شۆڕش حاجی وته‌بێژی فه‌رمیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا:
ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی په‌رله‌مانیی کوردستان لابچێت ده‌بێ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانیش لابچێت
به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شۆڕش حاجی جه‌خت ده‌کات که‌ هه‌موو پۆسته‌ ده‌وڵه‌تی و حکوومه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌پێی ڕێککه‌وتن له‌ نێوان پارته‌ به‌شداربووه‌کان له‌ په‌رله‌مان دابه‌ش کراوه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری وه‌لاوه‌نانی سه‌رۆکی په‌رله‌مان که‌ له‌ ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ و هیچ جۆره‌ لادان و هه‌ڵه‌یه‌ک که‌ بکرێ به‌و بۆنه‌وه‌ ناوبراو وه‌لاوه‌ بنرێت، ئه‌نجامی نه‌داوه‌؛ ده‌بێ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانیش که‌ له‌ ڕێبه‌رانی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ له‌سه‌ر کاره‌که‌ی لابچێت و له‌م پۆسته‌ گۆڕانکاری بێته‌دی.
کوردپرێس/ حه‌سه‌ن ساڵحی: له‌ ماوه‌ی حه‌وته‌کانی ڕابردوو سه‌رکرده‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ندین جار پرسی کشانه‌وه‌ی فه‌رمی له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌یان خستۆته‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ له‌ ساڵی 2015 و به‌ دوای ناکۆکییه‌ دروستبووه‌کان له‌ نێوان پارته‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعوود بارزانی ڕێبه‌ری پارتی دیموکرات له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، وه‌زیرانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌رکران و په‌رله‌مانی کوردستانیش داخرا.
ماوه‌ی یاسایی سه‌رۆکایه‌تی بارزانی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ ساڵی 2013 کۆتایی پێهات، به‌ ڕێککه‌وتنی نێوان پارتی دیموکرات و یه‌کێتی نیشتیمانی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ درێژ کرایه‌وه‌ و له‌ ساڵی 2015 پارتی دیموکراتی کوردستان خوازیاری درێژکردنه‌وه‌ی دووباره‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌ تاکوو ساڵی 2017 بوو به‌ڵام ئه‌م داخوازییه‌ له‌گه‌ڵ دژایه‌تی چوار حزبی یه‌کێتی نیشتمانی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌کگرتووی ئیسلامی و کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان به‌ره‌وڕوو بووه‌وه‌ که‌ له‌م نێوانه‌دا دژایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ناکۆکییه‌کانی ئه‌م حزبه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر زه‌ق بووه‌وه‌.
پاش 19ی ئه‌گێستی ساڵی 2015 و کۆتایی ماوه‌ی یاسایی سه‌رۆکایه‌تی بارزانی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ئه‌م ناکۆکییانه‌ زیاتر بووه‌وه‌ و ده‌ستپێکردنی خۆپیشاندانی سه‌ر شه‌قام له‌ شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستان و هێرشکردنه‌ سه‌ر نووسینگه‌ی پارتی دیموکرات له‌ شاره‌کانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌م ناکۆکییانه‌ی زیاتر کرده‌وه‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ به‌رپرس زانینی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێبه‌ری ئه‌م بزووتنه‌وه‌ له‌م هێرشانه‌، ڕێگری له‌ چوونی یووسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ په‌رله‌مان کرد که‌ له‌ ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ و له‌ ده‌ره‌نجامدا، له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا په‌رله‌مانی کوردستان داخراوه‌.
پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێککه‌وتنه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر پێکهاتنی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و دابه‌شکردنی پۆسته‌کانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و ڕێگری له‌ به‌رده‌وامیی کاری وه‌زیرانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حکوومه‌ت کرد و له‌ یه‌ک ساڵی ڕابردوودا ئه‌م پۆستانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیرانی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی سه‌رپه‌ره‌شتی به‌ڕێوه‌ده‌بردرێت.
شۆڕش حاجی وته‌بێژی فه‌رمیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حکوومه‌ت و وه‌لاوه‌نانی سه‌رۆکی په‌رله‌مان جه‌ختی کرد که‌ ئه‌م پۆستانه‌ له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنی نێوان حزبه‌کان دابه‌ش کراوه‌ و له‌ ئه‌گه‌رێکدا که‌ ئه‌م ڕێککه‌وتنانه‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر وه‌لاوه‌نانی سه‌رۆکی په‌رله‌مان بێت، ده‌بێ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمیش وه‌لاوه‌ بنرێت که‌ به‌پێی ئه‌م ڕێککه‌وتنانه‌ هاتووه‌ته‌ سه‌ر کار.
ده‌قی ته‌واوی گفتوگۆی شۆڕش حاجی له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا:
کوردپرێس: بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسیی هه‌رێم جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌که‌تان (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان) دانیشتنێکی بوو له‌ سلێمانی. یه‌کێک له‌ ته‌وه‌ره‌کان باسی مانه‌وه‌ یان کشانه‌وه‌ له‌ حکوومه‌ت بوو. ده‌کرێ پێمان بڵێن که‌ چی وتراوه‌ و ڕوانگه‌کان چین له‌ نێو ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتیمانی.
شۆڕش حاجی: کۆبوونه‌وه‌که‌ کۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی بوو. جڤاتی گشتیش دامه‌زراوه‌یه‌که‌ له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و دامه‌زراوه‌یه‌کی ڕاوێژکارییه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان دائه‌نیشن و هه‌ر بابه‌تێک که‌ هه‌نووکه‌یی یان گرینگ بێت تاوتوێ ده‌که‌ن، پێشنیار و ڕاسپارده‌ ده‌که‌ن بۆ کۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی که‌ له‌وێ بڕیار بدرێت. کۆبوونه‌وه‌که‌ی دوێنێمان وه‌کوو کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی مانگانه بوو، ئێمه‌ دوو مانگ جارێک کۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی ئه‌که‌ین و باس له‌ شه‌ڕی داعش و ڕزگارکردنه‌وه‌ی مووسڵ و قه‌یرانی ئابووری و دارایی له‌ هه‌رێمی کوردستان و پێوه‌ندییه‌کانی گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تریش کرا به‌ڵام ئه‌و ته‌وه‌ره‌ی که‌ ئێوه‌ مه‌به‌ستتانه‌ و خه‌ڵک به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێت ته‌وه‌ری ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ یان مانه‌وه‌ له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌رکراوین تێیدا. ئیتر ئه‌مه‌ بابه‌تێک بوو تاوتوێی زۆر کرا‌ و ڕای جیاواز هه‌بوو به‌ڵام زۆرینه‌ی ڕای براده‌رانی جڤاتی گشتیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوو که‌ ئێمه‌ له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکشێینه‌وه‌ و له‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مان نه‌کشێینه‌وه‌ جارێک و هه‌ر بمێنینه‌وه‌ و له‌ حکوومه‌تی خۆجێیش له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی که‌ ڕێککه‌وتنمان هه‌یه‌ و حکوومه‌تی خۆجێیمان به‌یه‌که‌وه‌ داناوه‌ له‌وه‌ش بمێنینه‌وه یانی ئه‌مه‌ ڕای زۆرینه‌ بوو به‌ڵام ئه‌مه‌ بڕیار نییه‌ ئه‌مه‌ ڕاسپارده‌ و پێشنیاری جڤاتی گشتییه‌ ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌م جڤاتی نیشتیمانی و بێگومان له‌ جڤاتی نیشتیمانیش ڕاسپارده‌ و پێشنیاره‌کانی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ڕای هاوڕێیانی جڤاتی نیشتیمانیش تاوتوێ ئه‌‌کرێت و باس ئه‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ ئه‌گه‌ر پێویستی کرد بڕیاری لێ بدرێت.
کوردپرێس: به‌ڕێزم وه‌ک خۆتان ئاماژه‌تان پێدا وه‌زیره‌کانتان له‌ ده‌وڵه‌ت، له‌ حکوومه‌ت ده‌رکراون، ئیدی به‌ فه‌رمی ڕاگه‌یاندنی کشانه‌وه‌ له‌ حکوومه‌ت چ واتایه‌کی هه‌یه‌؟
شۆڕش حاجی: دوو واتای هه‌یه‌ لای ئێمه‌ یانی وه‌کوو وتم ئه‌مه‌ بڕیار نییه‌ جارێ ئه‌مه‌ تاوتوێ کردنه‌وه‌ی ڕه‌ئیه‌ که‌ بۆته‌ بڕیار به‌ڵام له‌ حاڵه‌تی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی که‌ پشتیوانی له‌و ڕه‌ئییه‌ی خۆیان ئه‌که‌ن پێیانوایه‌ کشانه‌وه‌مان له‌ حکوومه‌ت ئه‌ستۆپاکی ئێمه‌ نیشان ئه‌دات به‌وه‌ی که‌ ئه‌م حکوومه‌ته‌ شتێکی خواردووه‌ له‌ ڕووی دارایی، له‌ ڕووی ئابووری، له‌ ڕووی پێوه‌ندی سیاسی و به‌ گوێره‌ی قسه‌ی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان له‌ به‌رده‌م سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان وتی ئه‌م قه‌یرانی دارایی و ئابوورییه‌ که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ نرخی نه‌وته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نرخی به‌رمیلێک نه‌وت ببێته‌ 100 دۆلار و ملیۆنێ دۆلاریش ئه‌م قه‌یرانی دارایی و ئابوورییه‌ هه‌ر ئه‌مێنێت. ئێمه‌ ئه‌زانین ئه‌مه‌ له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تی چه‌وت و شکست خواردووی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ ئیدعای ئه‌وه‌یان ده‌کرد ده‌توانین ئابووری سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێت و لای خه‌ڵک ئیدعای ده‌کرد که‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ڕۆن، ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌ئیه‌ن ئه‌ڵێن ئێمه‌ با به‌ ڕه‌سمی له‌م حکوومه‌ته‌ بینه‌ ده‌ره‌وه‌ تا ئێستا خۆمان ڕاماننه‌گه‌یاندووه‌ بڵێین ئه‌م حکوومه‌ته‌ شکست خواردووه‌ و ئه‌بێ ئه‌م حکوومه‌ته‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بکرێت. ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن یه‌کێکیان بۆ ئه‌ستۆپاکی خۆمان و بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ته‌حه‌مۆلی شکستی ئه‌وه‌ نه‌که‌ین و خاڵی دووهه‌میش ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ بیانوویه‌ک نه‌ده‌ین به‌ ده‌ست پارتی و لایه‌نه‌کانی سیاسییه‌کانی تری به‌شداری حکوومه‌ت که‌ ده‌ڵێن ئه‌و قه‌یرانی داراییه‌ به‌شێکی له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ حکوومه‌ته‌که‌ شوێنی به‌تاڵی هه‌یه‌ و ئێمه‌ وه‌زیری وه‌زاره‌تی زۆر گرینگ له‌ به‌رده‌ستی ئێمه‌ بوو. وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی بازرگانی، ئه‌ڵێین باشه‌ کاکه‌ ئێمه‌ له‌وێ هاتووینه‌ ده‌ره‌وه‌ فه‌رموون بۆ خۆتان چۆن چاره‌سه‌ری ده‌که‌ن بیکه‌ن یانی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌ئیه‌ن ئه‌مه‌ پاکتاوه‌که‌یانه‌ به‌ڵام به‌ بێگومان ئه‌وانه‌ی تریش که‌ ڕه‌ئی نه‌کشانه‌وه‌یان هه‌یه‌ کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی داعش و ڕزگارکردنه‌وه‌ی مووسڵ و ئه‌گه‌ره‌کانی دوای ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ ئه‌خه‌نه‌ به‌رچاو و ڕچاوی ئه‌وه‌ ئه‌که‌ن له‌گه‌ڵ پرس و ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی تری که‌ ئێمه‌ پڕۆژه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن که‌ نه‌کشێینه‌وه‌ و کارئاسانی نه‌که‌ین بۆ پارتی شه‌رعییه‌ت بدات‌ به‌و بڕیاره‌ تاکڕه‌وانه‌ی که‌ مه‌کته‌بی سیاسی پارتی کردوویه‌تی و وه‌زیره‌کانی ئێمه‌ ده‌رکرێن.
کوردپرێس: به‌ڕێزم جه‌نابتان وه‌کوو وته‌بێژی فه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداری هه‌موو بابه‌ته‌کان هه‌ن، ئایا ئۆمیدێکتان هه‌یه‌ که‌ به‌ گفتوگۆ له‌ نێوان لایه‌نه‌کانی ئێوه هه‌مدیسان بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو حکوومه‌ت؟
شۆڕش حاجی: ئێمه ئۆمیدی یان‌ به‌ نیازی گه‌ڕانه‌وه‌ نین بۆ ناو حکوومه‌ت و ئێمه‌ که‌ له‌ ناو حکوومه‌تیش بووین ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ش نه‌درابایه‌ ئێمه‌ له‌ ناو خۆمان تاوتوێی ئه‌وه‌مان کردبوو بۆ ئه‌وه‌ ئه‌چینه‌وه‌ که‌ ئایا ئێمه‌ ئه‌و به‌شداری کردنه‌مان له‌ حکوومه‌ت بۆته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌کی که‌م له‌ به‌رنامه‌که‌ی ئێمه‌ که‌ چاکسازی و ڕێکخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و به‌ نیشتیمانی کردنی دامه‌زراوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ئایا ئێمه‌ موه‌فه‌ق بووینه‌ له‌وه‌ یان نا؟ ئایا ڕێگری هه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م ئێمه‌ یان ئێمه‌ ئازادین له‌وه‌ی به‌رنامه‌که‌مان جێبه‌جێ بکه‌ین ئه‌وکاته‌ش تاوتوێی ئه‌وه‌مان کردبوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ ئۆمیدمان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌ بۆ ناو ئه‌و حکوومه‌ته‌ شکست خواردووه‌ به‌ڵام وه‌کوو وتم ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ مه‌سئوولییه‌ت ده‌که‌ین و پێمانوایه‌ ئه‌م ئه‌زموون و ئه‌م وه‌زعییه‌ته‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ ئێمه‌ش به‌شداربووین تێیدا یانی بوارێک ئه‌ده‌ین به‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر که‌سانێک هه‌بێ ده‌رچێیه‌ک بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌ دارایی و ئه‌م بارودۆخه‌ سیاسییه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ که‌ نه‌مانکردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌مانکردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ له‌ کۆتاییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ پارتیش و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تریش تاکه‌ڕێگا بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بگه‌یێنه‌ ئه‌نجام هه‌ر ده‌بێ گفتوگۆ بێت به‌ڵام که‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ تا ئێستاش به‌ عینادی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی له‌ 12ی ئه‌کته‌وبری پاره‌وه‌ بۆی گرتووه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆیه‌تی له‌به‌ر ئه‌م عینادی و به‌رده‌وامبوونی پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و بڕیاره‌ خراپ و هه‌ڵه‌که‌ی که له‌ کاتی خۆی‌ داویه‌تی ئێمه‌ش هیچ ڕێگایه‌کمان به‌وه‌ نییه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ حکوومه‌ت به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا بڕوا و قه‌ناعه‌تمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر کێشه‌یه‌کی تریش بێته‌ پێشه‌وه‌ له‌ کۆتاییه‌که‌ی ده‌بێ ئێمه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بکه‌ین.
کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ سووربوونی پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانی خۆی دا به‌ تایبه‌ت هاوپێوه‌ند به‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان. ئایا ئێوه‌ ڕازی ده‌بن له‌ ڕێککه‌وتنێکی سیاسی نێوان لایه‌نه‌کان سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان بگۆڕدرێت. به‌ڕێز دوکتۆر یووسف محه‌مه‌د که‌سێکی دیکه‌ جێگه‌ی بگرێته‌وه‌ یان له‌ لایه‌نه‌کانی دیکه‌؟
شۆڕش حاجی: ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دوو مه‌بده‌ع و پره‌نسیپمان هه‌یه‌. یه‌کێکیان ئێمه‌ پێمانوایه‌ که‌ یووسف محه‌مه‌د که‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌ هیچ تاوانێکی یاسایی و هیچ لادانێک له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان یان هیچ تاوانێکی وای نه‌کردووه‌ شایانی ئه‌وه‌ بێت بگۆڕدرێت. ته‌نیا ئه‌و وه‌کوو سه‌رۆکی په‌رله‌مان پڕۆژه‌ی چوار لایه‌نه‌ سیاسییه‌که‌ی هێناوه‌ و خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌می بۆ کراوه‌ یانی هیچ سه‌به‌بێکی مه‌نتیقی یان ڕێکارێکی یاسایی نادۆزینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ مامۆستا یووسف ئێمه‌ بیگۆڕین به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا ئێمه‌ پێمانوایه‌ کێشه‌کان کێشه‌ی مامۆستا یووسف نییه‌ کێشه‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵێک پڕۆژه‌یاسایه له‌سه‌ری هه‌موویانه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی ئه‌م فه‌راغه‌ سیاسییه‌ی له‌ دوای ته‌واوبوونی واده‌ی کاک مه‌سعوود که‌ وه‌کوو سه‌رۆکی هه‌رێم ‌که‌ ته‌واو بووه‌ ئێستا فه‌راغێکی یاسایی هه‌یه‌ ئه‌بێ ئێمه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ کێشه‌ی قه‌یرانی دارایی که‌ هه‌یه‌ کێشه‌ی پێوه‌ندی به‌ به‌غدا به‌ هێزه‌ ئیقلیمییه‌کان هه‌موو ئه‌وانه‌ مه‌سه‌له‌ی چاکسازی، مه‌سه‌له‌ی جیاکردنه‌وه‌ی حزب له‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌موو ئه‌وانه‌ پاکێجێکن که‌ ده‌بێ به‌یه‌که‌وه‌ بکرێن ئه‌گه‌ر مامۆستا یووسف بگۆڕدرێت مامۆستا یووسف و کاک نێچیرڤان که‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ به‌یه‌ک ڕێککه‌وتن که‌ ئه‌م کراوه‌ به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان و ئه‌ویش کراوه‌ به‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. ئه‌گه‌ر مامۆستا یووسف لابچێت ده‌بێ کاک نچێرڤان بارزانییش لابچێت.
کوردپرێس: به‌ڕێزم ئێوه‌ و یه‌کێتی نیشتیمانی ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کتان هه‌بوو لێکنزیک بوونه‌وه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ڵام ده‌بینین له‌ ناو یه‌کێتی نیشتمانییه‌وه‌ هه‌ندێ ده‌نگ هه‌یه‌ که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ قسه‌ ئه‌کات. له‌مدواییانه‌ یه‌کێک له‌ به‌ڕێزان مه‌لا به‌ختیار ئاماژه‌ی دا که‌ به‌ڕێز یووسف محه‌مه‌د هۆکاری ئه‌م قه‌یرانه‌یه‌. وه‌کوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ڵامتان بۆ ئه‌و ڕه‌خنانه‌ چییه‌ له‌ ناو یه‌کێتی نیشتیمانییه‌وه‌؟
شۆڕش حاجی: له‌ ئێستادا یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان بووه‌ به‌ دوو نه‌تیجه‌ یه‌کێکیان ناوه‌ندی بڕیار و یه‌کێکیان زۆرینه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی. ئێمه‌ هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان هه‌ردوو باڵه‌که‌ی به‌ ڕه‌سمی به‌ ئێمه‌یان وتووه‌ قسه‌کانی مه‌لا به‌ختیار دوور و نزیک ته‌مسیلی ڕه‌ئیی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان ناکات و ئه‌وه‌ ڕه‌ئیی تایبه‌تی خۆیه‌تی.
 
داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: سروور خدری
 

کۆدی بابه‌ت: 65075  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۸/۱۸  |  کاتژمێر: 12 : 0

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
هۆکاری سه‌ره‌کیی قه‌یرانی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان یووسف محه‌مه‌ده‌
پێویستی ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانی ئابووریی هه‌رێمی کوردستان
گه‌ڕانه‌وه‌ی کورده‌کان بۆ به‌غدا به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌ره‌نجامی دیداری وه‌فدی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ عه‌بادی
یووسف محه‌مه‌د و په‌رله‌مانتارانی گۆڕان تا 2017 ناگه‌ڕێنه‌وه‌
ئاسایی بوونه‌وه‌ی بارودۆخ؛ پێش مه‌رجی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ پارتییە
پارتی به‌ مه‌رج هه‌ڵوێسته‌کانی خۆی هه‌مبه‌ر به‌ گۆڕان ده‌گۆڕێت/ یووسف محه‌مه‌د، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان نییه‌
پێداگری پارتی له‌سه‌ر لابردنی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان
پارتی پێداگره‌ له‌سه‌ر لابردنی سه‌ۆکی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ پۆسته‌که‌ی خۆی
هه‌وڵ ده‌ده‌ین ڕێگر بین له‌ دروستبوونی سیسته‌مێکی دیکتاتۆری له‌ هه‌رێمی کوردستان
یه‌کێتی پابه‌نده‌ به‌ پێدانی پۆستی پارێزگاری سلێمانی به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
پارتی تا 2017 ڕێگەی گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم ناداتە بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
وه‌درۆخستنه‌وه‌ی فه‌رمانی بارزانی بۆ ده‌رکردنی گۆڕان له‌ حکوومه‌ت
یووسف محه‌مه‌د: هه‌ولێر پایته‌خته‌ داگیرکراوه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌
پارتی به‌رپرسه‌ له‌ کوژرانی مامۆستایه‌کی زانکۆ و بریندار کردنی خۆپیشانده‌ران
جه‌ختی دووباره‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆران له‌سه‌ر جێگیربوونی سیسته‌می په‌رلمانی له‌ هه‌رێمی کوردستان
پێشبینی ده‌کرێت په‌رله‌مان پڕۆژه‌که‌ی گۆڕان بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم په‌سه‌ند بکات
دوایین هه‌واڵه‌کان
ئیمکانات