ئه‌حمه‌د میره‌ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری لڤین بۆ کوردپرێس:
قه‌یرانی دارایی و پێشێل کردنی مافی ڕۆژنامه‌نووسان ته‌نگی به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵچنیوه‌
به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان - دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی کوردستان تووشی دوو کێشه‌ی سه‌ره‌کی بۆته‌وه‌، یه‌که‌میان قه‌یرانی دارایی که‌ کاریگه‌ری زۆر خراپی خستۆته‌ سه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌کان و کێشه‌ی دووهه‌میشی پێشێل کردنی مافی ڕۆژنامه‌نووسانه‌؛ ئه‌حمه‌د میره‌ وای وت.
ئه‌حمه‌د میره‌ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری لڤین، له‌ دیمانه‌یه‌کی تایبه‌ت وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی کوردپرێس سه‌رباره‌ت به‌ دۆخی ئێستای هه‌رێمی کوردستان و به‌ تایبه‌ت دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ری دایه‌وه‌‌.
ده‌قی دیمانه‌که‌:
کوردپرێس: له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا و له‌م دواییانه‌ش؛ تیرۆری ڕۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆته‌ دیارده‌‌، هه‌ر له‌ سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه‌ تا سورانی مامه‌حه‌مه‌ و کاوه‌ گه‌رمیانی و ویدات حسێن و له‌م دوایانه‌ش شوکری زه‌ینه‌دین هه‌واڵنێری که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی KNN له‌ دهۆک، ئازادی ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ی که‌ ئێستا باڵی کێشاوه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێم له‌ چ بارودۆخێکدایه‌؟ نیگه‌رانی ئێوه‌ وه‌کوو ڕۆژنامه‌نووس له‌م دۆخه‌ی ئێستا چییه‌؟
ئه‌حمه‌د میره‌: دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی کوردستان دوو کێشه‌ی زۆر زۆر سه‌ره‌کی به‌رۆکی گرتووه‌، کێشه‌ی یه‌که‌می بریتییه‌ له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی که‌ کاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن به‌ تایبه‌ت ده‌زگا ئه‌هلییه‌کان داناوه‌ و کێشه‌ی دووهه‌میشی بریتییه‌ له‌ پێشێل کردنی مافی ڕۆژنامه‌نووس و هه‌واڵنێران. ئه‌گه‌ر ساڵانی ڕابردوو له‌ ڕێگای هۆکاری جۆراوجۆره‌وه،‌ به‌ریان به‌ ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری گرتبێت، له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا تیرۆری ڕۆژنامه‌نووسان بۆته‌ دیارده‌یه‌ک که‌ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ تایبه‌ت پارتی دیموکرات هه‌رگیز سڵ ناکات له‌ تیرۆری ڕۆژنامه‌نووسان و دیاره‌ که‌ ژماره‌ی ڕۆژنامه‌نووسه‌ تیرۆرکراوه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان زیاد ده‌بێت. نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نها ڕۆژنامه‌نووس تیرۆر ده‌کرێت، به‌ڵکوو کێشه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ تیرۆر بۆته‌ دیارده‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ مامۆستای ئایینی و ڕۆژنامه‌نووس و خه‌ڵکانی تریش ده‌گرێته‌وه‌ و داسه‌پاندنی سیاسی بۆته‌ دیارده‌ی به‌ربڵاو له‌ هه‌رێمی کوردستاندا.
 
کوردپرێس: هۆکاری ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌؟ ئایا هۆکاری چییه‌ که‌ پاش 25 ساڵ ئه‌زموونی حوکمڕانی کوردی له‌ عێراق، دیارده‌یه‌کی له‌م جۆره‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌؟
ئه‌حمه‌د میره‌: خاڵی یه‌که‌م پێوه‌ندی به‌وه‌یه‌ که‌ حوکمڕانی کوردی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ته‌ندروست دانه‌مه‌زراوه‌، بنه‌مایه‌کی ده‌وڵه‌تی، نیشتمانی و دیموکراتیانه‌ی نه‌بووه‌. به‌ڵکوو حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بنه‌ماکه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی حزبی و خێڵه‌کی بووه‌، ئه‌م بنه‌ما حزبی و خێڵه‌کییه‌ش له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا بنه‌بڕ بکرێت و کۆتایی پێ بهێندرێت، گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌ و له‌ دوای هاتنی شه‌ڕی داعش، عه‌قڵی خۆسه‌پاندن و عه‌قلی دیکتاتۆری به‌ تایبه‌ت له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان، گه‌یشتۆته‌ لوتکه،‌ واته‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ چوارچێوه‌ی تیرۆر له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ڕوو ئه‌دات، پێوه‌سته‌ به‌ عه‌قڵییه‌تی خۆسه‌پێنی پارتییه‌وه‌ که‌ ئه‌یهه‌وێ ده‌رگاکانی ئازادی و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن و بیره‌ جیاوازه‌کان دابخات و بیخنکێنێت.
 
کوردپرێس: له‌م پرسیاره‌دا وه‌ڵامی هه‌ندێ له‌مانه‌شت دایه‌وه‌ که‌ هۆکاری قه‌یرانی سیاسی ئێستاکه‌ی هه‌رێمی کوردستان ململانێی نێوان حزبه‌کانه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌و کێشه‌ یاساییه‌ که‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و داخستنی په‌رله‌مان و... ته‌نیا یه‌ک حزب لێی به‌رپرسیاره‌ وه‌ک جه‌نابتان ناوی پارتیتان هێنا یا ده‌توانین بڵێین به‌رپرسیارێتی، ئه‌وانی دیکه‌ش ده‌گرێته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د میره‌: ئه‌وه‌ پرسیارێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و وه‌ڵامه‌که‌شی وه‌ڵامێکی دوور و درێژه‌، پارتی هۆکاری سه‌ره‌کی دروست کردنی قه‌یرانه‌کانه‌ هه‌ر له‌ پۆستی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی نایاسایی خۆی سه‌پاندووه‌ و ڕۆحی کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، پۆسته‌که‌ی مه‌سعوود بارزانییه‌، بۆیه‌ که‌ تۆ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی دابه‌ش ده‌که‌ی، دیاره‌ که‌ بارزانی سه‌به‌بی سه‌ره‌کی هه‌موو قه‌یرانانه‌کانی هه‌رێمه‌، به‌ڵام بێگومان ئێمه‌ له‌ هه‌رێم وه‌ڵامی ئه‌وه‌شمان داوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌رپرسیارێتی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر دیکه‌ی حزبه‌کانیش و یه‌کێتی نیشتمانی و گۆڕان و حزبه‌ ئیسلامییه‌کانیش به‌رپرسیارن که‌ ناتوانن به‌ر به‌ پارتی بگرن، یا ناتوانن جووڵه‌ی مه‌ده‌نی بکه‌ن، یان له‌ په‌رله‌مان ده‌ور بگێڕن، یان له‌ حکوومه‌تدا ڕۆڵیان هه‌بێ؛ که‌ باس له‌ به‌رپرسیارێتی ده‌که‌ی، ئه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌موو حزبه‌کان دابه‌شه‌، به‌ڵام که‌ باس له‌ دروست بوونی قه‌یران ده‌که‌یی ئه‌وه‌ شتێکه‌ نابێت خۆت لێ بدزێته‌وه‌، نابێ ئێمه‌ به‌هۆی موجامله‌ی سیاسییه‌وه‌ خۆمان بخڵه‌تێنین و بڵێین حزبی تریش شه‌ریکه‌ له‌ دروست بوونی قه‌یرانه‌کان، چوونکه‌ قه‌یرانی سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا سه‌رچاوه‌که‌ی یه‌ک که‌سه‌ و ئه‌ویش مه‌سعوود بارزانییه‌ و هۆکاره‌که‌شی یه‌ک شته‌ که‌ پۆسته‌که‌یه‌تی، واتا هه‌تا ئه‌و کاته‌ی مه‌سه‌له‌ی ویلایه‌تی بارزانی و پۆسته‌که‌ی نه‌هاتبووه‌ پێشه‌وه‌ حزبه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان ململانێ و کێبه‌رکێیه‌کانیان وه‌ستابوو و کێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ نێوانیان نه‌بوو.
 
کوردپرێس: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ڕاستییه‌ و دۆخی ئێستای گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی کوردستان، واتا ئه‌وه‌ی که‌ پارتی سووره‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانی خۆی و دیکه‌ی لایه‌نه‌کانیش هه‌روه‌ها و ئه‌م کێشه‌یه‌ چووه‌ته‌ نێو ماڵی کورد له‌ به‌غداش و نوێنه‌رانی کورد بوونه‌ته‌ چه‌ند به‌ره‌وه‌، جه‌نابت وه‌کوو ڕۆژنامه‌نووس و چاودێرێکی سیاسی که‌ له‌ نێو قووڵه‌ی ڕووداوه‌کاندای، داهاتووی ئه‌م قه‌یرانه‌ چۆن ده‌بینی ؟
ئه‌حمه‌د میره‌: له‌ ڕاستیدا که‌ ڕووبه‌ڕووی پرسیارێکی له‌و جۆره‌ ئه‌بیته‌وه‌ تووشی نائومێدییه‌کی زۆر ده‌بی، ئه‌و خه‌ونه‌ که‌ی که‌ هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین شۆڕشی بۆ کردووه‌ و سه‌دان و هه‌زاران شه‌هیدی بۆ داوه‌ و به‌شێک بووه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ دوای که‌وتنی ڕژێمی سه‌دام، به‌داخه‌وه‌ خه‌ریکه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ له‌بار ئه‌چێت، ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت کردن له‌ هه‌رێمی کوردستان و ململانێیه‌ سیاسییه‌کان به‌م جۆره‌ که‌ هه‌یه‌ ئێستا، هه‌ر به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ده‌بێ پێش بینی ڕووداوی زۆر ناخۆش بکه‌ین، ناخۆشترین ڕووداویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ شتێک نامێنێت به‌ ناوی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و شتێ نامێنێت که‌ کورد به‌شێک بێت له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی، ئێستا هه‌م له‌ ئاستی عێراق و هه‌م له‌ ئاستی هه‌رێمی کوردستان، دابه‌ش بوونی سیاسی زۆر قووڵ و ترسناک هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری زۆر خراپی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌زموونی حوکمڕانی هه‌رێم و پێکه‌وه‌ژیانمان، چوونکه‌ ئێمه‌ لێره‌ جگه‌ له‌ مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی پڕۆسه‌ سیاسییه‌که،‌ کێشه‌یه‌کی ترمان هه‌یه‌، قه‌یرانه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر تێکدانی شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که‌ یه‌که‌م جاره‌ کۆمه‌ڵگای کوردی به‌و ئاسته‌ مه‌ترسیداره‌ ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ به‌پێی پێشبینی من له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیته‌وه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌کرێ ڕه‌نگه‌ قه‌یرانه‌که‌ی له‌ قه‌یرانی ئه‌نفال گه‌وره‌تر بێت و شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ ته‌واوه‌تی له‌ یه‌ک هه‌ڵته‌کێنێ و ئێمه‌ زۆر به‌ گران بتوانین نێو ماڵی کورد یه‌ک بخه‌ینه‌وه‌، به‌س ئومێد ده‌که‌ین ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام نه‌بێت چوونکه‌ به‌رده‌وام بوونی زۆر زۆر مه‌ترسیداره‌.
 
کوردپرێس: پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردی که‌ لایه‌نێکی سیاسی به‌ پێداگرییه‌وه‌ باسی ده‌کات، له‌م داهاتووه‌ نادیاره‌ی که‌ ئاماژه‌تان پێدا به‌ کوێ ده‌گات و چی ده‌بێ؟
ئه‌حمه‌د میره‌: به‌ بۆچوونی من جارێ ئه‌وه‌ خه‌ونی شاعیرانه‌یه‌، ئه‌م پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردییه‌ی که‌ بارزانی باسی ده‌کات، یارییه‌کی منداڵانه‌ی گه‌مژه‌یه‌ که‌ نه‌ زه‌مینه‌ی واقیعی و نه‌ هۆکاری ئیقلیمی و ناوخۆیی هه‌یه‌ و نه‌ ده‌وڵه‌ته‌کانیش یارمه‌تی ئه‌ده‌ن.
 مه‌سعوود بارزانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ موزایده‌ی سیاسی به‌ کار ئه‌هێنێت چوونکه‌ ده‌وڵه‌تی کوردی پڕۆژه‌یه‌کی سیاسی - نیشتمانییه‌ که‌ پێویستی به‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پێش هه‌موو شتێک له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ له‌ نێوخۆی کوردستاندا یه‌کگیر بێت و له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمیش دا کاری بۆ بکرێت، واتا پڕۆژه‌یه‌ و به‌ قسه‌ نایێته‌دی و ئه‌وه‌ی بارزانی باسی ده‌کات، ته‌نیا ئیدعایه‌کی ئیعلامییه‌ و بۆ سه‌رکوتکردنی هه‌ندێ لایه‌ن به‌ کاری ده‌هێنێت.
دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی / داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: شیوا فه‌کووریان
 
 

کۆدی بابه‌ت: 66822  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۸  |  کاتژمێر: 15 : 12

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین شکستی هێناوە
ڕکابەریی شاراوەی پارتی و یەکێتی بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان
هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک مافی ڕەوای کوردە
سەربازانی ئەمریکایی رێگای ویشکایی ڕەقە – حەلەب‌یان کۆنتڕۆڵ کرد
بۆردومانکرانی ناوچەی عەفرین لە لایەن تۆپخانەی سوپای تورکیاوە
ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە
تورکیا گەمارۆ دراوه / پەیەده به پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژئاوا به هیوای دەوڵەتی کوردستانه
پێداگریی پنتاگۆن بۆ‌ مانه‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌یی هێزه‌کانیان له‌ عێراق
تورکیا و UN بۆیان نییە دەست لە کاروباری ناوخۆیی کەرکووک وەردەن
هۆشداری نوێنەری بۆکان بە کەناڵی دووی ئێران بە ئاکام گەیشت/ پەخشی بەرنامەکە ڕاگیرا
هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک پێوەندی بە تورکیاوە نییە
عەبادی ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد
١٢٥٣ کەس لە سێهەمین ڕۆژدا خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شۆراکان نێونووس کرد
هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک یاسایی ‌و دەستوورییە/ لایەنەکان پێویستە داوای لێبوردن بکەن
ئەمریکا بڕیارێکی دژواری بۆ پڕچەککردنی کوردەکانی سووریا داوە
ئیمکانات