کد خبر :71744
چه‌ند کاتژمێر له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی حه‌‌شدی شه‌عبی له‌ که‌رکووک
به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕ‌شاد هه‌ڵکه‌وتوو له‌ مه‌ودای 35 کیلۆمه‌تری باشووری ڕۆژئاوای که‌رکووک دانیشتووه‌کانی عه‌ره‌بی سوننه‌ن، ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حه‌ویجه‌ هێشتاکه‌ له‌ کۆنتڕۆڵی داعشدان و هێزه‌کانی عێراقییه‌کانیش ده‌وران ده‌وری شاره‌که‌یان گه‌مارۆ داوه‌.
کوردپرێس- له‌ گه‌رمه‌ی ئیلتیهاب و ململانێی سیاسیی هه‌ڵکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ که‌رکووک به‌ مه‌به‌ستی ده‌رهێنانی ڕاپۆرتێک ده‌ڕۆمه‌ که‌رکووک. ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ ته‌نیشت ئاڵای عێراق له‌ هه‌موو باڵاخانه‌ی ئیدارییه‌کان هه‌ڵکراوه. هه‌موو شوێنێک پڕ بووه‌ له‌و ئاڵایه‌. سرنجی ڕه‌فتاڕی خه‌ڵک ده‌ده‌م تاکوو بزانم ئه‌و بابه‌ته‌ چ کاریگه‌رییێکی له‌ ژیانی ئه‌واندا بووه‌ و ئایا هه‌ڵکردنی ئاڵا هیچ گۆڕانکارییێکی له‌ ژیانی خه‌ڵکی که‌رکووکدا پێکهێناوه‌ یا خۆد خه‌یر.
به‌ شاره‌که‌دا ده‌سووڕێمه‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ی مه‌حکه‌مه‌دا چاوه‌ڕێ به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌که‌م تاکوو کات و شوێنی چاوپێکه‌وتنه‌که‌م‌ له‌ ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه‌ پێڕابگه‌یێنێت. تاریک و لێڵانه‌ خه‌ڵکی که‌رکووک سه‌رقاڵی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیانن. ته‌له‌فۆنه‌که‌م زه‌نگ لێده‌دات و به‌ من ڕاده‌گه‌یێندرێت به‌ ته‌کسی بڕۆمه‌ گوندی تازه‌. سوار ته‌کسی ده‌بم و سه‌باره‌ت به‌ ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ شۆفێره‌ کورده‌که‌ ده‌پرسم ده‌ڵێت بۆ من هیچ فه‌رق ناکات ئاڵای کێ به‌وێوه‌ شۆڕ بێته‌وه‌. لای من گرینگ ئه‌وه‌یه‌ چیدی که‌سی تر ڕێگا به‌ خۆی نا‌دات ئێمه‌ ته‌عریب بکات. چونکوو ئه‌مڕۆکه‌ ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداری مێژوویی و ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م شاره‌ین و حه‌ق به‌ حه‌قدار گه‌یشتووه‌ته‌وه‌.
داوای له‌ شۆفێره‌که‌ ده‌که‌م بمگه‌یێنێته‌ گوندی تازه‌ هه‌ڵکه‌وتوو له‌ مه‌ودای 20 کیلۆمه‌تری باشووری ڕۆژئاوای که‌رکووک و گوندێکی تورکمان نشینی شیعه‌یه‌. شۆفێره‌که‌ پێم ده‌ڵێت زۆرینه‌ی گونده‌کانی باشوور و ڕۆژئاوای که‌رکووک تورکمانی شیعه‌ن. له‌ هه‌ر لاوه‌ بۆنی نه‌وت و خاک و خوڵ له‌گه‌ڵ بارانی به‌هاری گه‌رمه‌سێردا هه‌ست ده‌کرێت. پاش تێپه‌ڕاندنی جاده‌یێکی 25 کیلۆمه‌تری ده‌گه‌مه‌ شارۆچکه‌ی به‌شیر. به‌شیریش له‌ ڕۆژئاوای که‌رکووکه‌ و له‌ کاتی هاتنی داعشدا بۆ عێراق له‌ لایه‌ن ئه‌و گرووپه‌وه‌ داگیر کرا. پاشان ساڵی 2016 به‌ هاوکاریی پێشمه‌رگه‌ له‌ چنگ داعش ئازاد کرا. ده‌گوترێت هه‌موو دانیشتووانی به‌شیر تورکمانی شیعه‌ن. شۆفێره‌که‌ ده‌ڵێت: شارۆچکه‌ی به‌شیر حه‌شیمه‌تێکی 1200 بنه‌ماڵه‌یی له‌ خۆ ده‌گرێت. سه‌یتره‌‌که‌ی شارۆچکه‌ی به‌شیر له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌کرێت. هه‌موو شوێنێک پڕه‌ له‌ ئاڵا و نیشانه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی. وێنه‌ی شه‌هیده‌کانی ئه‌و هێزانه‌ش له‌ هه‌موو جێگایێکدا هه‌ڵواستراوه. هه‌ندێکیشیان به‌ ته‌مسیلی حه‌زره‌تی عه‌باس و ئیمامان و مه‌رجه‌عه‌کانی شیعه‌ ڕازاونه‌ته‌وه‌. پاش تێپه‌ڕاندنی مه‌وداویێکی چه‌ند کیلۆمه‌تری ده‌گه‌مه‌ سه‌یته‌ره‌یێکی دیکه‌ که‌ هێزه‌ تورکمانه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی کۆنتڕۆڵی ده‌که‌ن. له‌وێ له‌ ته‌کسییه‌که‌دا داده‌به‌زم و چاوڕێی په‌یوه‌ندیده‌ره‌که‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌که‌م. تورکی نازانم و عه‌ره‌بییه‌که‌شم له‌ تورکییه‌که‌م باشتر نییه‌. پاش چه‌ند خوله‌کێک چاوه‌ڕوانی ئۆتۆمبیلێک به‌دوامدا دێت و ده‌ڕۆم به‌ره‌و مه‌کۆی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی. فه‌رمانده‌ی ناوچه‌که‌ که‌ پێشتر ئه‌ندامی سوپای به‌در بووه‌ و فارسییه‌که‌شی ته‌واو بوو لیوای 16شی پێکهێناوه‌ دێت به‌ره‌وپیریمه‌وه.‌ ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عێراقدا یه‌کێک له‌ فه‌رمانده‌کانی شه‌ڕی دژ به‌ سه‌دام بووه‌ و هه‌وراز و نشێوی شه‌ڕ به‌ باشی ده‌ناسێت.
سه‌رهه‌نگ سه‌عید تایه‌ر له‌سه‌ر دۆخی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ی به‌شیر ده‌دوێت و ده‌ڵێت: زۆرینه‌ی لیوای 16ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ تورکمه‌نه‌ شیعه‌کان پێکهاتووه‌ و هه‌ڵبه‌ت ژماره‌یێک له‌ هێزه‌ عه‌ره‌به‌کانیش له‌و لیوادا هه‌ن. که‌تیبه‌یێکی تورکمانه‌ سوننه‌کانیش به‌ ناوی که‌تیبه‌ی "حه‌ق" له‌و لیوایه‌دا خۆده‌بینه‌وه‌. لیوای 16 له‌و یه‌کساڵه‌ی پاش ئازادکردنه‌وه‌ی شارۆچکه‌ی به‌شیردا له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئۆپه‌راسیۆنی فه‌لووجه‌ سه‌قلاوی ناوچه‌کانی ده‌ورووبه‌ری قه‌ره‌ته‌په‌ و ئێستاکه‌ش له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵدا به‌ که‌تیبه‌یێکی نیشته‌جێکراو له‌ باشووری ڕۆژئاوای مووسڵ و نزیک به‌ ناوچه‌ی ته‌لعه‌فه‌ر به‌شدار بووه‌ و تواناکانی خۆی پیشان داوه‌.
ناوبراو ئاشکرای ده‌کات: "له‌و ماوه‌یه‌دا 180 شه‌هیدمان پێشکه‌ش کردووه‌. ئێمه‌ سه‌ره‌تا لیواییێک بووین له‌م ناوچه‌یه‌دا. پاشان دانووستانمان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی حه‌شدی شه‌عبیی به‌غدا کرد و بووین به‌ دوو لیوا. له‌ ئامرلی و تووس لیوایێکی سێ هه‌زار که‌سی پێکهێندراوه‌ و له‌ که‌رکووکیش لیوای 16 به‌ 2500 هێزه‌وه‌ پێکهێنراوه‌ و بڕیاره‌ له‌ داهاتووشدا لیوایێکی برایانی سوننه‌ له‌ حه‌ویجه‌ پێکبهێندرێت و ئه‌وانیش نزیک به‌ 1700 هێزیان ده‌بێت و به‌گشتی له‌ داهاتوودا سێ لیوا له‌ ناوچه‌که‌دا ده‌بن. داوا له‌ فه‌رمانده‌که‌ ده‌که‌م ئیزن بدات بڕۆمه‌ میحوه‌ره‌کانی به‌ره‌وه‌ی شه‌ڕ. ئاماژه‌ ده‌کات که‌ ئێستا شه‌وه‌ و مه‌ترسی زۆره‌. به‌ڵام من مکووڕم له‌سه‌ر ڕۆیشتن و ئه‌ویش قبووڵی ده‌کات که‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کان بڕۆم. به‌ یاوه‌ریی تاقمێک له‌ گه‌نجه‌ تورکمه‌نه‌ شیعه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ره‌و ناوچه‌ی ئیمام ڕه‌زا و تازه‌ تاریکه‌ و بارانێکی توند ده‌بارێت. سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدان تاریکترن و شه‌وقیان که‌متره‌ له‌و ناوچانه‌ی له‌مبه‌ره‌وه‌ن. که‌ داعش گه‌یشته‌ که‌رکووک له‌ ماوه‌یێکی زۆر که‌مدا توانیی زۆر ناوچه‌ی هه‌ستۆک و ستراتێژیک وه‌کوو حه‌ویجه‌، ڕشاد، به‌شیر و به‌شێک له‌ ناحیه‌کانی داقۆق داگیر بکات. تا نیوه‌ی ساڵی 2016 ده‌ڤه‌ری به‌شیر که‌ هه‌موویان تورکمانی شیعه‌ن له‌ کۆنتڕۆڵی داعشدا بوو. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی هێرشیان برد، ناوچه‌که‌ ئازاد کرا و داقۆقیش به‌ته‌واوه‌تی له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ کرا. به‌ڵام ناوچه‌گه‌لێکی گرینگ و هه‌ستۆک وه‌کوو حه‌ویجه‌ و ڕشاد هێشتاکه‌ له‌ کۆنتڕۆڵی داعش دایه‌. ڕشاد هه‌ڵکه‌وتوو له‌ مه‌ودای 35 کیلۆمه‌تری ڕۆژئاوای که‌رکووکه‌ و دانیشتووانی شاره‌که‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ن. ئه‌و ناحیه‌یه‌ نزیک به‌ 10 کیلۆمه‌تر له‌ گوندی تازه‌ دووره‌. له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی ده‌گه‌مه‌ ئیمام ڕه‌زا و تازه‌. باران لێزمه‌ ده‌کات و هێزه‌کان له‌ سه‌نگه‌ره‌کانیاندا ئاماده‌ن. له‌و سه‌نگه‌رانه‌دا سیمای کۆمه‌ڵێک گه‌نج ده‌بینن لێیان ده‌پرسم وره‌تان چۆنه‌. هه‌موویان به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ باسی شکسی داعش ده‌که‌ن و به‌ ڕاستی ساڵی 2014 که‌ من بۆ ڕووماڵی هه‌واڵی شه‌ڕ سه‌ردانی ناوچه‌که‌م کردبوو ئه‌و پێکه‌نین و وره‌ به‌رزه‌م نه‌ده‌بینی. فه‌رمانده‌یێکی حه‌شدی شه‌عبی باسی جووڵه‌ی داعش له‌ کاتی شه‌ودا ده‌کات له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هێزه‌کانیان کز ده‌بن و فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یمانان و فڕۆکه‌ عێراقییه‌کان له‌ ڕۆژدا ئیزنی جووڵه‌یان پێناده‌ن. ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ده‌ڵێت: داعش له‌ ڕشاد و حه‌ویجه‌ به‌ته‌واوه‌تی گه‌مارۆ دراوه‌ و هه‌ر کاتێک فه‌رمانی هێرش بدرێت ناوچه‌که‌ پاک ده‌کرێته‌وه‌. ئه‌ندامێکی دیکه‌ی ئه‌و هێزانه‌ ده‌ڵێت: مه‌ودای نێوان سه‌نگه‌ره‌کانی ئێمه‌ و داعشییه‌کان نزیک به‌ 2 کیلۆمه‌تره‌ و هه‌ندێ شه‌ویش له‌ نێوان هێزه‌کانی ئێمه‌ و داعش له‌ کاتی گه‌شتی سه‌ربازیدا پێکدادان ڕوو ده‌دات. سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌کانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌که‌م. له‌ نێو سه‌نگه‌ره‌کاندا وێنه‌ی ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی له‌ ته‌نیشت وێنه‌ی ئایه‌توڵڵا سیستانیدا له‌گه‌ڵ ته‌مسیلێکی یه‌کێک له‌ ئیمامانی ئه‌هلی به‌یت به‌ دیواره‌که‌وه‌ هه‌ڵواستراوه‌. ئه‌وه‌ش عه‌قیده‌ و مه‌عنه‌وییه‌تی ئه‌و هێزانه‌ به‌ سه‌رکرده‌کان و مه‌رجه‌عه‌ شیعه‌کان پیشان ده‌دات. له‌ سه‌نگه‌ره‌که‌دا سه‌ییدێکی ڕۆحانی ده‌بینم که‌ گوایا بۆ بانگه‌شه‌ی ئایینی هاتووه‌. جلی سه‌ربازیی له‌ به‌ردایه‌ و ڕیشی سپی کردووه‌. له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی قسه‌ی ده‌کرد. داوام له‌ یه‌کێک له‌ هێزه‌کان کرد قسه‌کانی بکات به‌ فارسی.
ئه‌و موبه‌لغه‌ باسی برایه‌تیی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ی ده‌کرد و ئه‌وه‌ی که‌ بوونی داعش بوونێکی ئه‌مریکی و ئیسرائیلییه‌. ئامانجه‌که‌شی له‌ناوبردنی موسڵمانانه‌. ده‌ستم هه‌ڵده‌هێنم به‌ وه‌رگێڕه‌که‌ ده‌ڵێم لێبپرسێت که‌ پاش پاککردنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌ له‌ داعش ئایا ئه‌گه‌ری پێکدادانی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ هه‌یه‌؟ له‌ وڵامدا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ یه‌ک مه‌ینه‌تین و ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌ قورئان و ڕه‌سووڵ ببێت به‌ لاڕێدا ناچین.
له‌وێ ماڵئاوای ده‌که‌م و به‌ره‌و مه‌قڕی حه‌شدی شه‌عبی به‌ڕێده‌که‌ومه‌وه‌. بارانه‌که‌ وه‌ستاوه‌. دۆخه‌که‌ ئارامه‌ و چما ڕۆژێکیش ئه‌فسانه‌یێک به‌ ناوی داعش بوونی نه‌بووه‌.
ڕاپۆرت: ئه‌فشین غوڵامی، هه‌واڵنێری نێردراوی کوردپرێس بۆ عێراق
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: شیلان محه‌مه‌دی
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104