هێمن هه‌ورامی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان:
هیچ جۆره‌ چرای سوور یان سه‌وزێکمان له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه‌ سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی وڵاتی سه‌ربه‌خۆی کوردستان وه‌رنه‌گرتووه‌
به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ کورده‌کان ئه‌یانه‌وێت خۆیان له‌ چاره‌نووسیی عێراق جیا بکه‌نه‌وه‌ و ده‌یشڵێت: هیچ جۆره‌ چرایه‌کی سوور یان سه‌وزمان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا یان ڕۆژئاواوه‌ سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی وڵاتی کوردستان وه‌رنه‌گرتووه‌.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هێمن هه‌ورامی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ گۆڤاری میسری "صوت الامه‌"دا زیادی کرد: دامه‌زراندنی وڵاتی کوردستان بێگومان نزیکه‌ به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌بێ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌نجام بدرێت.
هه‌ورامی له‌ هه‌مان کاتدا ڕاشیگه‌یاند: هیچ جۆره‌ چرایه‌کی سوور یان ته‌نانه‌ت سوورمان له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و ڕۆژئاواوه‌ سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی وڵاتی کوردی وه‌رنه‌گرتووه‌.
ناوبراو جه‌ختی کرد: هه‌رێمی کوردستان ده‌بێ ببێته‌ وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کورده‌کان نایانه‌وێت به‌شێک له‌ دۆخی ئێستای به‌غدا بن چونکوو ته‌زمینێک بۆ چاره‌نووسی ئه‌وان به‌دی ناکرێت.
هه‌ورامی وتی: چاره‌نووسی عێراقی عه‌ره‌بی پاش په‌سه‌ندکردنی یاسای حه‌شدی شه‌عبی و شۆراکانی عه‌شیره‌یی و په‌یوه‌ندی ته‌شه‌نه‌سێنی نێوان شیعه‌کان و ئه‌هلی سوننه‌ خاڵێکی ئه‌رێنی نییه‌ له‌ داهاتووشدا ته‌نگه‌ژه‌کان زیاتر ده‌بن هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ کورده‌کان ئه‌یانه‌وێت خۆیان له‌و چاره‌نووسه‌ جیا بکه‌نه‌وه‌.
ئێمه‌ به‌شێک له‌ عێراق نین تا بمانه‌وێت لێی جیا ببینه‌وه‌
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان وێڕای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌کان سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵی کورده‌کان بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق زیادی کرد: کورده‌کان به‌شێک له‌ عێراق نین تا بیانه‌وێت لێی جیا ببنه‌وه‌.
هه‌ورامی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات دۆخی ناوخۆی ئێستا بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان شیاو نییه‌.
زیادیش ده‌کات: ناشیاوی ئه‌م دۆخه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ له‌ داهاتووشدا ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ناڕه‌خسێت.
ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌ کورده‌کان ئێستا ڕۆڵی سه‌ره‌کی له‌ ئاڵوگۆڕه‌ سیاسی، سه‌ربازی و ئه‌منی ناوچه‌که‌ ده‌گێڕن و بۆ ناوچه‌ی عه‌ره‌بی قووڵاییه‌کی ستراتژیک به‌ ئه‌ژمار دێن.
هه‌ورامی خوازیاری باشترین په‌یوه‌ندی نێوان کورده‌کان و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌کان به‌ تایبه‌ت میسر به‌هۆی بایه‌خی مێژوویی و سیاسی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو.
ناوبراو له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌باره‌ت به‌ نزیکبوونه‌وه‌ی کاتی ڕاگه‌یاندنی دامه‌زراندنی وڵاتێکی کوردی وتی: دیاریکردنی چاره‌نووس مافی سروشتیی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای ڕابردووی زایینییه‌وه‌ پاش ڕووخانی ئیمپراتووری عوسمانی داوا له‌ کورده‌کان کرا که‌ به‌شێک له‌ تورکیا و عێراق بن ئێمه‌ش عێراقمان هه‌ڵبژارد به‌ڵام ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که‌ له‌سه‌ر یه‌ک له‌و کاته‌وه‌ تا ساڵی 2003 له‌ عێراقدا هاتوونه‌ته‌ سه‌ر کار به‌رامبه‌ر به‌ کورده‌کان زوڵم و سته‌میان کردووه‌ و کورده‌کانیان خستۆته‌ په‌راوێزه‌وه‌.
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی دیکه‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کورده‌کان پاش ڕووخانی سه‌دام حسێن وه‌کوو شارۆمه‌ندێکی عێراق چ ده‌ستکه‌وتێکیان بووه‌ وتی: جینۆساید، هێرشی کیمیایی، ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال، وێرانکردنی 4500 گوندی کوردنشین.
ناوبراو زیادی کرد: کورده‌کان هه‌رچه‌ند پاش ئینتیفازه‌ی 1991 سه‌ربه‌خۆ بوون به‌ڵام بارزانی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی به‌و هیوایه‌وه‌ که‌ دیموکراسییه‌کی چه‌ندحیزبی و هاوبه‌شییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ له‌ عێراق بهێننه‌ گۆڕێ چوون بۆ به‌غدا به‌ڵام پاش 14 ساڵ له‌ عێراقی نوێ ئه‌وه‌ی ڕووی دا نه‌بوونی فیدڕاڵیزم بوو. تا ئێستا 46 ماده‌ له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تیی عێراق به‌ڕێوه‌نه‌چووه‌ و ئه‌و ناوچانه‌ پشکی خۆیان له‌سه‌ر داهات و دارایی عێراق وه‌رنه‌گرتووه‌ و ماده‌ی 140 سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان هێشتا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.
ناوبراو زیادی کرد: مالیکی له‌ ساڵی 2014دا بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانی به‌ ته‌واوه‌تی بڕی. ده‌وڵه‌تی عێراقیش له‌ کاتی هێرشی داعش بۆ هه‌رێمی کوردستاندا پشتیوانییه‌کی له‌ هه‌رێم نه‌کرد له‌ حاڵێکدا که‌ به‌غدایش به‌هۆی سیاسه‌ته‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌کانی مالیکی که‌وته‌ مه‌ترسی هێرشی داعشه‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ش ئێستا ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر دوو بژارده‌داین؛ یان ئه‌بێ چاره‌نووسی ته‌زمین نه‌کراوی خۆمان له‌ عێراق قبووڵ بکه‌ین یان ئه‌وه‌ی که‌ خۆمان چاره‌نووسی خۆمان دیاری بکه‌ین چوونکه‌ به‌غدا ئێمه‌ وه‌کوو شه‌ریکێک له‌ به‌غدا قبووڵ ناکات ئێمه‌ش نامانه‌وێت تابیعی ئه‌و وڵاته‌ بین.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: عێراق و قووڵایی ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌کانی بۆته‌ پرسێکی ستراتژیک بۆ ئێمه‌. ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێت له‌ ڕێگای گفتوگۆی برایانه‌وه‌ کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئه‌گه‌ر نه‌توانین دوو هاوبه‌شیی سه‌ره‌کی له‌ حکوومه‌ت بین ئه‌توانین دوو دۆست بین له‌ پاڵ یه‌کدا به‌ڵام ڕاشکاوانه‌ ئه‌توانم بڵێم ناتوانین به‌ درێژه‌دانی دۆخی ئێستای به‌غدا ئێمه‌یش هه‌ر ئه‌م دۆخه‌ درێژه‌ پێبده‌ین. به‌ڵام هه‌روه‌ها که‌ بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان چوو بۆ به‌غدا و له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و ڕێبه‌ری هاوپه‌یمانی گفتوگۆی کرد ئه‌م گفتوگۆیانه‌ درێژه‌ی پێده‌ده‌ین و په‌یوه‌ندی باش و ئه‌رێنیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌بێت و هیوادارم ئاکامێکی ئه‌رێنیشی هه‌بێت.
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ وه‌ڵامی پرسیاری گۆڤاری "صوت الامه‌" سه‌باره‌ت به‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئایا دروسته‌ که‌ کورده‌کان بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی ناکه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی بۆیان گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ وڵاتێکدا که‌ مافه‌کانیان بپارێزێت و له‌ حکوومه‌تدا هاوبه‌شیان بێت بمێننه‌وه‌؟ وێڕای هێنانه‌ئاراوه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی که‌ ئایا ئێمه‌ی کورد ئێستا له‌ خاکێکی تر غه‌یر له‌ خاکی خۆماندا ده‌ژین؟ ئایا ئێمه‌ تا ئێستا یه‌ک گوند یان یه‌ک شاری عه‌ره‌بیمان داگیر کردووه‌؟ ئایا ئێمه‌ تا ئێستا به‌شێک له‌ وڵاتێک به‌ ناوی عێراق بووین؟ وتی: ئێمه‌ جیاییخواز نین چونکوو به‌شێک له‌ عێراق به‌ ئه‌ژمار نایێن.
داهاتووی عێراقی عه‌ره‌بی ته‌زمین نه‌کراوه‌
هێمن هه‌ورامی ڕوونی ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئێمه‌ داوا له‌ خه‌ڵکی خۆمان ده‌که‌ین هه‌رچیکیان ده‌وێت له‌ چوارچێوه‌ی دیموکراسییه‌کی خوازراودا ده‌ریببڕن و بیرمه‌ندانی عه‌ره‌ب و بیری گشتی عه‌ره‌بی له‌م پرسه‌دا تێبگه‌ن که‌ ئێمه‌ به‌شێک له‌ چاره‌سه‌ره‌که‌ین نه‌ک به‌شێک له‌ کێشه‌که‌. ئێمه‌ خوازیاری دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆمانین تا بتوانین به‌شێک له‌ چاره‌سه‌ره‌که‌ بین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ڕاشکاوی ئه‌ڵێم چاره‌نووسیی عێراقی عه‌ره‌بی پاش په‌سه‌ندکردنی یاسای حه‌شدی شه‌عبی و شۆرای عه‌شیره‌کان و پێوه‌ندی نێوان ئه‌هلی سوننه‌ و شیعه‌کان له‌ عێراق و چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته‌ پاش داعش و کێشمه‌کێشمی سوننه‌- سوننه‌ و سوننه‌- شیعه‌ و شیعه‌- شیعه‌ ئه‌رێنی نابێت.
ناوبراو زیادی کرد: ڕووداوه‌کانی ڕابردوو ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ده‌ن که‌ مانه‌وه‌ له‌ عێراق به‌م دۆخه‌ی ئێستاوه‌ له‌ داهاتوودا کۆمه‌ڵێک ته‌نگه‌ژه‌ دروست ده‌کات هه‌ر بۆیه‌ش ده‌مانه‌وێت هه‌موو پرسه‌کانمان له‌ ڕێگای دانووستانه‌وه‌ و له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت. ئێمه‌ خوازیاری شه‌ڕێکی تر نین. ده‌مانه‌وێت پێش بکه‌وین و به‌شێک له‌ ڕه‌وتی سه‌قامگیریی سه‌رجه‌م ناوچه‌که‌ بین.
هه‌ورامی له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که‌ ئایا هه‌لومه‌رجی یان دۆخی ناوخۆ چ له‌ هه‌رێمی کوردستان و چ له‌ عێراق و دۆخی ناوچه‌که‌ ئێستا بۆ دامه‌زراندنی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی گونجاوه‌؟ وتی: هه‌لومه‌رجێکی باش له‌ هیچ جێگایه‌کی جیهان بوونی نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش هه‌روا دانیشین و به‌ ته‌مای ئه‌وه‌ بین ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ بڕه‌خسێت ناتوانین هیچ کارێک به‌ره‌وپێش به‌رین چونکوو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کاڵایه‌کی ئاماده‌کراو نییه‌ که‌ بتوانین له‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌ریبگرین. دۆخی ئابووریش دۆخێکی له‌بار نییه‌. یه‌کێتی و یه‌کڕیزی نێوان پارته‌ کوردستانییه‌کانیش بوونی نییه‌. دۆخی ناوچه‌که‌ و جیهانیش ئه‌وه‌نده‌ ئیدئاڵ نییه‌ هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م پرسیاره‌ دێته‌ئاراوه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا کارێک نه‌که‌ین ئه‌ی که‌ی ده‌بێت بیکه‌ین؟
ناوبراو ئاشکرای کرد: وای دابنێین کورده‌کان پاش چه‌ند ساڵ به‌وه‌ بگه‌ن که‌ دۆخی ناوخۆ و ناوچه‌که‌ و هه‌لومه‌رجی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی گونجاو بێت ئه‌م ترسه‌ هه‌روا ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئێستا چاره‌نووسمان دیاری نه‌که‌ین ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌شی ئه‌منی و ئابووری خراپتر ببێت.
هه‌ورامی وتی: بۆ نموونه‌ کاتێک که‌ ئه‌مه‌ریکا گه‌یشته‌ سه‌ربه‌خۆیی ته‌نیا 30%ی ئیاله‌ته‌کانی هاوڕا بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌دا و هیچ جۆره‌ یه‌کڕیزی و یه‌کگرتنێک له‌و وڵاته‌ بوونی نه‌بوو.
هیچ جۆره‌ چرایه‌کی سه‌وز و ته‌نانه‌ت سووریش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژئاواوه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بوونی نییه‌
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که‌ ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژئاوا ئاگاداری هه‌ڵوێسته‌کانی ئێوه‌ن ئایا چرایه‌کی سه‌وزتان له‌وانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ وه‌رگرتووه‌؟ زیادی کرد: ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ چرای سه‌وز یان سووره‌وه‌ په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ڵکوو بابه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورده‌کانی عێراق بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ڕۆڵی سیاسی ده‌گێڕن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌یه‌ی 20ی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ یاری به‌ کورده‌کان ده‌که‌ن به‌ڵام ئێستا ئه‌وان ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن.
هه‌ورامی زیادی کرد: وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ناوچه‌که‌ش کاتێک که‌ کورده‌کان وه‌کوو هاوبه‌شێکی ڕاسته‌قینه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆر له‌ بواره‌کانی سه‌ربازی و زانیاری و هه‌وڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بۆ په‌نادان به‌ ئاواره‌کان ده‌بینن و بۆیان ئاشکرا ده‌بێت که‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆری شوێنکه‌وتووانی ئایینه‌ جۆربه‌جۆره‌کان و ڕه‌گه‌زه‌ جۆربه‌جۆره‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌وپه‌ڕی ئاشتیدا پێکه‌وه‌ ده‌ژین هه‌رێمی کوردستان وه‌کوو هاوپه‌یمانێک بۆ خۆیان به‌ ئه‌ژمار دێنن چونکوو سووریا، عێراق، یه‌مه‌ن و لیبیا وڵاتانێکی شکست خواردووی ناوچه‌که‌ن.
ناوبراو جه‌ختی کرد: ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژئاوا چرایه‌کی سه‌وزیان به‌ کورده‌کان پیشان نه‌داوه‌ به‌ڵام به‌ ئێمه‌شیان نه‌گوتووه‌ که‌ ئه‌م کاره‌مان هێڵێکی سووری هه‌بێت چونکوو به‌ فه‌رمی ناسینی سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌کان نه‌ پێش ڕوودانی سه‌ربه‌خۆییه‌که‌ به‌ڵکوو پاش ڕوودانی سه‌ربه‌خۆیی دێته‌ئاراوه‌.
هه‌ورامی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بێته‌ وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌ریبڕی: پاش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ برایانمان له‌ به‌غدا ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ ڕوو ده‌دات چونکوو ئێمه هاوڕای گفتوگۆی به‌رده‌وام و درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ به‌غداین. ئه‌گه‌ر ئه‌ڵێم ئێستا ده‌بێ بۆ ئه‌م کاره‌ هه‌نگاو هه‌ڵبێنین مه‌به‌ستمان سبه‌ینێ یان پاش یه‌ک مانگ یان دوو مانگی داهاتوو نییه‌ ئێمه‌ گفتوگۆکانمان له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ستپێده‌که‌ین و هیوادارین ده‌ستکه‌وتێکی ئه‌رێنیمان هه‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ریش ئاکامێکمان نه‌بوو ئه‌م پرسه‌ ده‌هێڵینه‌وه‌ بۆ میلله‌تی کورد تا له‌مباره‌یه‌وه‌ خۆیان بڕیار بده‌ن. ئه‌م پرسه‌ به‌ یه‌کگرتنێکی ناوخۆ له‌ کوردستان به‌ستراوه‌ چونکوو هه‌ندێ له‌ پارته‌ کوردستانییه‌کان هاوڕای ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ نین.
دۆخی ناوخۆ و سنووره‌کانی وڵاتی کورد
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی کورده‌کان له‌ ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رانبه‌ر پرسی دیاریکردنی چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی وتی: کورده‌کان له‌ ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ هه‌ڵوێستی یه‌کسانیان سه‌باره‌ت به‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ و هیچ کێشه‌ و چه‌ندلایه‌نییه‌ک له‌مباره‌وه‌ بوونی نییه‌.
ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ سنووره‌کانی وڵاتی کوردی و ئه‌وه‌ی که ئایا ئه‌و سنوورانه‌ له‌ ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان ده‌بن یان له‌ کوردستانێکی گه‌وره‌تردا ڕایگه‌یاند: هه‌رێمی کوردستان له‌ ناوخۆی عێراقدایه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه‌ هیچ جۆره‌ به‌رنامه‌یه‌کمان بۆ دامه‌زراندنی وڵاتێک له‌ ناوخۆی دیکه‌ی به‌شه‌کانی کوردستان له‌ سووریا، تورکیا و ئێران نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شانه‌ی کوردستان ڕێبه‌ری سیاسی و فه‌رهه‌نگی سیاسی جۆربه‌جۆریان هه‌یه‌ هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ مه‌به‌ستی ئێمه‌ له‌ دامه‌زراندنی وڵاتی کوردی وڵاتێکه‌ له‌ ناوخۆی عێراق.
ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانی تورکیا مه‌رج نابه‌ستین
هه‌ورامی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی گۆڤاری "صوت الامه‌"دا سه‌باره‌ت به‌ چاوبڕینی هه‌ولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی تورکیا و مه‌رج به‌ستن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ وتی: ئه‌و تۆمه‌تانه‌ که‌ ده‌خرێنه‌ پاڵ هه‌ولێر و پارتی دیموکراته‌وه‌ ناڕاستن چونکوو هه‌ڵوێستی ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر تورکیاوه‌ ئاشکرایه‌. ئه‌و وڵاته‌ دراوسێیه‌کی ستراتژی ئێمه‌یه‌ و خۆی بۆ خۆی سیاسه‌تێکی ستراتژیکی هه‌مبه‌ر به‌ ئێمه‌ گۆڕیوه‌. له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان ناکات و ته‌نانه‌ت بارزانیش به‌ تورکیا و هه‌موو جیهانیان وتبوو که‌ ئه‌گه‌ر تورکیا بیه‌وێت بێته‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ده‌بێ به‌ سه‌ر ته‌رمه‌کانی ئێمه‌دا بڕوات. بارزانی دواتر وتبووشی که‌ ئێمه‌ ئێستا به‌ تورکه‌کان نزیکتر بووینه‌ته‌وه‌. له‌ ساڵی 2009دا ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌ڵوێستی خۆی له‌ به‌رانبه‌ر هه‌رێمه‌وه‌ گۆڕیوه‌ و باڵوێزخانه‌ی خۆی له‌ هه‌ولێر کردۆته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ کورده‌کانی تورکیاش ڕێککه‌وت. ئه‌ردۆغان سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وکاته‌ی تورکیا له‌ ڕێوڕه‌سمی کرانه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێردا وتی: سه‌رده‌می له‌په‌راوێزخستنی کورده‌کان به‌ سه‌ر چووه‌. ئێمه‌ ئێستا هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیمان هه‌مبه‌ر به‌ کورده‌کانی تورکیا ده‌بێت.
هێمن هه‌ورامی ڕوونی کرده‌وه‌: له‌ کاتی په‌سه‌ندکرانی یاسای سه‌رمایه‌دانه‌ریی ده‌ره‌کی له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆی 2300 کۆمپانیای ده‌ره‌کی 1300 کۆمپانیای تورکیایی له‌ هه‌رێمی کوردستان سه‌رمایه‌یان داناوه‌ و ڕێژه‌ی بازرگانییه‌کانی نێوان تورکیا و عێراق له‌ ساڵی 2013دا گه‌یشتۆته‌ 12 میلیارد دۆلار که‌ 9 میلیارد دۆلاری به‌ر هه‌رێمی کوردستان که‌وتووه‌. تورکیا هه‌روه‌ها پشتی به‌ سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ستووه‌ چونکوو هه‌رێم 8 تریلیۆن مه‌تری سێجا گازی سروشتی له‌ ساڵدا به‌رهه‌م دێنێت و به‌ ته‌نیا خۆی توانای به‌رهه‌مهێنانی گاز بۆ ماوه‌ی 70 ساڵی داهاتووی هه‌یه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و تۆمه‌تانه‌ که‌ خراونه‌ته‌ پاڵ هه‌رێمه‌وه‌ دروست نین چونکوو هه‌رێم سیاسه‌تێکی ده‌ره‌کی به‌ستراو به‌ بالانس و ڕێزی دوو لایه‌نه‌ و ده‌ستێوه‌رنه‌دان له‌ ناوخۆی دیکه‌ی وڵاتانی گرتۆته‌به‌ر و هه‌رگیز به‌شێک له‌ ڕیزبه‌ندی ئایینی و سیاسی پێک ناهێنێت.
قووڵایی عه‌ره‌بی بۆ ئێمه‌ پرسێکی ستراتژیکه‌ و چاومان له‌ دامه‌زراندنی پێوه‌ندییه‌کی به‌ربڵاوتر له‌گه‌ڵ میسردایه‌
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ ئاستی پێوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌کان به‌ تایبه‌ت میسر و ڕازی بوونی ناوبراو له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ وتی: "نه‌وه‌ڵڵا". له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قووڵایی ستراتژیکی عه‌ره‌بی بۆ ئێمه‌ زۆر گرینگه‌ و پرسێکی ستراتژیکه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت پێوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ تایبه‌ت میسر له‌ ئاستێکی زیاتر له‌ ئاستی ئێستا بێت.
هێمن هه‌ورامی زیادی کرد: له‌ ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه‌ یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردی له‌ قاهیره‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌رگیز هه‌ڵوێسته‌کانی جه‌مال عه‌بدولناسر سه‌رۆک کۆماری ئه‌و کاته‌ی میسر سه‌باره‌ت به‌ کورده‌کان و خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی و ڕادیۆ کوردستان له‌ ده‌یه‌ی 50ی سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌رنامه‌کانی له‌ میسره‌وه‌ بڵاو ده‌بووه‌وه‌ له‌بیر ناکه‌ین. من ڕاشکاوانه‌ ده‌ڵێم زیاتر له‌مانه‌ له‌ میسر چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین چونکوو ئێمه‌ له‌گه‌ڵ میسر هاوبه‌شییه‌کی زۆرمان هه‌یه‌ و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین نووسینگه‌یه‌ک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ قاهیره‌ بکه‌ینه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ تۆکمه‌ بکه‌ین و ئینشائه‌ڵڵا ئه‌م پێوه‌ندییانه‌ په‌ره‌ی پێده‌درێت. میسر ئێستا له‌ هه‌رێمی کوردستان باڵوێزخانه‌ی هه‌یه‌ چونکوو قاهیره‌ بۆ ئێمه‌ زۆر زۆر گرینگه‌.
 
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

کۆدی بابه‌ت: 67604  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۲۶  |  کاتژمێر: 14 : 38

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی دوو بۆمبی ده‌ستکرد له‌لایه‌ن PKKه‌وه‌ دوو هێزی سوپای تورکیا بریندار بوون
کوردەکان بەرندەی گەمەی ئاڵوگۆڕی عێراق و سووریان
گۆڕان دوای نه‌وشیروان مسته‌فا/ هادی محه‌مه‌د‌ی‌فه‌ر
تیمی پینگ پۆنگی ئێران به‌ سه‌رڕاهێنه‌ری کوردستانی سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی وه‌ده‌ستهێنا
مردنی شوفێری موتورێک بە هۆی بەلارێدا چوون
ئەزموونەکانی هەڵبژادرن/ عەلی موتەهەری
وه‌ڵامی ئێران بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ بۆری له‌و وڵاته‌وه‌ ئیجابی بوو
تا ئێستا کۆمیته‌ى ئاماده‌کارى بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم پێکنه‌هێنراوه‌
شوێنی ئه‌و چه‌کانه‌ی ئه‌مریکا که‌ بۆ به‌غدا و کورده‌کان نێردراون دیار نییه‌
ڕووسیا و تورکیا گه‌مارۆوه‌ ئابووری و بازرگانییه‌کانی نێوانیان هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌
لایه‌نه‌کان نوێنه‌ریان بۆ کۆمیته‌ی ڕیفراندۆم دیاری نه‌کردووه‌
ئەسید پژاندن بە دەموچاوی پاڵێوراوی شاری ورمێ رەت کرایەوە
دەوڵەتی رۆحانی پابەندی بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە کوردستان ببێت/ رۆحانی باشترین بژادرە لە دوو هەڵبژاردنی رابرددوودا بووە
تانسۆ چیلله‌ر، سه‌رۆک‌وه‌زیرانی پێشووی تورکیا بانگهێشتی دادگا کرا
وشۆکارانی ئیلامی له‌ ڕکابه‌رییه‌کانی یه‌کده‌نگیی وڵاتانی ئیسلامی 2 میداڵیای زێڕیان وه‌ده‌ستهێنا
ئیمکانات