دۆخی کورده‌کان له‌ ساڵی ڕابردوودا؛
ده‌سکه‌وتی کورده‌کان له‌ سووریا و عێراق و ترس و نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا
به‌شی جیهان- دوو ساڵ پێش ئێستا کورده‌کانی سووریا له‌ شه‌ڕیکدا سه‌رکه‌وتن که‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی تێدا بوو یه‌کسه‌ر لەناویان بەرێت. وا ده‌هاته‌ به‌رچاو که‌ چه‌کدارانی داعش له‌ داگیرکردنی کۆبانی دڵنیان به‌ڵام شه‌ڕڤانانی کورد دژیان وەستانەوە و بوونه‌ خاڵێکی به‌رچاو له‌ مێژووی شه‌ڕی ناوخۆ و مێژووی خۆشیان.
ئه‌م که‌مینه‌ چه‌وساوه‌یه‌ له‌وساوه‌ بۆته‌ ده‌سه‌ڵاتێکی پێشڕه‌و له‌ شه‌ڕێکی شه‌ش ساڵه‌ی ناوخۆدا که‌ سووریای هێناوه‌ته‌ سه‌ر چۆک. ئێستا میلیشیاکانی کوردی YPG زۆربه‌ی سنووری سووریا له‌گه‌ڵ تورکیایان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. YPG ڕۆژئاوای فوراتیشی تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌ باشووره‌وه‌ خه‌ریکه‌ به‌ره‌و ڕه‌قه‌ وه‌کوو مۆڵگه‌ی سه‌ره‌کیی داعش پێشڕه‌وی ده‌کات.
کورده‌کان له‌ ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ توانیویانه‌ ویستی خۆیان بۆ هه‌بوونی ناوچه‌یه‌کی به‌ ته‌واوه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر مسۆگه‌ر بکه‌ن.
یه‌کینه‌کانی کورد بوونه‌ته‌ هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی دژه‌داعش به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و شه‌ڕی وشکییان وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌ و بوونه‌ته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌که‌یان پێویستی به‌وه‌ نه‌بێت له‌ هێزه‌کانی وشکایی خۆی که‌ڵک وه‌رگرێت. جیهان هیچکاتێک تا ئه‌م ڕاده‌یه‌ کورده‌کانی سووریای له‌ ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ به‌ فه‌رمی نه‌ناسیوه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش کورده‌کانی عێراق له‌خۆوه‌ ده‌گرێت. ڕاسته‌ که‌ داعش هه‌ندێک خه‌ساری سه‌پاندووه‌ به‌ سه‌ریاندا به‌ڵام هاوکات ئه‌وانیش له‌ چه‌ک و جیهازات و ڕاهێنانی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریکا، ئه‌ڵمانیا و دیکه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا که‌ پێیان دراوه‌ که‌ڵکیان وه‌رگرتووه‌. پێشمه‌رگه‌ تا ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر هێزێکی چریکیی سووکه‌ڵه‌ بوو و ئێستا بۆته‌ سوپایه‌ک که‌ ده‌توانێت له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێت.
کورده‌کان داعشیان ناچار به‌ کشانه‌وه‌ کرد و ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان په‌ره‌پێدا و گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئاسته‌ی بوونه‌ جێگای نیگه‌رانی بۆ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌ به‌غدا که‌ ته‌نیا چاوی لێده‌کرد نه‌یده‌توانی هیچ کارێک ئه‌نجام بدات. ئه‌وڕۆکه‌ سه‌ربه‌خۆیی بۆ کورده‌کان که‌ زه‌مانێک ته‌نیا خه‌یاڵێکی خاو بوو زۆر دووره‌ده‌ستیش نییه‌.
به‌مه‌شه‌وه‌ ساڵی 2016 تێکه‌ڵاوێک له‌ باش و خراپ بوو. که‌مینه‌ی کوردی تورکیا له‌ چاو سووریا و عێراق له‌ دۆخێکی باشدا نین.
کورده‌کانی تورکیا له‌ مانگی جووڵای 2015 ڕێبردنی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (HDP) بۆ په‌رله‌مانی تورکیایان کرده‌ چێژن. ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار بوو که‌ پارتێکی سه‌ر به‌ کورده‌کان ده‌چووه‌ په‌رله‌مانی تورکیا به‌ڵام شادییه‌که‌ درێژخایه‌ن نه‌بوو. ساڵێک پاش ئه‌وه‌ به‌ فه‌رمانی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا که‌ HDPی پاشه‌ڕۆی پارتی نایاسایی کرێکارانی کوردستان ده‌زانی، حه‌سانه‌ی یاسایی تێکڕای نوێنه‌رانی HDPی لابرد.
له‌ ئێستادا لێکۆڵینه‌وه‌ و پشکنین سه‌باره‌ت به‌ نوێنه‌رانی HDP و به‌ تایبه‌ت دوو ڕێبه‌ری ئه‌و پارته‌ له‌گه‌ڕدایه‌ و زۆربه‌ی هاوپارته‌کانیشیان دادگایی ده‌کرێن. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌ وه‌کوو به‌شێک له‌ داپه‌ڕه‌ نائاساییه‌کانی پاش کووده‌تا ئه‌و میدیا و پێکهاته‌ کوردیانه‌ی که‌ تۆمه‌تی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ PKKیان پاڵخرابوو داخران.
PKKه‌ش پاش شکستی دانووستانه‌کانی ئاشتی له‌ ساڵی 2015 توندوتیژییه‌کانی په‌ره‌پێدا. زۆربه‌ی کورده‌کان دۆخی ئێستای تورکیا له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی ده‌یه‌ی 1990 ناله‌بارتر ده‌زانن، چوونکه‌ ئه‌وکاته‌ پێکدادانه‌کان ته‌نیا له‌ ناوچه‌ گوندییه‌کان ڕوویان ده‌دا به‌ڵام ئێستا PKK شه‌ڕی هێناوه‌ته‌ ناو شاره‌کانیش و شه‌ڕڤانه‌کانی له‌ ناوچه‌کانی نیشته‌جێبوون جێگیر بوونه‌ و تورکیاش دژ به‌وان تۆپ و تانک به‌کار ده‌بات و بۆیه‌ش هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ خاپوور کراون.
ڕه‌نگه‌ ئامانجی PKK ئه‌وه‌ بێت سوپای تورکیا له‌ ناو شار سه‌رقاڵ بکات تاوه‌کوو داپه‌ڕی دژ به‌ هێزه‌کانی له‌ باکووری عێراق وه‌دواوه‌ بخات. به‌رنامه‌که‌ هه‌رچی بووبێت تێچووه‌که‌ی زۆر زۆر بووه‌، سه‌دان که‌س و له‌وان هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی کوژراون.
له‌ هه‌مان کاتدا لقێک له‌ PKK به‌ ناوی ته‌یرێن ئازادیا کوردستان به‌ بۆمبنانه‌وه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌سته‌نبۆڵ ده‌یان که‌سیان کوشتووه‌ و تووی ترس و نیگه‌رانییان له‌ ڕۆژئاوای تورکیا چاندووه‌. ئه‌ردۆغان سوێندی خواردووه‌ که‌ PKK به‌ گورزی ئاسنین له‌ ناو به‌رێت. هیچ کۆتاییه‌ک بۆ ئه‌م توندوتیژییانه‌ چاوه‌ڕوان ناکرێت چ بگاته‌ ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی دانووستانی ئاشتی ده‌ست پێبکاته‌وه‌.
به‌مه‌شه‌وه‌، سه‌رۆک کۆماری تورکیا هه‌ڵوێسته‌ توندئاژۆکانی خۆی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانیشی په‌ره‌ده‌دات. هێزه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ی ئه‌ندامی ناتۆ بۆ پشتگری له‌ میلیشیاکانی دژ به‌ داعش چوونه‌ته‌ خاکی سووریا و دیاره‌ ئامانجیان له‌م کاره‌ میلیشیاکانی YPGیه‌ که‌ پێوه‌ندییه‌کی نزیکیان له‌گه‌ڵ PKK هه‌یه‌.
ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یه‌وێت هه‌ر جۆرێک بووه‌ له‌ لکانی ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کان له‌ ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ ڕێگری بکات و ڕۆژئاواش به‌هۆی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌م شه‌ڕه‌ که‌وتۆته‌ گوشاره‌وه‌ و هه‌موو نێوبژیڤانییه‌کانیش تا ئێستا شکستیان هێناوه‌ و دۆخه‌که‌ دژوارتر بۆته‌وه‌.
کورده‌کانی عێراق دوور له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕ تووشی قه‌یرانێک هاتوون که‌ چاوی جیهان لێی نیه‌. نرخی خواره‌وه‌ی نه‌وت ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ چۆکدا هێناوه‌ و هه‌ر بینا و ته‌لاری ناته‌واوه‌ له‌و هه‌ولێره‌دا که‌ زه‌مانێک خه‌ریک بوو ده‌بوو به‌ پێته‌ختی کوردستان فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام ده‌ڕژێنه‌ ناو شه‌قامه‌کان و مووچه‌یان پێنادرێت.
مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و له‌ هاوپه‌یمانه‌ خۆشه‌ویسته‌کانی ڕۆژئاوا ئه‌گه‌رچی یه‌کساڵ له‌ سه‌رده‌می یاسایی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌ڵام له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه‌ و قه‌یرانه‌که‌ی به‌ربڵاوتر کردووه‌. گرووپه‌ به‌رهه‌ڵسته‌کانی تۆمه‌تی دیکتاتۆریه‌تی ده‌خه‌نه‌ پاڵ و په‌رله‌مانی کوردستان ته‌نیا له‌سه‌ر کاغه‌زدا بوونی هه‌یه‌.
یووسف محه‌مه‌د، سه‌رۆکی په‌رله‌مان له‌ حیزبی دژبه‌ری گۆڕان ته‌واو هه‌ست به‌ دۆخه‌که‌ ده‌کات. هێزه‌کانی ئاسایشی بارزانی ڕێگای پێناده‌ن بچێته‌ هه‌ولێر و ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌کی به‌رچاوه‌ له‌و ته‌نگژه‌گه‌له‌ی له‌ به‌رده‌م کورده‌کان و داهاتوویاندایه‌.
 
سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌رییDPA
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: هیوا ڕۆسته‌می زاده‌
 

کۆدی بابه‌ت: 66761  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۷  |  کاتژمێر: 13 : 35

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
ئیمکانات