هەڵوێستی ڕووسیا سەبارەت بە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست/ ئارمان مەحموودیان
ئارمان مەحموودیان، کارناسی پرسی ڕووسیا و کوردەکان لە یادداشتێک بۆ کوردپرێس دەنووسێت: "ڕووسیا تێدەگات، بەهێز کردنی جەماوەری کوردی ناوچە بە واتای زیاتر بوونی هێزیان بەرامبەر بە وڵاتانی هاوڕێیەتی، بۆیەش ئەوە بە داپەڕێکی گونجاو نازانێت خۆی لەو "نیوەهاوپەیمانانە" دوور بکاتەوە ".
 
لە سەرەتای ناسینەوە تا بەشدارییەکی بەربڵاو
پێوەندی ڕووسیا لەگەڵ جەماوەری کوردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژینەیەکی دوور و درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە سەردەمی پێش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و پێکهێنانی سنوورە هاوچەرخەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رەنگە بتوانین ساڵی 1813 بە سەرەتای پێوەندیی ڕووسەکان لەگەڵ کوردەکان بزانین. کاتێک رووسەکان پاش ڕێککەوتن لەسەر بڕیارنامەی گوڵستان لەگەڵ ئێرانی کاتی قاجار، تێکڕای خاکی قەفقازیان داگیر کرد. ئەو ڕووداوە جگە لە کاریگەریی سیاسی و سەربازی بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی ڕووسەکان کەمینەی کوردەکانی نیشتەجێی کۆماری ئازەربایجانی ئێستا بناسن. هەر لە سەرەتاوە ڕووسەکان حەزیان لێبوو لە کوردەکان وەکوو کارتێکی کایە دژ بە ڕەقیبی عوسمانیی خۆیان کەڵک وەربگرن، بەڵام لەو سەردەمەدا حکوومەتی عوسمانی ڕۆڵێکی سەرووی هۆزایەتیی هەبوو و خۆی بە دارولخەلافەی ئیسلامی دەزانی، بۆیەش کوردەکان بەرژەوەندی خۆیان لە دژایەتی لەگەڵ عوسمانییەکان نەدەدی. ئەگەرچی دوایە بەرە بەرە عوسمانییەکانیش ڕەنگی هۆزایەتییان لەسەر نیشت.
پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و پرسی پەیمانی سێڤر، کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ یەکەمین جار جیهانی بۆوە. بەڵام ڕووسەکان وەها بە ئینقلابی تازەپێگرتووی خۆیان سەرقاڵ بوون کە جیهان و دانیشتوانییان لە بیر کردبوو، تاکوو پاش شەڕی جیهانی دووهەم و داگیرکردنی ئێران لە لایەن هێزەکانی سۆڤیەت و بەریتانیا، مۆسکۆ بۆ یەکەمین جار ڕەوتێکی جیددی سەبارەت بە کێشەی کورد گرتە بەر و بە رێکخستنی کۆماری مەهاباد ویست و ئستراتێژیای درێژخایەنی خۆی بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی، وڵاتێک کە بتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ کرێملین ئەو دەورە بگێڕێت کە ئیسرائیل بۆ ڕۆژئاوای دەگێڕاند.
ئەگەرچی بەرە بەرە مۆسکۆ و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیسم وەها ناسۆناڵیسمی عەرەبی و سەرۆکەکانی لەوان جەمال عەبدولناسر، موعەمەر قەزافی و سەدام حسێنی بەرەو خۆی کێشا، کە ڕووسەکان کێشەی کوردیان لە بیر چوو. شیاوی ئاماژەیە دواتر پاش بەهێزتر بوونی ڕۆڵی تورکیا لە پێکهاتەی ناتۆدا، مۆسکۆ ئاوڕێکی لە جەماوەری کوردی تورکیا و pkk دایەوە. بەتایبەت ئەوەی کە سووریاش بە سەرۆکایەتی هاوڕێی مێژینەی سۆڤیەت، حافز ئەسەد، تا ڕادەیەک لەگەڵ pkk هاوکاری دەکرد. بەڵام نەبوونی ڕێگەی ڕاستەوخۆی جوگرافیایی، بە هێز بوونی ناتۆ و هەندێک تێیبینی سیاسی، سۆڤیەتی لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی کێشەی تورک-کورد وەستاند.
 
سەرهەڵدانی دووبارەی ڕووسیا
ڕووخانی سۆڤیەت و نائارامییە بەربڵاوەکانی نێوان هۆزەکان لە فێدراسیۆنی ڕووسیا، رووسیای بۆ ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی کێشە و تەنگژەی ناوخۆ کرد، وەها کە کاتێکی بۆ بیر کردنەوە و دەستێوەردان لە کایەی نیونەتەوەییدا نەمایەوە. بەڵام دواتر بە بۆنەی هەندێک هۆکار لەوان بەڕێوەبەرایەتی کردەوەگرایانەی پۆتین، هاودەنگیی جیهانی بۆ یارمەتیدانی ڕووسیای نوێ، بەرز بوونەوەی لەناکاوی داهاتی نەوت، بەسراوەیی ئەورووپا بە گازی ڕوسیا و گرینگتر لە هەموو سیاسەتی هەڵە و دەستێوەردانی دەوڵەتی ئەمەریکا لە ناوچەکە بووە هۆی ڕەخسینی دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەتایبەت کە دۆخێک "هاوشێوەی شەڕی سارد" نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا لەسەر بابەتی کەریمە دەستی پێکرد، بەرە بەرە گرینگایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ مۆسکۆ زیاتر بوویەوە. لە ڕوانگەی کرێملینەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاقارێکی لەبار بۆ دابین کردنی هاوسەنگی لە ململانێ لەگەڵ ئەمەریکایە.
 
بلۆکبەندی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ویستەکانی ڕووسیا
شەڕی ناوخۆی سووریا دەرفەتێکی بۆ ڕووسیا ڕەخساند تاکوو لەلایەکەوە توانای ئۆپەراسیۆنیی خۆی تاقی بکاتەوە و لەلایەکی دیکەوە تێڕوانین و ڕێدۆزەکانی خۆی سەبارەت بە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت. لە ڕاستیدا بەشداریی ڕاستەوخۆی ڕووسیا لە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک هەر تێگەیشتن و کاریگەریی ئەو وڵاتەی لە سەر قەیرانەکانی ناوچەکە قووڵتر کردەوە تەنانەت ڕووسیا بۆ پێکهێنانی بلۆکبەندی نوێی هاوپەیمانەکانی هەوڵێکی زیاتری دا.
گۆڕانکارییەکانی ئێستا نیشان دەدات ڕووسیا لەو هەوڵەدایە لە دۆخی ئێستادا سەرووی دانوستانە سیاسییەکان دوو بلۆکی هاوپەیمانی بۆ خۆی ساز بکات. بەشی یەکەمی ئەو هێزانە، هێزە یەکگرتووەکانی شێعە و لایەنەکانی بەرخۆدان بریتی لە ئێران، عێراق، سووریا و حیزبوڵڵای لوبنانە و ئەو بەشەکەی دیکەش هێزی کورد بەرامبەر بە بنەماخوازیی سوننە لە ناوچەکەیە.
 
سیاسەتەکانی ڕووسیا سەبارەت بە کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەمپەرەکانی
سەرەڕای ئەوەی ویستی دەروونیی ڕووسیا پێکهێنانی بلۆکێکی زۆر نزیک بە خۆیەتی و بۆ ئەو ویستەش پارە و فیکر و وزەی زۆری دەکار هێناوە، بەڵام هەموو پێداویستییەکان بۆ جێبەجێ بوونی سیاسەتەکانی ڕووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین نەکراوە. ڕووسیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لەگەڵ چوار لەمپەری سەرەکی ڕووبەڕوو دەبێتەوە:
1- دەوڵەتە عەرەبەکانی ناوچەی کەنداوی فارس و ئامرازێک بە ناوی نەوت
ئابووری ڕووسیا بە تەواوی بە هەناردەی وزە بە تایبەت نەوت و گاز بەسراوەتەوە و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانی داوە، کاتێک دۆخی ناوچەکە دژی ویستی دەوڵەتە عەرەبەکانی کەنداوی فارس بچێتە پێشەوە، ئەو دەوڵەتانە بە مەبەستی لاواز کردنی ئابووری ئێران و تەنانەت ڕووسیا لە بەرز کردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت کەڵک وەردەگرن. ئامرازێک کە ڕووسیا پاش ماوەیەکی زۆر دانوستان و ناوبژیوانی نێوان ئێران و عەرەبستان و ئەندامانی دیکەی ئۆپەک و دیکەی وڵاتان هەوڵی دا ڕێی لێ بگرێت، بەڵام ئەو خەسارەی بە بۆنەی گەمارۆکانی ئەمەریکا و ئەورووپا ئابووری مۆسکۆی بەخۆوەی دیوە و دابەزینی زۆری نرخی نەوت، دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا نەتوانێت جارێکی دی بەرامبەر بەم جۆرە گوشارانە خۆڕاگر بێت. بۆیەش کرێملین ناچارە ویستی شێخەکانی کەنداوی فارسی لەبەرچاو بگرێت.
2- کاردانەوەکانی ڕۆژئاوا لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەگەرچی ڕووسیا بە بوونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵ ئەدا لە ململانێی خۆی لەگەڵ ڕۆژئاوا لە سەر کێشەی کەریمە، ئامرازێکی بەکەڵک بۆ خۆی ساز بکات، بەڵام نابێ لە بیری بکەین ڕۆژئاواش ئامرازێکی وەک بەشداری زیاتری ناتۆ لە ناوچەی باڵکان و باکوری ئەورووپای ڕۆژهەڵات بۆ وێنە لیتوانیی هەیە. ئامرازێک کە بە ئاوڕدانەوە لە پێشکەوتنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی سیستەمی دژ بە مووشەکی ئەمەریکا دەتوانێت هەڕەشەیەکی جیددی بۆ ڕووسیا بێت و بۆیەش ڕووسیا قبووڵی کردووە بە پارێزەوە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵسوکەوت بکات.
3- هاوسەنگی لە پێوەندی لەگەڵ تورکیا
پاش کوودەتای بێئاکامی تورکیا و نامەی ئەردۆغان بۆ پۆتین، ڕووسیا و تورکیا هەر دوو دستیان کرد بە بووژانەوەی پێوەندییەکان و نەرمتر بوونەوە، ئەم بڕیارە هاوکات بوو لەگەڵ زیاتر بوونی ناکۆکییەکانی تورکیا و وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەوان فەڕەنسا و ئەمەریکا و ئاڵمانیا، بۆیەش ڕووسیا ئەو دۆخە بە دەرفەتێک بۆ دزە و لاواز کردنەوەی پێکهاتەی ناتۆ دەزانێت و نایەوێت بە کایەی لە ڕادەبەدەری کارتی کوردی ئەو دەرفەتە لە کیس بدات.
بە تایبەت ئێستا کە ڕووسیا دانووستانە سێ لایەنەکانی ئێران- ڕووس و تورکی پێکهێناوە و بۆ چارەسەریی قەیرانەکانی ناوچە هەوڵ دەدات، حەز لەوە ناکات بە بۆنەی جەماوەری کوردی ناوچە، کێشەیەک بۆ ئەو دانوستانانە ساز بێت.
4- وڵاتانی هاوڕێی ڕووسیا لە ناوچە
سێ وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆماری عێراق و کۆماری عەرەبی سووریا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نزیکترین ڕوانگەیان بە ڕووسیا بووە، کەم تا کورت سەبارەت بە کێشەی کورد کەڵکەڵەیان هەیە. ڕووسیاش دەزانێت بەهێز کردنی جەماوەری کوردی ناوچە بە واتای زیاتر بوونی توانایان بۆ ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ وڵاتانی هاوڕێیەتی و بۆیەش ئەوە بە داپەڕێکی گونجاو نازانێت کە خۆی لەو دەوڵەتە "نیوەهاوپەیمانانە" دوور بکاتەوە.
دەرەنجام
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پازێلێکی زۆر پێچدراوە و تێگەیشتن لێی کارێکی دژوارە. لە حاڵێکدا کە دەزگای سیاسیی ڕوسیا نیشانی داوە بە تەواوی ڕوانگەیەکی کردەوەگرایانەی هەیە و دەتوانێت ئاڵۆزیی ناوچەکە زیاتر بکات، لە لایەکی دیکەوە گۆڕەپانی کایەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کەنارێکی زیخەڵان، بەردەوام لە ئاڵوگۆڕدایە و جێ متمانە نییە. ڕووسیاش سەرەڕای ئەوەی کارتی زۆری هەیە بۆ کایە کردن، بەڵام بۆ چی کارتیشە لەمپەرێک لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێ، هەر بۆیەش خۆپارێزەرانە و بە زیرەکییەوە کایە دەکات. زیرەکییەک کە لە کۆنفەڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە وەڵامی ولادیمێر پۆتین بۆ هەواڵنێری کەناڵی کوردستان24، سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستانی عێراق خۆی نیشان دا. ئەو شانۆیەی بە پێداهەڵگوتن بە باڵای هێزی کورد لە دژایەتی لەگەڵ تێرۆریسمەوە دەستی پێکرد، زۆر ژیرانە بە وتنی "لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەستێوەرنادەین" تەواو بوو.

کۆدی بابه‌ت: 66718  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۶  |  کاتژمێر: 14 : 2

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
ئیمکانات