ڕزگاربوونی کوردستانی عێراق له‌ قه‌یرانی سیاسی/ خالد سوله‌یمان
به‌شی جیهان- جێبه‌جێ کردنی گه‌ڵاڵه‌ی پشتیوانی لێکراوی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورووپا ناسراو به‌ "گه‌ڵاڵه‌ی مارشال"- له‌گه‌ڵ زۆر پێداویستی دیکه‌- بۆ ده‌ربازبوونی کوردستان ئێجگار پێویسته‌.
ئاسته‌مترین ته‌نگه‌ژه‌ی ئێستای به‌رده‌م هه‌رێمی کوردستانی عێراق چۆناوچۆنیی پێناسه‌ و جێبه‌جێکاریی سیسته‌می سیاسییه‌تی. وادیاره‌ ته‌نانه‌ت چاوه‌دێرانی پسپۆڕی ئه‌م بابه‌ته‌ش ناتوانن دیاری بکه‌ن ئایا ئه‌م سیسته‌مه‌ ده‌بێ په‌رله‌مانی بێت یان خۆ سه‌رۆکایه‌تی.
مه‌سعوود بارزانی پێش کۆتایی خولی سێهه‌می سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی له‌ هه‌رێمدا، ده‌سه‌ڵاتێکی به‌ربڵاوی هه‌بوو. به‌ڵام یاسای بنه‌ڕه‌تی، ده‌وڵه‌تی ناوچه‌ی کوردستانیش هه‌ر وه‌کوو سیسته‌می نه‌ته‌وه‌یی عێراق به‌ په‌رله‌مانی ده‌زانێت.
پارتی دیموکراتی کوردستانی بارزانی (KDP) هه‌ر له‌ مێژه‌وه‌ ده‌یه‌وێ سیسته‌مێکی سه‌رۆکایه‌تی دامه‌زرێنێت، به‌ڵام یه‌کێتی نیشتمانیی (PUK) و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان (Gorran) داواکاری پێکهاته‌ی په‌رله‌مانین که‌ تێیدا یاسای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم چاکسازی کراوه‌ و په‌رله‌مان ڕێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌رێم دابین ده‌کات.
ته‌نگه‌ژه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی سیسته‌می سیاسی له‌ خۆیدا هه‌ندێک کێشه‌ی دروست کردووه‌ که‌ چاوه‌دێران به‌ ڕکابه‌رییه‌کی مێژوویی نێوان بلیمه‌تانی سیاسیی سلێمانی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ناوی لێده‌به‌ن. ئه‌م ئاسته‌ له‌ ده‌مه‌قره‌ و ته‌نگه‌ژه‌ بۆ یه‌که‌مجار له‌ ساڵه‌کانی 1960 دروست بوو، ئه‌وکاته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری پێشووی عێراق و گرووپێک له‌ هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ژێر ڕێبه‌رایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا، باوکی بارزانی بوو جیا بوونه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش، ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌ ڕوانینێکی ئاساییه‌ به‌ هه‌لومه‌رجی سیاسیی ئێستا و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ خه‌ریکی سه‌رهه‌ڵدانن. ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ بواری بیرۆکه‌ و ڕوانگه‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنیه‌وه‌ ناوچه‌یه‌کی دژواره‌. دۆخێکی پێچه‌ڵاوپووچ که‌ له‌م دوو ده‌یه‌ی دواییدا له‌ ڕێگای ڕێگه‌چاره‌یه‌کی سیاسیی کاتیه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌کرێت.
له‌گه‌ڵ وه‌ستانی سه‌رمایه‌دانه‌ری، داکشانی بازاڕه‌کان و نه‌بوونی پاره‌ و پووڵ له‌ بانکه‌کاندا، سیاسه‌تی کوردی گه‌یشتۆته‌ ئاستێکی قه‌یراناوی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش قه‌یرانه‌که‌ ژماره‌یه‌ک کێشه‌ی دیکه‌شی له‌گه‌ڵدایه‌ که‌ زۆربه‌یان لێکه‌وته‌ی گه‌نده‌ڵی، ئابووریی سه‌ر به‌ نه‌وت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی لاوازی خزمه‌تگوزارییه‌کانی به‌شی ده‌وڵه‌ت و به‌شی گشتین. پرسی سیسته‌می سیاسی و ڕۆڵی نه‌وت وه‌کوو گۆڕانکارییه‌کی نوێ له‌ هه‌رێمی کوردیدان و له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ندێ کێشه‌یان خستۆته‌ به‌رده‌م هه‌رێمه‌وه‌. تێکڕای ئه‌و کێشه‌گه‌له‌ بناغه‌یان له‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کورده‌کانه‌ که‌ له‌ ساڵی 1992وه‌ ده‌ستیپێکرد، واتا ڕێک ئه‌و کاته‌ی یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی ناوچه‌یی کوردی پێکهات.
چییه‌تی سیسته‌می سیاسیی ده‌وڵه‌تی ناوچه‌یی کوردستان پاش واژۆکردنی ڕێککه‌وتننامه‌ی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان له‌ ساڵی 2013 که‌ تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌ری وێککه‌وتن، له‌گه‌ڵ پرسیارێکی بنه‌مایی به‌ره‌وڕوو بوویه‌وه‌. ساڵی 2016 هه‌وڵه‌که‌ بۆ ڕێککه‌وتنی سیاسی گه‌یشته‌ کۆتا و ڕێککه‌وتنه‌که‌ خوازیاری ئه‌وه‌ بوویه‌وه‌ که‌ سیسته‌می په‌رله‌مانی سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌ڵبژێرێت.
کێشه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و ڕێبازه‌ نادیاره‌ی تێی که‌وتبوو پاش واژۆی یه‌که‌م یاسای بنه‌ڕه‌تیی عێراق و دوای ڕووخانی سه‌دام حسێن له‌ ساڵی 2003وه‌ ده‌ستیپێکرد. دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات نێوان ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ و ده‌وڵه‌تی ناوچه‌یی گۆڕا و کار کێشایه‌ دروشمی نه‌ته‌وایه‌تی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
قه‌یرانه‌ سیاسییه‌که‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان ناوه‌ڕۆکێکی ناسیۆنالیستی و تێکه‌ڵ به‌ بایه‌خه‌ عه‌شیره‌تییه‌کانی هه‌یه‌ و تێیدا بۆ حکوومه‌تی یاسایی یان خۆ ئابووری بیرێکی وه‌ها نه‌کراوه‌ته‌وه‌. ئه‌م هه‌رێمه‌ پاش دوو ده‌یه‌ و نیو هێشتاش یاسایه‌کی بنه‌ڕه‌تیی په‌سه‌ند نه‌کردووه‌ و ڕێبه‌رایه‌تی سیاسیش بۆ شه‌فافسازی و چاکسازیی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداره‌یی ده‌ست له‌ هیچ کارێک نادات و ته‌نانه‌ت نه‌شیتوانیوه‌ ده‌زگای داد و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ژێر سێبه‌ری حیزبایه‌تی دوور بکاته‌وه‌.
دیاره‌ فه‌رهه‌نگی سیاسیی کوردستانی عێراق له‌ یه‌که‌م پله‌دا له‌ خزمه‌تی ئه‌وه‌دایه‌ ده‌سه‌ڵات خر بکاته‌وه‌ بۆ ژماره‌یه‌کی تایبه‌ت و شوێنکه‌وتووی په‌ره‌سه‌ندنی ئازادی و دیموکراسیه‌ت و جۆراوجۆری نییه‌. له‌م ناوه‌شدا نه‌وت- و کاریگه‌رییه‌که‌ی له‌سه‌ر ئابووری- ده‌ورێکی سه‌ره‌کی له‌سه‌ر ته‌شه‌نه‌کردنی ناوه‌ڕۆکی ناسیۆنالیستی ده‌گێڕێت.
به‌ کورتی، هیچ داپه‌ڕێک له‌پێناو چاکسازی له‌ کوردستاندا ئه‌نجام نه‌دراوه‌. باس له‌ "حاکمیه‌تی یاسا" و "مۆدێلی دیموکراسیه‌تی کوردی" ته‌نیا درۆیه‌کی شاراوه‌ له‌ناو تۆیکڵی ڕاستییه‌. ده‌زگای داد له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارته‌ سیاسییه‌کانه‌ و وانه‌ی قوتابخانه‌کانیش به‌ سیاسی کراوه‌. سه‌ره‌ڕای هه‌ستێکی به‌لێشاوی خه‌ڵک، پێشمه‌رگه‌ هێشتاش نه‌بۆته‌ سوپایه‌کی کارامه‌ بۆ پاراستنی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. له‌ به‌رامبه‌ریشدا تێکه‌ڵاوبوونی پێشمه‌رگه‌ له‌ هێزی به‌رگریدا ته‌نیا به‌ قسه‌ و له‌سه‌ر کاغه‌زه‌ و ده‌وڵه‌تی عێراق له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌کانی خۆی بۆ ته‌یارکردنی پێشمه‌رگه‌ و دابین کردن و دانی مووچه‌ به‌وان نه‌ماوه‌. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ نیو میلیۆن که‌س له‌ به‌شی ده‌وڵه‌تی، هێزه‌کانی ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیس به‌کار گیراون و ئه‌مه‌ش بۆته‌ بارێکی قورسی ماڵی و ئیداره‌یی و ئاشکرایه‌ ده‌وڵه‌تی ناوچه‌یی توانای به‌ڕێوه‌بردنی کاره‌که‌ی نییه‌.
ئه‌مجار چاره‌سه‌ر چییه‌؟ ئایا کورده‌کان هه‌ر به‌ ڕاستی بۆ ڕزگاربوونی ناوچه‌که‌یان له‌ نوقماوبوون هه‌وڵ ده‌ده‌ن؟ ئایا ده‌توانن له‌ قه‌باره‌ی به‌رنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییدا پردی متمانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵببه‌ستن و له‌ جه‌مسه‌ری کردنی ناوچه‌که‌ خۆیان دوور بکه‌نه‌وه‌؟
ئایا قڵیشی وه‌دیهاتوو به‌هۆی ناته‌باییه‌ سیاسییه‌کان پڕ ده‌کرێته‌وه‌ و ئایا دروسته‌ بۆ وه‌دیهێنانی شه‌فافییه‌ت پشت به‌ واشنتۆن ببه‌سرێت؟
ده‌سه‌ڵاتی واشنتۆن به‌ سه‌ر ڕووداو و گۆڕانکارییه‌کانی عێراق کۆتایی پێنه‌هاتووه‌، ئه‌گه‌رچی ئیدعاکان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش بڵین. وته‌کانی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکی نیشان ده‌دات ئه‌وان له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ و چاکسازی پشتیوانی ده‌که‌ن. به‌ڵام جێبه‌جێ کردنی چاکسازییه‌کان به‌ بێ پشتیوانیی ناوخۆیی مومکین نییه‌. که‌واته‌، بۆ یاریده‌ی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی کوردستان، پێویسته‌ پاڵپشتییه‌کانی واشنتۆن مه‌رجدار بکرێته‌وه‌ به‌وه‌ی ڕێککه‌وتنێک له‌سه‌ر سیسته‌مێکی ده‌وڵه‌تیی هاوساز له‌گه‌ڵ سیسته‌می عێراق وه‌دیبێت و به‌ستێنی هاوبه‌شی نێوان ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ و ده‌وڵه‌تی هه‌رێم بخولقێنێت. ده‌کرێ گوشار بخرێته‌ سه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستان که‌ کۆنتڕۆڵی هه‌ولێری له‌ده‌ستدایه‌ تاوه‌کوو ڕۆڵی په‌رله‌مان قبووڵ بکات و پێکهاته‌ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ سه‌ر بکاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش پارته‌ سیاسییه‌کان ئازا و بوێر ده‌کاته‌وه‌ تاوه‌کوو به‌ شێوه‌یه‌کی جیدی بڕواننه‌ گه‌نده‌ڵی، دۆخی سیسته‌می داد و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی داهاته‌کانی نه‌وت.
زۆربه‌ی یارمه‌تییه‌کانی واشنتۆن له‌م بواره‌دا بۆ ڕاهێنان، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و میدیاکان- که‌ ئامانجیان تێپه‌ڕبوون به‌ره‌و دیموکراسی و دادوه‌ریه‌- له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدایه‌. زۆربه‌ی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان خه‌ریکه‌ ده‌ناو گه‌نده‌ڵی و لابیگه‌ریدا ده‌خنکێن و هۆگرانه‌ شوێنکه‌وته‌ی به‌رنامه‌ حیزبییه‌کانن. ئه‌مه‌ش له‌ قه‌یرانه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی هه‌رێم جوێ نییه‌ که‌ تێیدا پارته‌ ناوچه‌ییه‌کان له‌پێناو کۆنتڕۆڵی بیرۆکه‌ی گشتی له‌ به‌رده‌م جێبه‌جێ بوونی پڕۆژه‌ی ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌ربه‌ست ساز ده‌که‌ن.
سه‌باره‌ت به‌ چاکسازی ئیداره‌ییش، دامه‌زراوه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم بێگومان کێشه‌ی زۆربوونی فه‌رمانبه‌ریان هه‌یه‌ به‌ڵام پێویسته‌ پێش ده‌رکردنی نیو ملیۆن فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌تی چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ کار و پیشه‌یان بکرێت و به‌ ڕێژه‌ی پێویست له‌ که‌رتی تایبه‌تدا کاری سه‌رمایه‌دانه‌ری ئه‌نجام بدرێت. ده‌رکردنی سه‌دان هه‌زار فه‌رمانبه‌ر به‌ بێ ئه‌وه‌ی چاره‌یه‌ک بۆ بژێویان کرابێت ده‌رهاویشته‌یه‌کی زۆر مه‌ترسیداری کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌دواوه‌ ده‌بێت، که‌واته‌ گه‌ڵاڵه‌ی پاڵپشتیکراوی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورووپا واته‌ "گه‌ڵاڵه‌ی مارشاڵ"- که‌ به‌ دۆخه‌که‌ به‌سراوه‌ته‌وه‌- بۆ ڕزگارکردنی کوردستان ته‌واو پێویسته‌.
 
سه‌رچاوه‌: دامه‌زراوه‌ی "فیکره‌" سه‌ر به‌ ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی واشنتۆن
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: هیوا ڕۆسته‌می زاده‌
 

کۆدی بابه‌ت: 66986  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۱۳  |  کاتژمێر: 10 : 42

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
پاسی یۆرۆ 4 دێتە ڕیزی پاسەکانی کرماشان/ عابر بانکی تایبەت بە کەمئەندام لە کرماشان جێگر دەکرێت
سنە دەبێتە میوانداری ڕکابەرییەکانی باکووری رۆژئاوای وڵات لە ٦ بەشی وەرزشی
ئەگەری هێرشی هاوبەشی ئێران و تورکیا لە دژی پەکەکە
دووهەمین فرۆکەى بێ فرۆکەوانی ئەمریکایی لە تورکیا کەوتە خوارەوە
ڕۆژئاوا دەبێ ڕوانگەی خۆ هەمبەر بە پەکەکە بگۆڕێت
کۆڕبەندی بەرزڕاگرتنی یادی مەحزوون کوردستانی لە دیواندەرە بەڕیوەچوو
زیاتر لە ٢٠٠٠ کەیسی پشکنین لە یەکە سینفییەکانی کوردستان لە ماوەی یەک حەفتەدا ئەنجام دراوە
حەوتەی فەرهەنگیی تەونی هەوشار لە تەلاری پارکی هونەرمەندانی تاران بەڕێوە دەچێت
کاردانەوەی نوێنەری مەهاباد بە گواستنەوەی ئاوی زەڕینە بۆ تەورێز
لە هەڵەبجە بوومەلەرزەیێک ڕووی دا
به‌رپرسی زیندانی بوونی هاوسه‌رۆکان و نوێنه‌رانی هه‌ده‌په‌ پارتی کۆماریخوازی گه‌له‌/ گرینگترین پرس یه‌کده‌نگی له‌ دژی دیکتاتۆریی ئه‌ردۆغانه‌
دیالۆگ کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناکات
ئه‌مریکا پاش شکستی داعش له‌ سووریا نامێنێته‌وه‌
تەقینەوە لە میتینگی کوردەکانی ئەڵمانیا
57 گوندی ساین قه‌ڵا له‌ گازی سروشتی به‌هره‌مه‌ند ده‌بن
ئیمکانات