تایبه‌تی کوردپرێس؛
ڕۆبۆسکی؛ داخێک که‌ له‌ دڵی دایکانی کورددا به‌جێماوه‌
به‌شی ڕاپۆرت/ تورکیا- پاش ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گوشاره‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر کورده‌کانی تورکیا پاش کووده‌تای بێ ئاکامی 15ی جووڵای له‌م وڵاته‌ و ده‌ستگیرکردنی سیاسه‌توانان و شاره‌وانه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا ئه‌م دۆسیه‌ش که‌وتووه‌ته‌ ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م ڕه‌وتانه‌ و هیواکان بۆ ئاشکرابوونی ڕاستی زیاتر له‌ پێش که‌مڕه‌نگ تر بووه‌ته‌وه‌.
کوردپرێس: پێنج ساڵ تێپه‌ڕی؛ پێنج ساڵ له‌ ته‌مه‌نی ئه‌و دایکانه‌ که‌ له‌ داخی مه‌رگی منداڵانیان فرمێسک ده‌ڕێژن. پێنج ساڵێک که‌ باوکان هێشتاکه‌ داخداری لاوانی خۆیانن. 28ی دێسێمبێری 2011، پێنج ساڵ پێش، هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا بوو که‌ چه‌ندین کاتژمێر پاش کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورکیا یه‌کێک له‌ ناڕوون ترین جه‌نایه‌ته‌کانی مێژووی جمهوورییه‌تی تورکیا ده‌ستیپێکرد. فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی سوپای تورکیا گوندی سنووریی ڕۆبۆسکی له‌ ناوچه‌ی قه‌ڵابانی شڕناخیان به‌م ئیدعایه‌وه‌ که‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ حاڵی دزه‌ بۆ ناوخۆی تورکیان بوردوومان کرد. بوردوومانێک که‌ له‌ زانیارییه‌کی بێ بنه‌ما و هه‌ڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. 34 که‌س خه‌ڵکی سڤیل که‌ بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان له‌ بارودۆخێکی دژواردا کوڵبه‌رییان ده‌کرد و 12 تا 18 ساڵ ته‌مه‌نیان بوو به‌ پێکانی ڕاسته‌وخۆی مووشه‌که شه‌ڕکه‌ره‌کانی F-14ی تورکیا گیانی خۆیان له‌ ده‌ست دا.
کوشتوبڕێک که‌ نه‌ ته‌نیا له‌ میدیاکانی تورکیا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی نه‌بوو و هیچ هه‌وڵێک له‌م پێناوه‌دا ئه‌نجام نه‌درا به‌ڵکوو به‌ وته‌کانی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک وه‌زیرانی کاتی تورکیا [ئێمه‌ وابیرمان ده‌کرد تیرۆریستن به‌ڵام ژماره‌یه‌کی قاچاخچی بوون] داخێکی دیکه‌ له‌ دڵی داخداری دایکانی کورد هێشته‌وه‌ که‌ ئازیزانی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌.
ئێستا 5 ساڵ له‌و ڕۆژه‌ تێپه‌ڕیوه‌. له‌م پێنج ساڵه‌دا لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و پارێزه‌رانی کوردی تورکیا ‌هه‌وڵێکی زۆریان بۆ کراوه‌بوونی دۆسیه‌ی ئه‌م کوشتوبڕانه‌ کرد و هه‌وڵ و گیانبه‌ختکاری زۆریان له‌ خۆیان پیشان داوه‌ به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگا داودوه‌رییه‌کانی تورکیا له‌ باسکردنی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ دڵته‌زێنه‌ خۆیان لا داوه‌ و به جۆرێک دۆسیه‌که‌یان بردووه‌ته‌ قۆناغی بێ چاره‌سه‌ریی.
به‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گوشاره‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر کورده‌کانی تورکیا پاش کووده‌تای بێ ئاکامی 15ی جووڵای له‌م وڵاته‌ و ده‌ستگیربوونی سیاسیوون و شاره‌وانه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا ئه‌م دۆسیه‌ش که‌وته‌ ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م ڕه‌وتانه‌وه‌ و هیواکان بۆ ئاشکرابوونی ڕاستییه‌کان زیاتر له‌ پێش که‌مڕه‌نگ تر بووه‌وه‌. به‌ ده‌ستگیرکردنی وه‌لی ئینجۆ، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕۆبۆسکی که‌ شه‌وانه‌ له‌ ماڵه‌که‌یدا به‌ حوکمی دادوه‌ریی له‌ لایه‌ن پۆلیسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌ستگیر کرا، ده‌وڵه‌تی تورکیا جارێکی دیکه‌ پیشانی دا که‌ به‌ هیچ له‌ونێک نایه‌وێت ئه‌م دۆسیه‌یه‌ لێکبداته‌وه‌. بنه‌ماڵه‌ی کوژاوانی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ 275 حه‌فته‌یه‌ که‌ به‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئاشتیخوازانه‌ له‌ کۆماری تورکیا ده‌یانه‌وێت تاکوو ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ بدۆزنه‌وه‌. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورکیا نه‌ته‌نیا هه‌وڵێکیان له‌مباره‌وه‌ ئه‌نجام نه‌داوه‌ به‌ڵکوو به‌رده‌وام له‌م 5 ساڵه‌دا گوشاره‌کانی زیادتر کردووه‌ و به‌ ده‌ستگیرکردنی پارێزه‌رانی دۆسیه‌که‌، چالاکانی سیاسی له‌م بواره‌ و بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان، زۆرتر ته‌نگی به‌وان هه‌ڵچنیوه‌.
دۆسیه‌یه‌ک که‌ به‌رده‌وام ناڕوون ماوه‌ و هه‌وڵ بۆ ناڕوون بوونی درێژه‌ی هه‌یه‌. به‌سه‌رهاتێک که‌ ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام که‌ڵکی سیاسی لێوه‌رگرتووه‌، ماوه‌یه‌ک ڕه‌وتی دانووستانی ئاشتی، ده‌وڵه‌ت به‌ داوای لێبوردن و خستنه‌ئارای پرسی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ له‌ هه‌وڵ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجه‌ سیاسییه‌کان و دانووستان له‌گه‌ڵ کورده‌کان بوو و له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌م دانووستانه‌ شکستی خوارد ڕۆبۆسکیش له‌بیر کرا و هیچ که‌س باسێکی له لاوانی بێ تاوان نه‌کرد. کاتێک که‌ کووده‌تای بێ ئاکام ڕووی دا و ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ره‌نگاری جه‌ماعه‌تی گوله‌ن و گوله‌نیسته‌کان بووه‌وه‌، هه‌مدیسان کوشتوبڕی ڕۆبۆسکی بووه‌ ده‌ستمایه‌ی ئامانجه‌ سیاسییه‌کان و له‌وه‌ وه‌کوو جه‌نایه‌تێک له‌ لایه‌ن گوله‌نیسته‌کان ناو براوه‌. جه‌نایه‌تێک که‌ تێیدا ته‌نیا شتێک که‌ بۆ زلهێزانی تورکیا گرینگی نه‌بوو، گیانی ئه‌و که‌سانه‌ بوو که‌ بوونه‌ قوربانی.
ئه‌مڕۆ پێنجه‌مین ساڵوه‌رگه‌ڕی کوشتنی 34 لاو و تازه‌لاوی کوردییه‌ که‌ بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان له‌ دژوارترین بارودۆخی که‌شوهه‌وایی له‌ چیا و دۆڵه‌کان باری قورستر له‌ کێشی خۆیان به‌ کۆڵ کێشاوه‌ تاکوو موحتاجی که‌س نه‌بن.
یادیان به‌رز و پیرۆز بێت ....
به‌شی تورکیا/ محه‌مه‌د شه‌ریفی که‌رجان
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: شیلان محه‌مه‌دی

کۆدی بابه‌ت: 66832  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۹  |  کاتژمێر: 9 : 14

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
ئیمکانات