سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌رانی فیدڕاڵیزمی باکووری سووریا له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێس:
ئامانجی تورکیا له‌ سووریا ده‌ربازکردنی داعشه‌/ له‌ ئه‌لبابدا به‌ره‌نگاری سوپای تورکیا ده‌بینه‌وه‌
به‌شی سووریا- هدیه‌ یووسف له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا وتی: ئامانجی تورکیا له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر هه‌ندێ ناوچه‌ وه‌کوو ئه‌لباب له‌ سووریا ڕێگری له‌ پێشڕه‌ویی کورده‌کان و ده‌ربازکردنی داعشه‌ و جه‌ختی کرده‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کورده‌کانی سووریا له‌ به‌رانبه‌ر تورکیا به‌رگری له‌ خۆیان ده‌که‌ن.
هدیه‌ یووسف هاوسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌رانی فیدڕاڵیزمی باکووری سووریا له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری کوردپرێس، تورکیای به‌ پشتیوانی له‌ داعش تۆمه‌تبار کرد.
ناوبراو جه‌ختی کرد که‌ کورده‌کانی سووریا له‌ به‌رانبه‌ر پێشڕه‌وییه‌کانی سوپای تورکیا له‌ ناوچه‌ی ئه‌لباب ده‌وه‌ستنه‌وه‌.
ده‌قی ته‌واوی گفتوگۆی هدیه‌ یووسف له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری کوردپرێس به‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
کوردپرێس: تورکیا ویستی هێرشکردنه‌ سه‌ر ئه‌لباب و کۆنتڕۆڵکردنی ئه‌و شوێنه‌ی هه‌یه‌، ئایا هێزه‌ کوردییه‌کان و هێزه‌کانی سووریای دیموکراتیک به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئه‌لباب هه‌یه‌؟
هدیه‌ یووسف: ماوه‌یه‌کی زۆره‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانێت له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ به‌شداری بکات، هه‌وڵێکی زۆری ئه‌نجام دا، به‌ڵام تاکوو ئێستا ئیزنی به‌شداری له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ به‌ تورکیا نه‌دراوه‌. یه‌کێک له‌ ئامانجه‌ بنه‌ماییه‌کانی تورکیا بۆ به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ نه‌ک به‌ره‌نگاری له‌ دژی تیرۆر، به‌ڵکوو دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ک بۆ ده‌ربازکردنی داعش له‌ کێشه‌ بوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌نجامی بده‌ن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ پاش ئازادکردنه‌وه‌ی مه‌نبه‌ج له‌ بنده‌ستی داعش، تورکیا له‌ کاتێکدا بینی تیرۆریستان له‌گه‌ل شکستێکی گه‌وره‌ به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه‌، ده‌ستی دا به‌ کۆنتڕۆڵکردن و داگیرکردنی جرابلۆسه‌وه‌. له‌ ئێستاشدا که‌ ده‌بینێت داعش به‌ کۆتایی کاری خۆی نزیک بۆته‌وه‌ و بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی به‌شداری نه‌کردن له‌ ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ و هه‌وڵ بۆ ده‌ربازکردنی داعش پرسی هێرشکردنه‌ سه‌ر ئه‌لبابی ده‌ستپێکردووه‌ و له‌ گوندی "شه‌هبا" له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌لباب کوشتوبڕی هاووڵاتیانی سڤیلی ئه‌نجام داوه‌. تورکیا به‌م داپه‌ڕانه‌ پیشانی داوه‌ که‌ تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌ تیرۆریستانی داعش پشتیوانی کردووه‌ و تاقه‌تی له‌ناوچوونی داعشی نییه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر هاووڵاتیانی سڤیل و هێزه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر. ئه‌مانه‌ سه‌رجه‌میان له‌و ڕووه‌وه هه‌یه‌‌ که‌ تورکیا تاکوو ئێستا بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ سووریا به‌شێک له‌ ئیمپراتووری عوسمانییه‌ و له‌ هه‌مان سه‌ره‌تای ڕاپه‌رینه‌کان له‌ سووریا هه‌وڵه‌کانی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چه‌ندین به‌ش له‌ سووریا ده‌ستپێکرد و تاکوو ئێستا درێژه‌ی پێده‌دات.
داعش ڕۆژانه‌ شکستێکی قورس ده‌خوات. له‌م ڕووه‌وه‌ تورکیا بۆ به‌رده‌وامی به‌رنامه‌کانی خۆی کرده‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌دات و به‌ چه‌ک و جیهازاتی سه‌ربازی و فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر ئاگری شه‌ڕێکی دیکه‌ی له‌ هه‌ندێ له‌ ناوچه‌کانی سووریا هه‌ڵگیرساندووه‌. ئه‌مه‌ کارێک دژ به‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌. ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانی تورکیا به‌رگری له‌ خۆمان ده‌که‌ین و به‌ توندی ئه‌م کاره‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا ئیدانه‌ ده‌که‌ین. له‌مباره‌وه‌ بێده‌نگی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش ئیدانه‌ ده‌که‌ین چونکه‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ ته‌نیا هێرشێک له‌ دژی کورده‌کان نییه‌، به‌ڵکوو هێرشێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاکی سووریایه‌. هیچ یه‌ک له‌ ئیتنیکه‌کانی ناوچه‌که‌ ئه‌م کاره‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیایان قبووڵ نییه‌ و ده‌بێ ئه‌م کاره‌ی تورکیا ئیدانه‌ بکرێت. له‌ بارودۆخێکدا که‌ سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌ته‌کانی جیهان بۆ هاوبیری له‌پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر هه‌وڵ ده‌ده‌ن، ده‌وڵه‌تی تورکیا گه‌وره‌ترین هێزی شه‌ڕڤانی دژ به‌ تیرۆری داعش له‌ ناوچه‌که‌ ده‌کاته‌ ئامانج. له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ر که‌س که‌ ئیدعای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و تیرۆریزم ده‌کات، ده‌بێ کاردانه‌وه‌ به‌‌م کاره‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا نیشان بدات.
ئامانجی تورکیا له‌ چوونه‌ ناو سووریا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر نییه‌، به‌ڵکوو ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌وان کۆنتڕۆڵکردنی خاکی سووریایه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ تێکڕای هێزه‌ هاوپه‌یوه‌نده‌کان چ جیهانی و چ ناوچه‌یی ده‌بێ هه‌ڵوێستێکی شه‌فاف له‌مباره‌وه‌ بگرنه‌به‌ر. ئێمه‌ وه‌کوو هێزه‌ کوردییه‌کانی ناوچه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م کرده‌وه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌ و تاکوو دوایی له‌ به‌رانبه‌ریاندا خۆڕاگری ده‌که‌ین.
کوردپرێس: ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی کۆنتڕۆڵکردنی مه‌نبه‌ج چه‌ندین لێدوانی ڕاگه‌یاندووه‌، بۆچوونی ئێوه‌ له‌مه‌ڕ لێدوانه‌کانی ناوبراو چییه‌؟
هدیه‌ یووسف: به‌ بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌ردۆغان تووشی جۆرێک کێشه‌ی هیستریک هاتووه‌. لێدوانه‌کانی ناوبراو زیاتر له‌وه‌ی که‌ دروست بێت، خه‌یاڵه‌کانی مێشکی خۆیه‌تی، به‌ڵام خه‌ڵکی سووریا هه‌ڵوێستێکی وا له‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا قبووڵ ناکه‌ن. خه‌ڵکێک که‌ له‌م ناوچانه‌دا خۆیانیان ڕێکخستووه‌، هه‌وڵه‌کانی تورکیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی باکووری سووریا پووچه‌ڵ ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌و شوێنه‌ ده‌که‌نه‌ گۆڕستانی هێزه‌کانی تورکیا. سووریا شوێنێک بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی خه‌یاڵه‌کانی ئه‌ردۆغان نابێت. ئه‌مانه‌ شتێک زیاتر له‌ خه‌یاڵێک نییه‌.
کوردپرێس: تورکیا گه‌یشتۆته‌ 20 کیلۆمه‌تری حه‌ڵه‌ب و 15 کیلۆمه‌تری ئه‌لباب، ئایا ئامانجی تورکیا کۆنتڕۆڵکردنی حه‌ڵه‌به‌؟
هدیه‌ یووسف: هه‌روا که‌ پێشتریش ئاماژه‌ی پێ کردم، ئامانجی تورکیا کۆنتڕۆڵکردنی خاکی سووریا له‌ جرابلۆس تاکوو ئه‌لباب و حه‌ڵه‌ب و ته‌نانه‌ت تاکوو سنووره‌کانی عێراقه‌، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ تورکیا ده‌یه‌وێت کریدۆرێک له‌ سووریا بۆ ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌ خاکی عێراق بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگایه‌دا بتوانێت ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی داعشه‌ بیانپارێزێت، تورکیا له‌م ڕێبازه‌دا به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت.
 
دیمانه‌: ئه‌فشین غوڵامی
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

کۆدی بابه‌ت: 64349  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۸/۲  |  کاتژمێر: 11 : 5

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
دوایین هه‌واڵه‌کان
ئیمکانات