وتوێژی تایبه‌تی کوردپرێس له‌گه‌ڵ عه‌تا نه‌هایی نووسه‌ری خاوه‌ن شێوازی کورد
کوردپرێس: به‌رهه‌مه‌کانی عه‌تا نه‌هایی نووسه‌ری خاوه‌ن مێتۆدی کورد، بۆ ‏زۆرینه‌ی خوێنه‌ره‌ کورده‌کان ناسراوه‌. نه‌هایی وه‌کوو که‌سایه‌تییه‌کی هه‌ڵکه‌وتوو له‌ ‏ئه‌ده‌بیاتی سه‌رده‌مدا و به‌تایبه‌ت ئه‌ده‌بی داستانیی کوردی چه‌ندین ڕۆمان و ‏چیرۆکی به‌رچاوی خولقاندووه‌. بۆ نموونه‌ چیرۆکه‌کانی "زریکه‌"، "ئه‌و باڵنده‌ برینداره‌ ‏که‌ منم"، "ته‌نگانه‌"، ڕۆمانه‌کانی "گوڵی شۆڕان"، "گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه" و ‏‏"باڵنده‌کانی ده‌م با"‏ بۆ خوێنه‌ری کورد ناسراون.‏
 
مێتۆدی نووسینی نه‌هایی وه‌کوو نووسه‌رێکی داهێنه‌ر له‌ ئه‌ده‌بیاتی داستانی ‏کوردیدا تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی هه‌یه‌. بابه‌تی چیرۆک و ڕۆمانه‌کانی له‌ ‏که‌سایه‌تییه‌کان و کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی وه‌رگیراون. ئینسانی کورد به‌ هه‌موو ‏داڵغه‌ و کێشه‌کانیه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌کانی نه‌هاییدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌. له‌ ته‌کنیکی ‏نووسینیشدا، نه‌هایی تێزی نووسینی نووسه‌ره‌ پێشکه‌تووه‌کانی ئاستی جیهانی ‏به‌کار هێناوه‌. شێوازی نووسینی کامۆ، فاکنێر، کافکا و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر گوڵشیری ‏کاریگه‌رییان له‌سه‌ر عه‌تا نه‌هایی بووه‌‏.‎‏ نه‌هایی وه‌کوو ده‌ستپێکه‌ر و ڕچه‌شکێن له‌ ‏ئه‌ده‌بی داستانیی کوردیی سه‌رده‌م له‌ کوردستانی ئێران پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی له‌ ‏ئه‌ده‌بیاتی گه‌له‌که‌ماندا هه‌یه‌.‏
کوردپرێس به‌ مه‌به‌ستی زیاتر ناسینی ئه‌م نووسه‌ره‌ دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ناوبراو ڕێکخستووه‌ و ده‌قی گفتوگۆکه‌ به‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌.
* عه‌تا نه‌ها‌یی چۆن بوو به‌ نووسه‌ر؟
- هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ هۆگری ئه‌ده‌بیات بووم. حه‌زم له‌ خوێندن و نووسین بوو. منداڵی بنەماڵەیەکی هەژار بووم و تێکەڵاویشم لەگەڵ خەڵکانی دەوروبەرمان کە ئەوانیش هەژار بوون ببووە هۆی ئەوە کە گەلێک کێشە و مەینەتی لە دەروونمدا ببێت بە گرێ کە نه‌مده‌توانی ڕاسته‌وخۆ ده‌ریانببڕم. پێموابوو ئەدەبیات ئەو دەرفەتەم بۆ دەرەخسێنێت کە ناڕاستەوخۆ باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە.
زۆر حه‌زم له‌ گێڕانه‌وه‌ بوو. بۆ نموونه‌ هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کانی "زریکه‌"، یەکەم کۆمەڵە چیرۆکەکەم، ئه‌و که‌سایه‌تیانه بوو‌ن که‌ من له‌ منداڵیه‌وه‌ دەمناسین و خەمم لە ژیانیان دەخوارد. یه‌کێک له‌و چیرۆکانە‌، ئەولە و مەراقێکی دێرین، باسی منداڵی ئافره‌تێکی شێت ئه‌کا. ئه‌گه‌رچی داستانه‌که‌ داڕێژراوی مێشکی خۆمه‌ به‌ڵام ژیانی ئەو هانیدابووم کە بینووسم. پێم وابوو ئه‌و منداڵه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ چیرۆکەکەی بگێڕدرێتەوە، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌رده‌کانی به‌یان بکرێت. هەروەها زۆر کەسیتر کە لە لەو سەردەمەدا و دواتریش، تا ئێستا، ژیانیان ئیلهام بەخشی چیرۆک نووسینم بووە. چیرۆکنووسین خه‌یاڵ کردنه‌، یانێ من هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی کە پێم له‌ واقیعدا بووە، دوو ئه‌وه‌نده‌ سه‌رم له‌ ناو خه‌یاڵدا بوو. به‌رده‌وام خه‌ریکی خه‌یاڵبازی بووم. ئه‌و که‌شه‌ی تێیدا ده‌ژیام و پێم خۆش نه‌بوو، بە خەیاڵ دەمگۆڕی.لە منداڵیدا خۆم پاڵه‌وانی داستانه‌کانم بووم و به‌و عه‌قڵیه‌تی منداڵیه‌ی خۆمه‌وه‌ پێم وابوو کامێرا‌یه‌ک لە شوێنێکی نەدیوەوە هه‌یه‌ و فیلمم لێده‌گرێت. ڕووداوه‌کانی ده‌ور و پشتیشم زۆر ئازاریان ده‌دام. کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نه‌خۆش. چه‌رمه‌سه‌ریه‌کانی خه‌ڵکی ده‌ورو به‌ر و ژیانی بنه‌ماڵەیی خۆ‌م دواتر بوونە مادەی یەکەم نووسینەکانم.
کورتی بکەمە، ئه‌و هۆکارانه‌ی کە لە سەرەتادا بوونه‌ هانده‌ری من بۆ نووسینی چیرۆک، یه‌کەم؛خه‌یاڵبازیی به‌رده‌وام. دووهەم؛کاریگه‌ریی ڕووداوه‌کانی ده‌ورو پشتی خۆم و کۆمه‌ڵگە و سێهەمیش حەزی زۆرم بۆ گێڕانەوە بوو. سەرەتای گەنجییەتی من هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئەو ئاڵوگۆڕە گەورە سیاسی و کۆمەڵایەتییەو، پاشان ئەو هەموو رووداوە خوازراو و نەخوازراوانە کە لە ناو کۆمەڵگەدا روویاندا،من دەبوو ئەوانە بگێڕمەوە. دەبوو شایەتی ئەو سەردەمە بم و بە قەدەر توانای خۆم بینووسمەوە. دەبوو ئەوانە بە زمانی دایکم کە زمانی کوردییە بنووسم. هەڵبژاردنی زمانی کوردی بۆ نووسینی چیرۆک لەو کاتەدا جۆرێک سەرکێشی کردن بوو. نووسین بە فارسی بۆ من ئاسانتر و بڵاوکردنەوەش بێ عەزیەتتر و خوێنەری زیاتریشم دەبوو. بەڵام زمانی کوردی‌ فاکتەرێکی سەرەکی شۆناسە. هه‌م شۆناسی تاکه‌که‌سی، هه‌م شۆناسی نەتەوەیی و کێشەی شۆناسیش سەرەکیترین داڵغەی نووسینم بوو.
* هەر لەسەرەتاوە لە بواری داستاندا کارتان کردووه‌؟
-نەخێر. لە سەرەتادا هەم چیرۆکم نووسیوە، هەم شێعر. زیاتر شێعرم نووسیوە. بەڵام له‌ ناوه‌ڕاسته‌کانی ده‌هه‌ی شه‌سته‌وه‌ (1364-1365) چیرۆک بووه‌ به‌ ده‌غده‌غه‌ی سه‌ره‌کیی من و وازم له‌ شیعرنووسین هێناوە. چوونکه‌ پێم وابوو کارێکه‌ که‌ من ده‌ره‌قه‌تی نایه‌م و ناتوانم خشتێک بخه‌مە سەر ئه‌و بینا گەورەی شێعری کوردی‌.
* یانێ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ داستانتان هه‌ڵبژاردووە ئه‌وه‌ بووە که‌ لە شێعردا سەرکەوتوو نەبوویت؟
- من ده‌ره‌قه‌تی شیعر نایه‌م. جه‌زابیه‌تی داستان هه‌میشه‌ بۆ من زیاتر بووه‌. شیعر تاکبێژی خودی شاعیرە،بەڵام من زیاتر حەزم لە داهێنانی کۆمەڵگەیەکی داستانی بچووک یان گەورە کردووە کە خەڵکی دیکەی جگە لە خۆشمی تێدا دەرکەوێ کە تەعبیر لە خۆیان و کێشەکانی ژیانی خۆیان بکەن. من‌ زیاتر هۆگری گیڕانه‌وه‌ (روایت) بووم. زیاتر ویستوومە گرنگی بە گێڕانەوەی ڕووداوه‌کانی دنیای ده‌ور و به‌ری خۆم بدەم و پەردە لەسەر لایەنی نادیاری مرۆڤ و رووداوەکانی کۆمەڵگەکەم هەڵبدەمە و شیکاری هۆکاری روودانیان بکەم. لەسەرەتادا من زۆر ئاگاداری پێشینە و مێژینەی چیرۆکی کوردی نەبووم. ئەوەی خوێندبوومە بە زمانی فارسی خوێندبوومەوە. لە ساڵانی پێش و دوای شۆڕش گەلێک چیرۆکم لە نووسەرانی ئێرانی وەک دەرویشیان، یاقووتی، دەولەت ئابادی، بەهرام سادقی، گوڵستان و گوڵشیری خوێندبوەوە، گەلێک چیرۆکی نووسەرانی نەتەوەکانی دیکەشم بە تەرجەمەی فارسی خوێندبووەوە. بەڵام لە نووسەرانی کورد تەنیا کۆمەڵە چیرۆکی "پێکەنینی گەدا"ی رەوانشاد حەسەن قزڵجی و چەند چیرۆکێکی دیکەی نووسەرانی باشوورم خوێندبووەوە کە ئەوانیشم بەلاوە زۆر سەیر و سەرنجڕاکێش نەبوو. من حەزم لە چیرۆکی مۆدێڕن دەکرد و ئەوەی ئەو دەمە من خوێندبوومەوە زیاتر لە حەقایەت دەچوون. دواتر کە راپەڕین لە باشووری کوردستان روویدا و سنوورەکان تا رادەیەک کرانەوە چیرۆکی باش و مۆدێڕنی کوردیم بینی.
*دەکرێ بپرسم یەکەم داستانتان کەی و ە کوێ چاپ کردووە و چۆن درێژەتان بە کارەکانتان داوە؟
یه‌که‌م چیرۆکم له‌ ساڵی 67 له‌ گۆڤاری سروه‌دا چاپ کرد. ئه‌وه‌ یه‌که‌م چیرۆکم بوو که‌ سه‌رنجی خوێنه‌رانی ڕاکێشا و زیاتر بۆ نووسین هانیان دام. چاپی ئەو چیرۆکە بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ سوید، چه‌ند گۆڤاری کوردی وەک خەرمانە و ماۆستای کورد‌ داوای چیرۆکیان لێ کردم. دواتر ئه‌و چیرۆکانە و چەند چیرۆکێکی ترم م لە کتێبێکدا کۆ کردەوە و له‌ ساڵی 70دا به‌ پڕکێشیی یه‌کێ له‌ دوستان که‌ خۆی شاعیر و نووسه‌ر بوو، بە ناوی زریکە چاپم کردن. ئه‌وه‌ یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی کوردی بە قەڵەمی نووسەرێکی گەنج بوو کە لە دوای شۆڕش چاپ کرا. پاش چاپی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکە‌ هه‌ستم کرد تۆزێک په‌له‌م کردووه‌ و ده‌بوو بە کاری باشترەوە بهاتمایە مەیدانەکە بۆیە دووهەم کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکیشم نووسی. هەڕچەندە دوای چاپی زریکە دەستم بە نووسینی رۆمانێک کردبوو، بەڵام ئەوەندە بە پەلە بووم کە له‌ شه‌ش مانگدا شەش چیرۆکی کورتم نووسی و لە ساڵی 72 و 73 لەگەڵ سێ چیرۆکیتر لە کتێبێکدا بە ناوی "تەنگانە" کۆم کردنەوە کە ساڵی 74 چاپ بوو. چاپ کردنی کتێب لەو سەردەمەدا بۆ نووسەرێکی گەنج کارێکی زۆر سەخت بوو.
هەروا کە گوتم پاش زریکە دەستم بە نووسینی رۆمانی "گوڵی شۆڕان" کرد. ئەو دەمە کاک فه‌تاح ئه‌میری ڕۆمانێکی به‌ ناوی "هاواره‌ به‌ره‌" چاپ کردبوو. و به‌ر له‌ ئه‌ویش ڕه‌حیم قازی ڕۆمانی پێشمه‌رگه‌ی نووسیبوو، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران چاپی کردبوو.
چاپی رۆمانی "گوڵی شۆڕان"لەو کاتەدا وەک رووداوێکی ئەدەبی بوو کە سەرنجی زۆر خوێنەری لە باشووری کوردستان و تەنانەت ئەورووپاش راکێشا. ئەڵبەت ئەوە بە یارمەتی زۆر کەسی وەک مامۆستا شێرکۆ بێکەس (کە لە کۆڕەکانی ئەوروپای باسی کردبو) و کاک هاشم ئەحمەدزادە کە لە تێزی دۆکتۆراکەی لە زانکۆی ئۆپسالا، لەگەڵ چەند رۆمانێکیتر ئاوڕی جدی لێدابووەوە، کرابوو. لەوە دواش دەستم بە نووسینی رۆمانی "باڵندەکنی دەم با" و هاوکات کۆمەڵە چیرۆکی " ئەو باڵندە بریندارە کە منم" کرد و وەک فارسەکان دەڵێن: باقی ماجرا...
* وه‌کوو خۆتان ئاماژه‌تان دا خوێنه‌ری داستانه‌ فارسییه‌کان وه‌کوو به‌رهه‌مه‌کانی گوڵشیری و ده‌وڵه‌ت ئابادی و که‌سانی تر بوون ئایا که‌سێکی تایبه‌ت هه‌یه‌ که‌ جه‌نابتان زیاترین کاریگه‌ریتان لێوه‌رگرتبێ؟ ئێستا له‌ ناو فارسه‌کان یان هه‌ر زمانێکی دیکه‌؟
بە دڵنیاییەوە زۆر نووسەری ئێرانی و نەتەوەکانیتر لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانمدا کاریگەریان لەسەرم هەبووە. لە زۆر نووسەر شت فێر بووم، بەتایبەت لە بواری چیرۆکنووسیندا. پێشتر لە زۆر وتووێژدا باسی ئەو نووسەرانە و شێوەی کاریگەرییەکانیانم کردووە. لە سەرەتای خوێندنەوەی چیرۆکی جیدیدا کارەکانی سادق هیدایەتم خوێندۆتەوە و زۆر کاریگەریان لەسەرم هەبوو. لە نووسەرانی بیانیشدا کافکا و کامۆ و زۆرێک لە نووسەرانی وجوودی و ئیگزیستانسیالیست کاریان لەسەرم کردووە. دواتر لە ئەدەبی رووسیدا شەیدای بەرهەمەکانی داستایۆڤسکی بووم. نووسەر میراتگری هەموو ئەدەبیاتی پێش خۆیەتی و ئەوەی فێری دەبێت لە ئەوانەوە فێری دەبێت. بەرهەمی هەر کەسێکم زۆر پێخۆش بووبێت بێگومان کاریگەری لەسەرم هەبووە. بەڵام وەک شیوازی نووسین، رەوانشاد هووشەنگی گوڵشیری لەو دەگمەن نووسەرە ئێرانیانەیە کە لە بواری چیرۆکنووسیندا زۆر شتی لێ فێربووم. بە تایبەت لە چیرۆکەکانی و شێوازی کارکردنی و داڵغە داستانییەکانی. راستیه‌که‌ی ئه‌گه‌ر به‌ من بڵێن له‌ ناو داستاننووسه‌ ئێرانیه‌کاندا کێت له‌ هه‌مووان خۆشتر ده‌وێ ده‌ڵێم گوڵشیری. گوڵشیری نه‌ک هه‌ر بۆ من، به‌ڵکوو بۆ زۆربەی داستاننووسەکانی هاوبه‌ره و هاوتەمەنی من لە ناو فارسەکاندا مامۆستا بووە. زۆرینه‌ی داستاننووسه‌ باشەکانی ئێران که‌ ئێستا خۆیان ئوستادن و کاریگەری دیاریان لەسەر رەوتی داستانی فارسی هەیە شاگردی گوڵشیری بوون. مه‌نده‌نی پوور و خوسره‌وی و مۆنیرۆڕه‌وانی پوور و زۆر له‌وانه‌ شاگردی گوڵشیری بوون. هه‌ڵبه‌ت من شانازی ئه‌وه‌م نه‌بووه‌ لە نزیکەوە شاگردیی ئه‌و پیاوه‌ بکه‌م و جگە لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دوور و درێژ، لە نزیکەوە نه‌مبینیوه‌. به‌ڵام من له‌ ڕێگهی‌ وتاره‌کان و داستانه‌کانی گوڵشیرییه‌وه‌ فێری زۆر شت بووم. فێری بایەخدان بە زمان و فۆڕمی نوێی داستانی، فێری گرینگیدان بە زهنیەت و چۆنیەتی شۆڕبوونەوە بە ناخی زهنییەتی کاراکتێرەکان لە داستاندا.
من یه‌که‌م جار "شازاده‌ ئیحتیجاب"یئەوم خوێنده‌وه‌ و دواتر "تووڕەیی و هەراوهوریا"ی فاکنەرم خوێندەوە. یانی من ئه‌ده‌بیاتی زه‌ینی و "ڕه‌وایه‌تی سەیالی زهن" یان "شەپۆلی وشیاریم" له‌ گوڵشیریه‌وه‌ ناسی.
* پێتان وایه‌ شێوازی ڕه‌وایه‌تی کاره‌کانیخۆتان زۆر له‌ گوڵشیری نزیکه‌؟
- هه‌روه‌ها که‌ وتم زۆرێک لە چیرۆکنووسە ئێرانیەکانی سەردەم بە جۆرێک لە جۆرەکان شاگردی گوڵشیری بوون، به‌ڵام هیچیان وه‌ک خۆی نانووسن. یانێ هه‌ر که‌سێک به‌ میتدۆی خۆی ده‌نووسێت. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ کاریگه‌ریی زۆری لەسەر چۆنیەتی روانینم بۆ چیرۆک و و داڵغەی شێوازی گێڕانەوەم هەبووەبووه‌.
*ئەی لە ناو نووسەرە کوردەکانی پێش خۆتدا؟
هەر چەندە شێعری کوردی، بەتایبەت شێعری کلاسیکیی کوردی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام بەداخەوە پەخشان یان "نەسر"ی کوردی مێژوویەکی دوور و درێژی نییە. چیرۆکی کوردیش (ئەوەی بەلای منەوە چیرۆکە) تەمەنی لە پەنجا ساڵ تێناپەڕێت کە بەشی زۆریشی بە قەڵەمی نووسەرانی باشووری کوردستان (کوردستانی عێراق) نووسراوە. پێشتر گوتم کە لەسەرەتای نووسینمدا ئاگادارییەکی زۆرم لە چیرۆکی ئەو بەشەی کوردستان نەبوو. تەنیا لێرە و لەوێ، لەم گۆڤار و ئەو گۆڤاردا چەند چیرۆکێکم بینیبوو و خوێندبوومەوە کە زۆربەیان دەچوونە خانەی ئەدەبیاتی بەرگری و موقاومەتەوە. دواتر، لە پاش راپەرین زۆرێک لە بەرهەمی نووسەرانی کوردی ئەو بەشەم ناسی، کە ئەگەرچی بەشێکیان چیرۆکی باش و سەرکەوتوو بوون بەڵام کاریگەرییەکی ئەو تۆیان لەسەر من و کارکردنم نەبوو. داڵغە ئەدەبییەکانیشم لەوان دوور بوو. من سەرم لە ناو کتێبخانەی فارسیدا بوو، لە رێگەی زمانی فارسییەوە چیرۆکم ناسیبوو، هاوکارەکانم لەوێ سەریان لە ناو کتێبخانەی عەرەبیدا بوو لە رێگەی ئەو زمانەوە چیرۆکیان ناسیبوو. زەوقی ئەدەبیشمان تا رادەیەک لێک جیا بوو. فۆڕم و شێوازی کارکردنیشمان تا رادەیەک لێک جیابوو. ئەڵبەت ئەمە خراپ نییە. ئەمە یارمەتی داوین کە چیرۆکی کوردی جۆراوجۆری و (تنوع)ی تێدا بێت.
* ئه‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بیاتی کوردی فۆرمێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، یان نا،‌ لاسایی کردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتێکی تایبه‌ته‌ یا خود ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌ و هه‌ر به‌شێکی کاریگه‌ریی له‌ ئه‌ده‌بیاتیێکی تره‌ وه‌رگرتووه‌؟
- ئه‌ده‌بیاتی کوردی ئه‌ده‌بیاتێکە کە لە کۆمەڵە دوورگە یان "مجمع الجزایرێک"ی دوور و دابڕاو له‌یه‌کتر بەرهەم دێت. ئه‌ده‌بیاتێکه‌ که‌ له‌ کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا، سووریا و تەنانەت له‌ ئه‌ورووپاش به‌رهه‌م دێت. که‌واته‌ ئه‌م ئه‌ده‌بیاته‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌.
بەڵام بە نسبەت چیرۆکەوە (بەو مانا تازەیەی ئەم سەردەمە) سەرچاوە و ئاخێزگەی چیرۆک رۆژاوا و وەڵاتە رۆژاواییەکانە. سەرەتا چیرۆک لەوێوە هاتۆتە لای ئێمە و ئێمەش وەک هەموو وەڵاتە رۆژهەڵاتییەکان، بەو رچە و رێبازەدا دەڕۆین کە نووسەرە رۆژاواییەکان رۆشتوون. بەڵام هەر کەس لە وەڵاتی خۆی و بە زمانی خۆی و تەجرەبەی خۆی دەنووسێتەوە. ئێمە هەرچەندە بەو رێگەدا دەرۆین کە پێشتر ئەوان رۆشتوون بەڵام هەوڵ دەدەین، یان دەبێ هەوڵ بدەین ئیمکانات و قابلییەتەکانی ئەو ژانرە دەوڵەمەندتر بکەین. بە چی؟ بە سوود وەرگرتن لە ئیمکاناتی فەرهەنگی خۆمان. بە سوود وەرگرتن لە پێشینەوەی رەوایەتی خۆمان کە لە فۆڕمە نەریتییەکانی گێڕانەوەی بەیت و باو و حەقایەت و ئەفسانەکانماندا خۆی دەبینێتەوە. جگە لەمانەش هەوڵ دەدەین چیرۆکی مرۆڤی خۆمان بگێڕینەوە و پەردە لەسەر کێشەکانی کۆمەڵگەی خۆمان هەڵبدەینەوە. بۆ مەسەلەی لاسایی و کاریگەری چیرۆکی نەتەوەکانیتریش، ئەوە باسێکی دوور و درێژە و پێویستی بە دەرفەتێکی زیاتر بۆ هەڵسەنگاندن هەیە.
* یانێ کورد ده‌توانێت فۆرمی تایبه‌ت به‌ خۆیشی ببێت؟
- کوردیش وەک هەموو نەتەوەیەکیتر مێژوو و فەرهەنگی تایبەت بە خۆی هەیە، زمانی خۆی هەیە، پێشینەی گێڕانەوە و رەوایەتی دەستانی زارەکی خۆی هەیە، فانتزی خۆی هەیە، روءیا و دنیابینی خۆی هەیە. سەیر کەن نووسەرانی نەتەوەکانیتر چۆن ئەم شتانەی خۆیان خستووەتە خزمەتی چیرۆک و رۆمان نووسینیانەوە. بۆ نموونە نووسەرانی هیندی، عەرەب، فارس، یان نموونەیەکی دیارتر نووسەرانی وەڵاتانی ئەمریکای لاتین چۆن سوودیان لە مێژوو، فەرهەنگ و نەریت یان سوننەتی گێڕانەوەی زارەکییان وەگرتووە. ئەوان شێوازی گێڕانەوەی ئەفسانە جادووییەکانی خۆیان خستۆتە پاڵ گێڕانەوەی ریالیستی کە لە دەرەوەی فەرهەنگی خۆیانەوە هاتووە و سیمایەکی تازەیان بە چیرۆک و رۆمانەکانیان بەخشیوە. من بۆخۆم لە بەشێک لە چیرۆکەکان و هەر سێ رۆمانەکەمدا سوودم لە بەیت و حەقایەتە کوردییەکان وەرگرتووە و بە قەدەر مەجالی کارەکەم هەوڵمداوە گێڕانەوەیەکی کوردی بکەم. هاوڕێ و هاوکارەکانی دیکەشم هەر کەس بە شێوەی خۆی هەوڵیان بۆ ئەوە داوە. وێڕای ئەوانەش نابێ لەبیرمان بچێت کە پرس و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ئێمەی کورد خاڵی لێکچوون و جیاوازی زۆری لەگەڵ پرس و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی نەتەوەکانیتر هەیە. کۆمەڵێک پرس بۆ ئێمە و لەم سەردەمەدا پرسی جدین. گرینگیدان بەمانە و رەنگدانەوەیان لە ناو چیرۆک و رۆمانەکانمان جۆرێک تایبەتمەندی بە ئەدەبەکەمان و بەتایبەت ئەدەبی داستانیمان دەدات.
ئێمه‌ ده‌توانین پرس و کێشەکانی نەتەوە و کۆمەڵگەی خۆمان ڕه‌وایه‌ت بکه‌ین.
*تۆ بۆ خۆت لە کارەکانتدا ئەوەت کردووە؟
من ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. بەڵام ئەوەی بە شوێن وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێ دەبێ بزانێت ئایا مرۆڤی کورد بە کێشە نەتەوەییەکانییەوە لەکارەکانی مندا هەیە یان نا؟ پرسی شناس یان هۆوییەت کە پرسێکی گرینگی مرۆڤی کوردە لە کارەکانمدا بەرجەستە کراوە یان نا؟ پرسی شناس لای ئێمە جیاوازە لە لای خەڵکیتر. زۆرێک لە پرس و کێشەکانیتریش جیاوازن. ئایا من توانیومە رەچاوی ئەو جیاوازییانە بکەم؟ ئایا کۆمەڵگەی داستانی چیرۆک و بە تایبەت رۆمانەکانم لە کۆمەڵگەی کوردییەوە نزیکە؟ کێشەکانی، کێشە مێژوویی و سیاسی و فەرهەنگییەکانی، کێشە فکری و مەعریفییەکانی، لە کێشەکانی کۆمەڵگەی خۆمانەوە نزیکە؟ ئایا کاتێک بە کۆمەڵگەی داستانی رۆمانەکانی گوڵی شۆڕان، باڵندەکانی دەم با، یان گرەوی بەختی هەڵاڵەدا دەگەڕێت هەست دەکا ئەوە کۆمەڵگەی خۆمانە و مرۆڤ و رووداوەکانی مرۆڤ و رووداوی دەورووبەری خۆمانە؟ ئەو پرسیارانە دەبێ خوێنەر وەڵامیان بداتەوە.
* ئاماژه‌ کرا به‌ رۆمانەکانت، گره­وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌، باڵنده‌کانی ده‌م با، یان گوڵی شۆڕان. هۆکاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناوانه‌ بۆ کتێبەکان چی بووە؟ یان ناوی کۆمەڵە چیرۆکەکان؟ ئایابە هۆکارێکی تایبه‌ت ئەو ناوانەتان بۆ کتێبەکان هەڵبژاردووە‌؟ یان ئه‌و ناوانه‌تان به‌ مه‌به‌ستی گەیاندنی په‌یامێک هەڵبژاردووە؟
- هەڵبژاردنی ناو بۆ کتێبەکان و تەنانەت بۆ یەکە یەکەی چیرۆکەکانیش بۆ من کارێکی دژوار و پڕ کێشەیە‌. زۆری بیر لێدەکەمەوە و هەندێک جاریش کتێبم لە چاپخانەوە گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی ناوی چیرۆکێک بگۆڕم. داڵغەی هەڵبژاردنی ناو بۆ کتێبەکانم لە هەر قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکیتر و لە هەر کارێکەوە بۆ کارێکیتر جیاواز بووە. بۆ هەندێک لە کتێبەکان، بە تایبەت بۆ دوو کۆمەڵە چیرۆکی سەرەتا بە پێێ فەزای گشتی داستانەکان و هەلومەرجی کەسایەتی و رووداوەکان، ناوێکی تاک وشەییم هەڵبژاردووە، کە ئەگەر ئێستا بوایە ئەو کارەم نەدەکرد. بۆ نموونە "زریکە" بە مانای "قیژە" یان "جیغ" هەرچەندە لە یەکێک لە چیرۆکەکانەوە هاتووە بەڵام بۆ بەرجەستەکردنی بارودۆخی ژیانی هەموو کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانی ئەو کتێبەیە. یان "تەنگانە" کە ناوی هیچکامە لە چیرۆکەکانیش نییە، پێموابووە زۆربەی کەسایەتی چیرۆکەکانی ئەو کتێبە لە تەنگانەدان. ئەڵبەت لەو سەردەمەدا پێموابووە کۆمەڵگەی کوردی بە گشتێ لە تەنگژە و تەنگانەدایە. ئێستا لەو سێ کۆمەڵە چیرۆکە تەنیا ناوی "ئەو باڵندە بریندارە کە منم" بە دڵە کە ناوی یەکێک لە چیرۆکەکانی ئەو کتێبە و ناوی شێعرێکیشە کە کاراکتەری سەرەکی چیرۆکەکە (کە ژنە) نووسیویەتی. ئەوە ناوێکی شاعیرانەیە کە جگە لەوەی کە تەعبیر لە هەلومەرجی ژیانی کەسایەتی چیرۆکەکە دەکات، بەشێوەیەک تەعبیر لە هەلومەرجی ژیانی کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکانیتر و تەنانەت خۆشم لەو قۆناغەدا دەکات.
بۆ رۆمانەکانیش ناوی "گوڵی شۆڕان"م لە بەیتی لاس و غەزاڵ وەرگرتووە و لەو رۆمانەدا ئاوڕێکی ئەمڕۆییانەم لە خودی بەیتەکە و کەسایەتییەکانیشی داوەتەوە. ئەو ناوە بە جۆرێک رەمزییە و مانایەکی قووڵتر لە وشەکەی هەیە.
له‌ به‌یتی لاس و غه‌زاڵدا، ‌غه‌زاڵ بۆ ئەوەی لاس عەشقەی پێ ئیسبات بکات دەینێرێت بە شوێن گوڵێکی رەمزیدا و لاس لە پێناوی هێنانی ئەو گوڵە دەکوژرێت. بەڵام لە رۆمانەکەدا لاس شوێن خەون و روئیا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دەکەوێت و وەک خۆی دەڵێت لە پێناوی سەتڵێک ئاو بۆ کووژاندنەوەی شارە سووتاوەکەی تووشی ئەو هەموو نەهامەتییە دێت کە هاتووە. "باڵندەکانی دەم با"ش تەعبیر لە کات و ساتە پەرتەوازەکانی ژیانی مرۆڤ لە بەر با و تۆفانی فەرامۆشی دەکات کە تێمی سەرەکی کارەکە و داڵغەی سەرەکی من بۆ نووسینە. گرەوی بەختی هەڵاڵەش، وەک دەزانن لەو رۆمانەدا گرەو و قوماری باوک و کۆمەڵگەی باوکسالارە لەسەر ژیان و چارەنووسی ژن. گرەو و قومارێک کە بەداخەوە لەو رۆمانە و تەنانەت لە کۆمەڵگەی هێشتا سوننەتی کوردیدا ئەوە ژنە کە دەیدۆڕێنێت. چاک بێت یان خراپ ناوی دووهەمی کتێبەکان سیحری ناوی یەکەمیان بەتاڵ دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات. بەشێک لەم ناوانە رەنگە تەرجەمەیان بۆ زمانیتر سەخت بێت بەڵام من لەو کاتەدا گرینگیم بەوە نەداوە و گۆڕینیانم بۆ وەرگێڕەکان داناوە.
* به‌ڕای جه‌نابتان ئاستی ئێستای داستاننووسی کوردی چۆنه‌ و له‌ چ ئاستێکدایه‌؟
- هه‌روا که‌ پێشتر وتم چیرۆک و رۆمانی کوردی بە مانا هاوچەرخەکەی لای ئێمە ته‌مه‌نی کورته‌. به‌ڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کاری باش کراوە و دەکرێت.
زۆر جار گوتراوە کە نووسینی چیرۆک و بەتایبەت رۆمان پێویستی بە نووسەرانێکە کە عەقڵییەتی کۆن و نەرێتییان تێپەڕاندبێت، نووسەرانێک بە عەقڵییەت و دنیابینی نوێ و مۆدێڕن کە مرۆڤ بە چاک یان خراپی موتڵەق نەبینن. توانای قووڵبوونەوە بە زهنیەتی مرۆڤەکان و رۆچوون بە ناخی رووداو و هەلومەرجەکانیان ببێت. بڕوایان بە حەقیقەتێکی تاقانە نەبێت و بزانن کە هەموو شتێک رێژەییە. کات و شوێنی خۆیان و سەردەمەکەیان بناسنن و ناسین و زانینەکانیان و، بڕوایان بە بەهاکانی ئەم سەردەمە، دەروونی بووبێتەوە. ئەوە، بە تایبەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا،کارێکی زۆر سەختە. زۆر کەس خەریکن چیرۆک و رۆمان دەنووسن، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانە کە لانیکەم بەشێک لەم تایبەتمەندیانەیان ببێت و لە بەرهەمەکانیاندا دیار و بەرجەستە بێت، رەنگە لە ژمارەی ئەنگوستەکانی دەست تێنەپەڕێت. ئەو ژمارە و بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە دەگمەنانەش بەلای منەوە شتێکی دڵخؤشکەرە. من کە ئاوڕ لە دواوە، بەتایبەت لەم سی ساڵە دەدەمەوە کە خۆم ئاگاداری هەم، کە ئاوڕ لە سەختی کارەکە و ئازایەتی و ماندوویی ئەو نووسەرانە دەدەمەوە کە بەردەوام هەوڵ بۆ خۆ نوێ کردنەوە و کاری تازە کردنن، کە ئاوڕ لەو هەموو گیر و گرفت و پرس و کێشە دەدەمەوە کە ئەو نووسەرانە رووبەڕووی بوونەتەوە و دەبنەوە، وێڕای واقیعبینیم کە بەلای هەندێک کەسەوە شان لە رەشبینی دەدا، هەست دەکەم مەسیرێکی باش و قابیلی قبووڵ بڕدراوە. ‌کاری تا رادەیەک باش کراوە و کاری باشتریش بەڕێوەیە.
"شازده‌ احتجاب" له‌ به‌ر هۆگری جه‌نابت به‌ شێوازی گێڕانەوەی گوڵشیرییه‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌ کراوه‌ته‌وه‌ به‌ کوردی؟
- لە پێشدا پێویستە بڵێم تەرجەمە یان وەرگێڕان بە گشتی و وەرگێڕانی ئەدەبی بە تایبەت بۆ ئێمەی کورد لە ئێستادا زه‌روورترین کاری فه‌رهه‌نگیه؛ نه‌ک هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی دنیامان پێبناسێنێت (ئێمه‌ دەتوانین له‌ ڕێگه‌ی زمانه‌کانی تریشه‌وه‌ بە ئەدەبیاتی دنیا ئاشنا ببین) به‌ڵکوو بۆ ئەوەی لە رێگای وەرگێڕانەوە خزمەت بە زمانەکەمان بکەین و هەوڵ بۆ تازەکردنەوەی بدەین.
من چیرۆکنووسم. وەرگێڕ نیم. بەڵام لەبەر ئەو زەروورەتە لە چەند ساڵی رابوردوودا زیاتر لە دە کتێبم کە زۆربەی زۆریان رۆمانن تەرجەمە کردووە. کۆمەڵێک رۆمانی شاکار لە نووسەرانی ناودار لە ئاستی جیهانیدا، نووسەرانێکی وەک ئیتالۆ کالڤینۆ، کورت ڤۆنێ گات، میلان کۆندێرا، کافکا، یووسا، هاینریش بۆل و... لە ئەدەبیاتی داستانی هاوچەرخی فارسیش شازادە ئیحتجابی گوڵشیری و کۆمەڵێک چیرۆک لە چیرۆکنووسانی هاوچەخی ئێرانی. شازادە ئیحتجابی گوڵشیری یەکەم رۆمانێک بوو کە شانزە ساڵ لەوە پێش وەرمگێڕا. بێگومان بەشێکی بە هۆی شەیدایی خۆم بوو بۆ ئەو شێوازە گێڕانەوە زهنییە و، هەست کردن بە پێویستیی ئەو جۆرە بەرهەمە، لەو ئاستە سەرکەوتووەدا، بە زمانی کوردی و لە ناو کتێبخانەی کوردیدا.
عه‌تا نه‌هایی ئێستا سه‌رقاڵی چییه‌؟ تەرجەمە؟ ڕۆمان؟ داستان؟
له‌سه‌ر مێزه‌که‌م هه‌ر سێکیان هه‌یه‌. هه‌م ته‌رجه‌مه‌، هه‌م ڕۆمان، هه‌م داستانی کورت. به‌ڵام نازانم کامەیان و کەی بە ئه‌نجام ده‌گات. من ئێستا دوو ڕۆمانی ناته‌واوم هه‌یه، که‌ یه‌کیان 300 لاپه‌ڕه‌شی لێ نووسراوه‌. کێشه‌ی من هه‌ر ئه‌و زۆر نووسینه‌یه‌. من خۆم حه‌زم له‌ ڕۆمانی قەبارە گەورە نییە. رۆمانێکی دیکەش هەیە کە ئێستا لەبەر دەستمدایە و سێ فەسڵی لێ نووسراوە کە نازانم کەی تەواو دەبێت. ناوە ناوەش چیرۆک دەنووسم. چەند پڕۆژەیەکی دیکەشم هەیە کە نازانم بە کوێ دەگەن.
لێره‌ چه‌ند ناوه‌ند بۆ زمانی کوردی هه‌ن. ئه‌و ناوه‌ندانه‌ چۆن ده‌بینن؟
زۆر ئاگادار نیم. ئەڵبەت تەواو بێئاگاش نیم. من زۆر زۆر ڕێز بۆ ئه‌و کەس و ناوه‌ندانه‌داده‌نێم که‌ خه‌ریکی فێر کردنی خوێندن و نووسینی کوردین. ئه‌وان بە شانازییەوە ئەو بۆشاییە گەورە پڕ دەکەنەوە و ئەو کارە زەروورییە دەکەن کە لە هەموو کوێی دنیا سیستەمی رەسمی پەروەردە دەیکات. ئەوە کێشەیەکی گەورەی کوردە بە تایبەت لە سەد ساڵی رابوردوودا کە بەردەوام باسمان کردووە و دەبێ بیکەین. ئەوە بەربەستێکی گەورەیە لەسەر رێگای کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەت پێشکەوتنی ئەدەبیاتی نەتەوەییمان.

 

کۆدی بابه‌ت: 66555  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۲  |  کاتژمێر: 14 : 2

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
پاسی یۆرۆ 4 دێتە ڕیزی پاسەکانی کرماشان/ عابر بانکی تایبەت بە کەمئەندام لە کرماشان جێگر دەکرێت
سنە دەبێتە میوانداری ڕکابەرییەکانی باکووری رۆژئاوای وڵات لە ٦ بەشی وەرزشی
ئەگەری هێرشی هاوبەشی ئێران و تورکیا لە دژی پەکەکە
دووهەمین فرۆکەى بێ فرۆکەوانی ئەمریکایی لە تورکیا کەوتە خوارەوە
ڕۆژئاوا دەبێ ڕوانگەی خۆ هەمبەر بە پەکەکە بگۆڕێت
کۆڕبەندی بەرزڕاگرتنی یادی مەحزوون کوردستانی لە دیواندەرە بەڕیوەچوو
زیاتر لە ٢٠٠٠ کەیسی پشکنین لە یەکە سینفییەکانی کوردستان لە ماوەی یەک حەفتەدا ئەنجام دراوە
حەوتەی فەرهەنگیی تەونی هەوشار لە تەلاری پارکی هونەرمەندانی تاران بەڕێوە دەچێت
کاردانەوەی نوێنەری مەهاباد بە گواستنەوەی ئاوی زەڕینە بۆ تەورێز
لە هەڵەبجە بوومەلەرزەیێک ڕووی دا
به‌رپرسی زیندانی بوونی هاوسه‌رۆکان و نوێنه‌رانی هه‌ده‌په‌ پارتی کۆماریخوازی گه‌له‌/ گرینگترین پرس یه‌کده‌نگی له‌ دژی دیکتاتۆریی ئه‌ردۆغانه‌
دیالۆگ کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناکات
ئه‌مریکا پاش شکستی داعش له‌ سووریا نامێنێته‌وه‌
تەقینەوە لە میتینگی کوردەکانی ئەڵمانیا
57 گوندی ساین قه‌ڵا له‌ گازی سروشتی به‌هره‌مه‌ند ده‌بن
ئیمکانات