دوای ئەم ھەموو کوشتنە.. ڕوو لە کام ئاسمان بکەین؟/ مەریوان وریا قانع
به‌شی کوردی/ وتار- لەدوای تاوانەکانی ھۆلۆکۆست و کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکەکانەوە، تیۆدۆر ئەدۆرنۆی فەیلەسوفی ئەڵمانی، لە نووسینێکی ھێجگار بەناوبانگدا نووسیی “لەدوای ئەوشفیتز، واتە لەدوای تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکانەنەوە، نووسینی شیعر کارێکی بەربەریانەیە“. کەی تاوانی گەورە کرا قەڵەمەکان پێویستە بێدەنگبن.
 ئەم دۆخە بەشێکە لە مێژووی نووسین و مێژووی کارەساتەکان بەیەکەوە. زۆرجار ڕوویداوە نووسەران و ڕۆشنبیران ھەست بە نائومێدییەکی قووڵ و بەرفراوان بکەن.
لەبەردەمی گەورەیی تاوان و خراپەکارییەکاندا مانایەک بۆ نووسین نەدۆزنەوە.
ھەست بەوە بکەن دونیا بە جۆرێ ناشیرین و بەربەریی بووە، ھیچ نووسێنک دادنادات و ھیچ کارێکی ھونەریی و ئەدەبیی کەڵکی نەماوە.
لەم ناوچەیەی ئێمەدا ئەم ھەستە لەناو ڕۆشنبیران و نوسەرانی عەرەبدا بەڕادەیەکی گەورە بەھێز و بەرچاوە.
ئەو ڕۆژەی یەکێک لە یەکەمین جیھادیستەکان بە ئوتۆمبیلێکی پڕ تەقەمەنییەوە لە ساڵی ١٩٨١دا لە بەیروت خۆی کرد بەناو سەفارەتی عێراقدا و خۆی تەقاندەوە، یەکێک لەوانەی کوژرا بەلقیسی ژنی نزار قەبانی بوو، کە وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی لەو سەفارەدا کاریدەکرد.
نزار قەبانی لە شیعرە بەناوبانگەکەیدا بەناوی ”قەسیدەی بەلقیس“دا باسی لەوەکرد کە لەدوای کوشتنی بەڵقیسەوە ھیچ مانایەک بۆ شیعرنووسین نامێنێتەوە.
دوای پەلاماردانی ئیسرائیل بۆ لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢دا و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیەکەی ئیسحاق شارۆن لە کەمپی ”سەبرا و شاتیلا“دا و دوای ناچارکردنی چەکدارە فەلەستینییەکانیش بە بەجێھێشتنی لوبنان بەرەو تونس، مەحمود دەروێش لە قەسیدەیەکی درێژدا ھەمان ئەو غەمباریی و بێئومیدییەی ئەدۆرنۆ دووبارەکردەوە و باس لەوەدەکات بۆ کوێ بڕۆن دوای ئەو ھەموو کارەسات و کوشتنە.
 لەھەمووشی گرنگتر لە کتێبی ”یادەوەریی بیرچوونەوەدا“ کە ٥ ساڵ دوای ئەو ھێرشە دەینووسێت، باس لەوەدەکات چ سودێک لە نوسینی شیعردا ماوە لە ناو دونیایەک لە جەنگ و کوشتن و وێرانە ئینسناییە گەورەدا.
لەدوای جەنگی ئەمریکا دژ بە ڕژێمەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی ٢٠٠٣دا و لە دوای ھاتنەکایەی ئەو ھەموو کوشتن و خوێن و وێرانکارییەی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین ھاتەکایەوە، ئەدۆنیس، بەھەمان لۆژیکی ئەدۆرنۆ و مەحمود دەرویش، ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات ئایا نووسینی شیعر لە دونیایەکی لەو بابەتەدا چ سودێکی ھەیە؟ دونیایەک لە ھێرشێکی بەردەوامدایە بۆسەر ھەموو شتێک، لە ئینسانەوە بۆ نووسین.
بۆ منی کوردیش کە سەیری کوشتن و بڕینە ڕۆژانییەکانی ناو کوردستان دەکەم، ھەستدەکەم دۆخێکی دەرونیی لەئارادایە کە پاڵ بە نووسەرانی کوردەوە بنێت ھەمان ئەو ڕوانینەی سەرەوەی ئەدۆرنۆ و دەروێش و ئەدۆنیس دووبارەبکەنەوە.
ئایا لە دوای کوشتنی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانیی و وەدات و دکتۆر ھۆشیار و، زۆرانێکی تر کە بەڕێوەن، نووسین ھیچ نرخێکی ماوە؟
دوای ئەم ھەموو تاوان و کوشتنە شیعر و چیرۆک ڕۆمان نووسین، وتار و کاری فیکریی و تیوریی چ بەھا و نرخێکیان ماوە؟
لەدوای ئەو ھەموو دزیی و جەردەیی و برسیکردن و ڕاونان و سوکایەتییە، دوای ئەو ھەموو خیانەت و ناپاکییە، مرۆڤ بۆ بنووسێت؟ وەڵامی من بەم پرسیارانە ئەوەیە کە بەداخەوە ھیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی بەردەوامبین.
کەسمان ناتوانین بەرەو دواووە بگەڕێینەوە، ناتوانین میللەتێکی تر و سیاسەتمەداری تر و مێژوویەکی تر قەرزبکەین و بە ھۆیانەوە خۆمان لە کوردبوون و کارەساتەکانی ڕزگاربکەین.
وەکچۆن لەدوای ئەوشفیتزەوە شیعر ھەر نووسرا، لەدوای دەرکردنی فەلەستینییەکانەوە لە بەیروت مەحمود دەروێش لە نووسین نەکەوت، وەکچۆن لەدوای تراژیدیاکانی دونیای عەرەبەوە ئەدۆنیس بێدەنگ نەبووە، بەھەمان شێوە ئێمەش ناتوانین و نابێت بێدەنگبین.
یەکێک لە وەفادارییە گەورەکانمان بۆ سۆران و سەردەشت و کاوە و وەدات و دکتۆر ھۆشیار ئەوەیە بەردەوام بین. بنووسین، قسەبکەین، توڕەببین، ناڕەزایی دەرببڕین، بێدەنگنەبین. نەھێڵین نائوێمدمان بکەن، لێنەگەڕێین بەزین و شکست لەناوماندا بچێنین، شەتڵی ئومێدێک، ھەرچەندە بچووک و ناسکیش بێت، لەناو خۆماندا گەورەبکەین.
ھەموو پاشکەشەیەک بۆ دواوە جۆرێکە لەبەشدارییکردن لە تاوانەکاندا، دەبێت بنووسین و قسەبکەین بۆئەوەی نەبین بە شەریکی تاوانەکانیان.

کۆدی بابه‌ت: 65789  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۹/۶  |  کاتژمێر: 9 : 1

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
دوایین هه‌واڵه‌کان
2 تۆن مادەی پێشسازی شیشە لە سەردەشت لە لایەن فەرمانبەرانی ئینتیزامییەوە دۆزرایەوە
ئاوەدانی ڕوو لە ناوچە دابراوەکانی شاری سنە دەکاتەوە
گەشەی کوردستان، لە یەکەمایەتیی ڕێکخراوەی بەرنامە و بووجەی وڵاتدایە
راپۆرتی وێنەیی کوردپرێس لە رووداوی باڵاخانەی پلاسکۆ
پلاسکۆی 53ساڵان داخی گەورەی ئەوڕۆی تاران
دەس کێشانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی حەویجە نامومکینە
لەسەر دژایەتیی پارتی دیموکرات بۆ دانانی سەرپەرشت لە پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق جەخت دەکرێتەوە
ڕەخنە لە دانانی سەرپەرشت بۆ وەزارەتی دارایی لەلایەن عەبادییەوە
پەیامی ڕێبەری باڵای شۆڕش بۆ دانیشتنی ساڵانەی یەکێتیی ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی خوێندکارانی ئەورووپا
تورکیا بەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمدا زاڵە
دەمیرتاش بۆ یەکێک لە تۆمەتەکانی بێتاوان دەرچوو/ 101 تۆمەتی دیکەی ماوە
دەزانین کێ لە ئەلباب لە تیرۆریستەکان پشتگیری دەکات/ سنوورە سۆزدارییەکانی تورکیا سنووریان نیە
نوێنەرێکی دیکەی سەر بە پارتی دیموکراتیکی گەلان دەستبەسەرکرا
کتێبێک لەبارەی پیرشالیار چاپ و بڵاو کرایەوە
کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوە لەسەر دەسدرێژی بە باڵیۆزخانەی ئێران لە دەنیمارک
ئیمکانات