ئایا کوردستانی عێراق ڕووی له‌ شه‌ڕی ناوخۆیه‌؟ دنیس ناتالی
به‌شی جیهان- به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژ به‌ داعش له‌ مووسڵ تیشکی له‌سه‌ر کێشه‌ و گرفتی زۆری هه‌رێمی کوردستان لابردووه‌، کێشه‌ و گرفتێک که‌ سه‌قامی پاش شه‌ڕ ده‌خاته‌ ژێر کاریگه‌ریی خۆیه‌وه‌. ته‌نیا له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا هه‌واڵنێرێکی کورد تیرۆر کراوه‌، خوێندکارێکی زانستگا بۆته‌ قوربانیی کوشتوبڕی نامووسی، نوێنه‌رێکی ژنی په‌رله‌مان هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگی لێکراوه‌، له‌ نووسینگه‌ی پارتێکی ئێرانی ته‌قینه‌وه‌ کراوه‌ که‌ 7 کوژراوی لێکه‌وتۆته‌وه‌ و چه‌ندین هێرشی تیرۆریستیش له‌ سلێمانی پووچه‌ڵ کراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مانه‌ و خۆپیشاندانی ڕۆژ نه‌ ڕۆژی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت له‌پێناو مووچه‌ی نه‌دراویان، په‌رله‌مانی هه‌ڵپه‌سێردراو، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی په‌نابه‌ر و ئاواره‌ی ناوخۆ، ئاماده‌بوونی زیاتری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیا بۆ بنکه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ باکووری عێراق‌ نه‌ک هه‌ر زۆربه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵی 2011ی به‌ره‌و شکست بردووه‌ به‌ڵکوو بوونه‌ته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌رامبه‌ر داڕووخانی ماڵی و شه‌ڕی ناوخۆیی لاواز ببێته‌وه‌.
ڕاسته‌قینه‌تر له‌ سێناریۆی "سه‌ربه‌خۆیی بێگومانی کورد" پاش شکستی داعش، خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌کی لاوازکراو، شڵه‌ژاویی سیاسی و پێکدادانی چه‌کدارانه‌یه‌. حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵی 2014وه‌ هه‌نارده‌کردنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وتی ده‌ستپێکرد، به‌ڵام ئابووریی کورده‌کان ئێستا تێکشکاوه‌. قه‌رزه‌کانی حکوومه‌ت 22 ملیار دۆلاری ترازاندووه‌. ڕێژه‌ی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ کاره‌با بۆ ڕێژه‌ی ساڵی 2005 واته‌ 4 کاتژمێر له‌ ڕۆژ دابه‌زیوه‌ته‌وه‌. به‌ ده‌یان هه‌زار لاو خه‌ریکن له‌ هه‌رێم کۆچ ده‌که‌ن، به‌شی وزه‌ی کوردی که‌ کاتێک بۆ به‌شداری له‌ ناویدا بانگه‌شه‌ ده‌کرا ئێستا له‌ ڕوانگه‌ی یاسایی و سیاسییه‌وه‌ به‌ره‌و لاوازبوون ده‌چێت. حکوومه‌تی هه‌رێم ڕۆژانه‌ نزیک به‌ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جیهانی تورکیا ده‌کات به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌م ڕێژه‌یه‌ ته‌نگه‌ژه‌ هه‌یه‌ و به‌ تورکیا به‌سراوه‌ته‌وه‌ و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش له‌ کێڵگه‌کانی که‌رکووک که‌ هێشتاش له‌ ڕیزی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کانه‌ هه‌ڵده‌گۆزرێت. کۆمپانیا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ نه‌وتییه‌کان تاوه‌کوو ئێستا 19 کێڵگه‌ی نه‌وتی هه‌رێمیان به‌جێهێشتووه‌ و له‌وان کۆمپانیای ئێکسۆنه‌ که‌ 3 کێڵگه‌ له‌و 6 کێڵگه‌یه‌ی به‌جێهێشتووه‌ که‌ کاری تێدا ده‌کرد.
ئیمه‌یله‌کانی نێوان وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کان و کاربه‌ده‌ستانی تورکیا که‌ ویکی لیکس بڵاوی کرده‌وه‌ پیشانده‌ری هێندی قه‌یرانی دارایی له‌ ناو ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی کوردستان و پاشهاته‌ سیاسییه‌کانێتی. له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ندێک له‌ کورده‌کانه‌وه‌، هه‌وڵی ئه‌و وه‌زاره‌تخانه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی 5 ملیار دۆلار قه‌رز له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و پێشنیاری سه‌رپشکێکی گه‌وره‌تر له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی کورده‌کان ڕه‌نگه‌ یارمه‌تیده‌ری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بێت. به‌ڵام که‌سانی دیکه‌ و له‌وان نوێنه‌رانی په‌رله‌مان له‌ هه‌ولێر ڕوانگه‌یه‌کی جیاوازیان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشنیاره‌ هاوده‌نگ نین چوونکه‌ به‌ فرۆشی خاکی کوردستان به‌ تورکیا هه‌ژماری ده‌که‌ن. کاربه‌ده‌ستانی به‌غداش به‌ چاوی ڕه‌خنه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌م پرسه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ کێڵگه‌کان بفرۆشێته‌ تورکیا.
PKK هه‌ر ڕۆژه‌ و زیاتر دزه‌ ده‌کاته‌ باکووری عێراق و به‌مه‌ش قه‌یرانه‌که‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌سێنێته‌وه‌ و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان کورده‌کان زۆرتر ده‌کات. PKK بێجگه‌ له‌ بناری قه‌ندیل هێزه‌کانی هێناوه‌ته‌ چیای شه‌نگالیش تا که‌مینه‌ی ئێزدی به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی داعش بپارێزێت و ئه‌و ناوچه‌ ستراتێژیکه‌ کۆنتڕۆڵ بکات. له‌ کاتێکدا یه‌کێتی نیشتمانی و گۆڕان له‌ PKK پاڵپشتی ده‌که‌ن یان لانی که‌م دژایه‌تیی ناکه‌ن، کاربه‌ده‌ستانی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ڕه‌شه‌یان کردووه‌ که‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ زه‌بری هێز بۆ ده‌رکردنی PKK له‌ شه‌نگال که‌ڵک وه‌رگرن.
ئه‌نقه‌ره‌ش هۆشداری داوه‌ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌توانێت PKK له‌ شه‌نگال ده‌رکات وه‌رزی به‌هار خۆی له‌ شه‌نگال ده‌ستێوه‌رده‌دات. ئه‌گه‌رچی موراد قه‌ره‌یلان ڕێبه‌ری کاتیی PKK به‌م تازه‌ییه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ PKK ئاماده‌یه‌ ناوچه‌ی ئێزدی نشینی شه‌نگال چۆڵ بکات به‌ڵام دوور ده‌نوێنێت گرووپه‌کانی سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ ته‌واو چۆڵی بکه‌ن. ناکۆکیی نێوان پشتیوانانی پارتی دیموکرات و نه‌یاره‌کانی له‌ باکووری عێراق به‌رچاوه‌. نیگه‌رانی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری شه‌ڕێکی دیکه‌ی براکوژی له‌ئارادایه‌.
له‌ ڕاستیدا، پێکدادانی چه‌کدارانه‌ نێوان کورده‌کان و ناسه‌قامگیربوونی ناوچه‌که‌ زۆر ئاسته‌م دێته‌ به‌رچاو. پاش شه‌ڕی ناوخۆی کورده‌کان نێوان ساڵه‌کانی 1994 تا 1998 تا ئێستا دۆخه‌که‌ زۆر باشتر بۆته‌وه‌. هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕوانگه‌ی ئابوورییه‌وه‌ گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌، له‌ بواری سیاسییه‌وه‌ زیاتر پێش که‌وتووه‌ و وه‌کوو به‌شێک له‌ ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق له‌ کۆمه‌ڵگا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا به‌ فه‌رمی ناسراوه‌ و له‌ شه‌ڕی دژه‌داعشدا بۆته‌ هاوبه‌شێکی خۆجێی و زۆر گرینگ.
ئه‌گه‌رچی پارته‌ کوردییه‌کان پێکه‌وه‌ ناکۆکن، به‌ڵام مه‌ترسییه‌کانی توندوتیژییه‌کی به‌رده‌وام بۆ کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ له‌ ئێستادا تووشی قه‌یرانێکی قووڵی دارایین زۆر له‌سه‌ره‌وه‌یه‌. هه‌روه‌ها پارته‌ کوردییه‌کانی عێراق هێنده‌ لێک په‌رته‌وازه‌ بوون و به‌ مه‌سعوود بارزانی به‌سراونه‌ته‌وه‌ که‌ ناتوانن پارتی دیموکراتی کوردستان بده‌نه‌ به‌ر لێپێچینه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ ڕوانگه‌ی سیاسیشه‌وه‌ هاوده‌نگی نه‌بن.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌شێک له‌ قه‌یرانه‌که‌ی ئێستا له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ناوچه‌یی کوردستاندا نییه‌ و زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی بوویه‌ هۆکاری شه‌ڕی ناوخۆ له‌ کوردستاندا جیاواز نییه‌. له‌و سه‌رده‌مه‌شدا کوردستانی عێراق ئه‌گه‌رچی له‌ کۆمه‌ڵگا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا وه‌کوو ناوچه‌یه‌کی ئه‌من ناسرابوو به‌ڵام له‌ ڕوانگه‌ی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ ناسه‌قامگیر بوو. ده‌ره‌وه‌چوونی به‌غدا له‌ ناوچه‌ی کوردنشینی باکوور پاش شه‌ڕی 1990ی که‌نداو و گه‌مارۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی دژ به‌ عێراق بوویه‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی حکوومه‌تی تازه‌دامه‌زراوی هه‌رێمی کوردستان نه‌توانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بدات، خزمه‌تگوزاری ئاراسته‌ بکات و سه‌دان هه‌زار په‌نابه‌ری کورد نیشته‌جێ بکات و ئه‌و گوندانه‌ی له‌لایه‌ن به‌عس و سه‌دامه‌وه‌ و له‌ ڕێگای ئه‌نفال و کیمیابارانه‌وه‌ کاول کرابوون نۆژه‌ن بکاته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی مامه‌ڵه‌کارانی سه‌ر به‌ پارته‌ کوردییه‌کان چه‌ندین ڕێگایان بۆ شکاندنی گه‌مارۆکان و گه‌یشتن به‌ سوود دۆزییه‌وه‌، به‌مه‌شه‌وه‌ زۆربه‌ی کورده‌کان هه‌ژار بوون و چاویان له‌ یارمه‌تییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بوو.
هه‌روه‌ها نێوان KDP و PUK له‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تی و ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر داهات و سه‌رچاوه‌کان شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات هه‌بوو. ئه‌م ته‌نگه‌ژانه‌ش ڕێگای باز کرد تاوه‌کوو ئێران، تورکیا و پارته‌ ڕکابه‌ره‌کانی دیکه‌ وه‌کوو په‌که‌که‌ پێیان به‌ ناوچه‌که‌ بکرێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و شته‌ی که‌ ته‌واو هاوشێوه‌ی دۆخه‌که‌ی ئێستایه‌. بۆ وێنه‌ له‌و کاته‌دا پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵی بزووتنه‌وه‌ی به‌هێزی PKK له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا و ده‌سته‌به‌رکردنی داهاتی قاچاخی سنووری خابوور، هه‌ندێک دانووستانی بازرگانی و ئه‌منیی له‌گه‌ڵ تورکیا ئه‌نجامدا. له‌ به‌رامبه‌ردا، ئه‌نقه‌ره‌ بۆ شوێنکه‌وتنی PKK له‌وپه‌ڕی سنووره‌کانی تورکیا له‌ ساڵی 1992 تاکوو 1997 چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی ئه‌نجام داوه‌ و له‌وان ئۆپه‌راسیۆنی پۆڵای 1 و ئۆپه‌راسیۆنی چه‌کوچ. له‌ یه‌کێک له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کاندا 35 هه‌زار سه‌ربازی تورکیا 37 مایل ڕۆچوونه‌ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان. یه‌کێتی نیشتمانی توانیی پشتیوانیی ئێران ڕاکێش بکات و له‌ PKK پشتیوانی بکات. گرووپه‌ ئیسلامییه‌کانیش له‌م ناسه‌قامگیرییه‌ که‌ڵکیان وه‌رگرت و ڕادیکاڵ بوون که‌ له‌وان ئه‌توانین ئاماژه‌ بکه‌ینه‌ ئه‌نسارولئیسلام. هه‌ل و مه‌رجه‌که‌ له‌ کوردستاندا خه‌ریکه‌ دووپات ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی حکوومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆک پارته‌کان له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا خه‌سارێکی زۆریان لێده‌که‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دیکه‌ی گرووپه‌کان زیانیان پێ نه‌گات و له‌ وڵاتی لاوازی عێراق و جه‌ماوه‌ری تووڕه‌ به‌هره‌به‌رن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ هه‌رچی ده‌ڕوات حکوومه‌تی هه‌رێم زیاتر به‌ تورکیا ده‌به‌سرێته‌وه‌ به‌ڵام کێشه‌ی کورده‌کانی تورکیا هه‌ر له‌سه‌ر جێ ماوه‌ته‌وه‌. کورده‌کانی سووریا خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییان ده‌وێت و PKK هه‌ر دێت و ده‌سه‌ڵاتی خۆی په‌ره‌پێده‌دات و حکوومه‌تی هه‌رێمیش ده‌بێته‌ میراتبه‌ری کێشه‌ سه‌رووسنوورییه‌کانی PKK. له‌ولاشه‌وه‌ په‌که‌که‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌ که‌لێنی سیاسی شانۆی هه‌رێمی کوردستان که‌ ڕۆژ بۆ ڕۆژ زیاتر ده‌بێت هه‌ل بگوزێته‌وه‌ و زۆر که‌سیش به‌ پارتێکی ناسیۆناڵیستی کوردی چاوی لێده‌که‌ن. PKK و دیکه‌ی گرووپه‌ توندئاژۆکان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ی ناوچه‌که‌ن که‌ ده‌یانه‌وێ به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا ببنه‌وه‌.
ئه‌م ته‌نگه‌ژه‌گه‌له‌ که‌ هیچیشیان کۆنتڕۆڵ ناکرێن، ده‌بێته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی لاوازبوونی گه‌شه‌ی ئابووری له‌ هه‌رێمی کوردستان ته‌نانه‌ت پاش شه‌ڕی مووسڵیش و هه‌روه‌ها به‌رچاوبوونی هه‌رێم وه‌کوو هاوبه‌شێکی کاریگه‌ری ناوچه‌یی بۆ شکستی داعش هه‌ر درێژه‌ی هه‌بێت. پێویسته‌ ئاوڕێکی زۆرتر بدرێته‌ به‌هێزکردنه‌وه‌ی بنه‌ما ده‌وڵه‌تییه‌کان وه‌کوو حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ڕێکخراوه‌ پارێزگاییه‌کان، جۆربه‌جۆریی ئابووری، دابه‌شبوونی داهات نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، ئاسایشی سنوور و پێوه‌ندیی نێوان ئه‌نقه‌ره‌، به‌غدا و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. پێویسته‌ بۆ چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌ی PKK له‌ باکووری عێراقیش هه‌وڵ بدرێت وه‌کوو دامه‌زراندنی ئاگربه‌س له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ و چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی کوردی له‌ تورکیا و سووریا.
 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لمانیتۆر
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: هیوا ڕۆسته‌می زاده‌
 

کۆدی بابه‌ت: 67410  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۲۲  |  کاتژمێر: 12 : 21

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
ئیمکانات