسیۆن بوو. له‌ ئه‌نجامدا ده‌رچوون له‌و ته‌وافوقه‌ یه‌کسان بوو به‌ ده‌رچوونیان له‌و پێگه‌یه‌ی که‌ به‌ هۆی ته‌وافوقه‌وه‌ به‌ ده‌ستیان هێنابوو. ئه‌ویش به‌شێکی گرنگ له‌ پرۆتفۆلیۆی حکوومه‌ت و هه‌روه‌ها سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان. بۆیه‌ شتێکمان نیه‌ به‌ ناوی [پێنج لایه‌نی به‌شدار له‌ حکوومه‌ت].
 
کوردپرێس: ئەگەری ئەوە هەیە ڕێککەوتنێکی نوێ له‌ نێوان پارتی و یەکێتی وەدیبێت؟
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین: له‌ ئێستادا هه‌وڵی جیددی و هه‌نگاوی پراکتیکی بۆ گه‌یشتن به‌ رێگه‌چاره‌ هه‌یه‌. نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی باش له‌ نێوان بۆچوونه‌کانی ئێمه‌ و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی که‌ هه‌وڵی راسته‌قینه‌ بۆ چاره‌کردنی کێشه‌کان ده‌ده‌ن، به‌ تایبه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، دا هه‌یه‌‌.
 
کوردپرێس: ئەگەر ئاوەها ڕێککەوتنێک بکرێت ئایا پارتەکەی ئێوە ئامادەیە دەسەڵات بە شێوەی ٥٠ – ٥٠ وەک پێشووتر لەنێوان هەردوولا دابەش بکرێت؟
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین: ئێمه‌ هه‌موو کاتێک ئاماده‌ بووین و ئاماده‌ین له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵات ته‌وافوقی وا بکه‌ین که‌ هه‌ندێکجار له‌ سه‌ر حسابی ده‌نگده‌ری ئێمه‌ بووه‌. جاری وا هه‌یه‌ که‌ له‌ شایسته‌کانی خۆمان ده‌به‌خشین بۆ ئه‌وه‌ی ته‌وافوق رووبدات. به‌ بروای من، ئه‌ساسی ته‌وافوقی ئێستا ٥٠ و ٥٠ نیه‌. ئه‌ساسی ته‌وافوقی ئێستا کارکردنی جیددیه‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک قه‌یران.
 
کوردپرێس: ئەگەر ڕێککەوتنێکی بەو چەشنە بکرێت، رۆڵی دیکەی پارتەکان بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی لە بازنەی دەسەڵاتدا چۆن دەبێت؟
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین: ئێمه‌ ده‌رگای گفتوگوو له‌ سه‌ر که‌س داناخه‌ین. هه‌ر لایه‌نێک خۆی به‌ به‌رپرسیار بزانێت و به‌رپرسیارانه‌ هه‌لسوکه‌وت بکات، هه‌ڵبه‌ته‌ جێگای له‌ ته‌وافوقی داهاتوودا ده‌بێت.
 
کوردپرێس: یووسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ڕایگەیاندووە "ئەگەر قەیرانی شه‌رعیه‌تی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت ئەوا ئامادەیە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکشێتەوە"، میکانیزمی پێناسەکراوی پارتی بۆ گۆڕینی سێ سەرۆکایەتیه‌که‌ی هه‌رێم چییە؟
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین: یوسف محه‌مه‌د زیاتر له‌ ساڵێکه‌ [به‌ پراکتیک] سه‌رۆکی هه‌ر شوێنێکیش بیت، به‌ڵام سه‌رۆکی په‌رله‌مان نیه‌. به‌رێزیان نه‌یتوانی رۆڵی هه‌بێت له‌ چاره‌کردنی قه‌یرانه‌کان و به‌ عه‌کسه‌وه‌، هه‌موو هه‌ولێکی دا بۆ قۆڵکردنه‌وه‌ی زۆرتری قه‌یرانه‌کان. 
 
کوردپرێس: حکوومه‌تی ناوەندیی عێراق، هەولێر بە پێشێل کردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوولایەن تۆمەتبار دەکات، بەتایبەت سەبارەت بە بابەتی نەوت و هۆکاری سەرەکیی دابڕانی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقیشی هەر ئەو بابەتە ڕاگەیاندووە، ئایا وەڵامێک بۆ ئەم تۆمەتانە هەیە؟
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین: حکومه‌تی عیراق هه‌موو ته‌وافۆقێکی نێوان به‌غدا و هه‌ولێری پێشێل کردووه‌. له‌ مانگی یه‌کی ٢٠١٤ به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی. به‌ بێ هیچ بیانووێک و به‌ بێ ئاگادارکردنی ئێمه‌. پێنج مانگ پاش ئه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ مانگی پێنجی ٢٠١٤ تازه‌ ده‌ستمان کرد به‌ فرۆشتنی نه‌وت. ئه‌ویش ناچار بووین ئه‌وه‌ بکه‌ین، که‌ له‌ هه‌مان کاتدا هه‌موو رێکه‌وتنه‌کانمان یاسایی و ده‌ستوورین. 
 
کوردپرێس: چارەنووسی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق چۆن دەبینن؟
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین: عیراق له‌ قه‌یرانی سه‌روه‌ری دایه‌. سه‌روه‌ری عیراق هیچ مانایه‌کی نه‌ماوه؛ سنۆره‌کان له‌ کۆنترۆلی عیراقدا نه‌ماون. ئه‌منیه‌ت له‌ خرابترین باری خۆیدایه‌ و هیوای باشتر بوونی نیه‌. سه‌رووی هه‌موویان، قه‌یرانی بێ متمانه‌یی لایه‌نه‌کانی عیراق به‌ یه‌کتر و هه‌روه‌ها ململانێی مه‌زهه‌بی له‌م وڵاته‌دا وا ده‌کات که‌ هه‌ر نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی ئێمه‌ و تێکه‌ڵبوونه‌وه‌یه‌کمان له‌ گه‌ل ئه‌م وڵاته‌ هیچ ئه‌نجامی نابێت جگه‌ له‌ زیان. له‌ ماوه‌ی رابردووشدا، به‌غدا نه‌یتوانیوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ یه‌ک رێکه‌وتنیشدا پابه‌ندی خۆی پیشان بدات له‌ گه‌ل هه‌رێمی کوردستان. ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی وڵاتێک به‌ ناوی عێراق تا ئێستا، جگه‌ له‌ چه‌وساندن، زۆڵم و زۆری و جینوساید و قه‌تلوعام هیچی دیکه‌مان له‌ عیراق نه‌بینیوه‌. له‌ سه‌رده‌می نوێی په‌یوه‌ندیه‌کانمان به‌ تایبه‌تی پاش ئازادکردنی عیراق له‌ به‌عس، هیچ نیه‌تێکی پاکمان نه‌دیوه‌ له‌ لایه‌نی عیراقی. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌، له‌وانه‌یه‌ بتوانین له‌ ئاینده‌ دا دراوسێی باش بین و له‌وانه‌یه‌ وه‌کو دوو دراوسێ بتوانین زیاتر سوود به‌ یه‌کتر ببه‌خشین. 
 
کوردپرێس: یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و دوو پارتە ئیسلامییەکەش لەبه‌غدادا هەڵوێستێکی دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستانیان گرتۆتەبەر، هۆکاری ئەمە بە چی دەزانن؟
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین: به‌ بروای ئێمه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی کۆشنده‌ بوو و به‌ داخه‌وه‌ خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان باجی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ده‌ده‌ن. 
 
سازدانی گفتوگۆ: حه‌سه‌ن ساڵحی / به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان - کوردپرێس
 

کۆدی بابه‌ت: 68349  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۱/۱۱  |  کاتژمێر: 14 : 20

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
دوایین هه‌واڵه‌کان
ئامانج لە هەڵکردنی ئاڵای هەرێم لە کەرکووک ڕکابەریی نێوان حزبە کوردییەکانە
مەسعوود بارزانی لە سەر داوای تورکیا هەوڵی وەدەرنانی پەکەکە لە شەنگال دەدات
لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان نیگەرانین
ئەمریکا لە مووسڵ لە دووی ئاژاوەگێڕییە/ داعش ئاکامی سێگۆشەی عێبری، عەرەبی و ڕۆژئاواییە
پێویستە پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە ڕێگای مادەی ١٤٠وە چارەسەر بکرێت
رێبەرانی کورد پێشوازی دەکەن لە دامەزرانی بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆوە زانیارییەکانی هاوپەیوەند بە شەڕی ناخۆیی بەدەست هێناوە؟
بەکارهێنانی هێمای یەپەگە لە لایەن ژینڕاڵەکانی ڕووسیا قبووڵ ناکەین/ ئاڵمانیا چەک دەداتە تیرۆریستان
پاش ئازادکردنی ڕەقە لێێ دەکشێینەوە/ لە پێناو بەرژەوەندییەکانمان هاوکاریی ئەمریکا و ڕووسیا دەکەین
بڵاوکردنەوەی رۆزنامەی دەیلی سەباحی تورکیا لە پەرلەمانی ئەورووپا قەدەغە کرا
ئەمریکا ڕاهێنانی بە زیاتر لە ١٨٠٠٠کەس لە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە
ڕووداوەکانی ١٩٣٨ی درسیم دڕندانە بوو/ پارتەکەی قڵیچدار ئۆغلۆ ئەو کارەساتەی خولقاند
وردەکارییەکانی سەفەری دووهەمی ڕۆحانی بۆ کوردستان
کوردەکانی سووریا پێوەندی سیاسی و سەربازییان لەگەڵ ڕووسیا هەیە
بڵاوبوونەوەی وێنەی سەربازانی ڕووسیا لە گەڵ هێزەکانی یەپەگە
ئیمکانات