کد خبر :70656
ساڵی ٩٦، ساڵی "ئابووریی خۆڕاگرانە؛ بەرهەم هێنان و دامەزران" ناونرا
بەشی ئێران- ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی هەتاوی، وێرای پێرۆزبایی وتنی لە دایکبوونی حەزرەتی فاتمە (رخ) و جەژنی نەورۆز بە تەواو هاووڵاتیان و ئێرانیان بە تایبەت بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان و گیانبەخت‌کردووان و هیواخواستن بۆ ساڵێکی پڕواپڕ لە بەرەکەت، ئاسایش و ئاسوودەیی بۆ خەڵکی ئێران و موسلمانانی جیهان، ساڵی نوێیان بە ساڵی "ئابووریی خۆڕاگرانە؛ بەرهەم هێنان و دامەزران" ناو نا.
بە پێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی نووسینگەی رێبەری باڵای شۆڕش، ئایەتوڵڵا خامنەیی ساڵی ٩٥یان بە تەواو تاڵ و شیرینییەکانیەوە، ساڵێکی تایبەت بە خەڵکی ئێرانی زانی و بە ئاماژە بە هەندێک لە گرینگترین هۆکارەکانی شادی و خۆشحاڵیی خەڵکی لە ساڵی ڕابردوو، وتیان: ئەم شادیانە دەگەڕێتەوە بۆ سەروەری نیشتمانی، ئاسایشی نیشتمانی، هەوڵ و هیمەتی گەنجان و هەنگاوی باوەڕدارانەی گشتگر لە سەرانسەری وڵاتدا.
رێبەری باڵای شۆڕش ئامادەبوونی گەرم و گوڕ و دلێرانەی خەڵکی لە رۆژی 22ی رێبەندان لە وەڵامی بێ‌ڕێزییەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و هەروەها خۆپیشاندانی بەربڵاوی جەماوەری لە رۆژی قودسیان نیشاندەری شوناس و ئامانجی بەرزی خەڵکی ئێران زانی و وتیشیان: ئەمڕۆ سەرەڕای نائەمنی لە وڵاتانی دەورووبەر و درواسێی ئێران، گەلی ئێران بە درێژایی ساڵ ئاسایشێکی پاوەجێی هەبوو.
بەڕێزیان وێڕای نرخاندنی "هیمەتی گەنجانە" و "جووڵەی باوەڕمەندانەی گشتگر" وەک دوو تایبەتمەندیی دیکە لە هەڵسەنگاندنی سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی گەلی ئێران، ڕوونیان کردەوە: دیتن و ئاگاداری لە چالاکی هەزاران تاقمی لاو لە سەرانسەری وڵاتدا کە خەریکی چالاکی پڕجوش و خرۆشی خۆیان لە بواری زانستی، فەرهەنگی، بەرهەم‌هێنان و وەرزشین لە پەنای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەگەل و چالاکیی گەرم و گوڕی ئایینی، بەشێکی دیکەن لە خالە ئیجابی و شادی هێنەرەکانی ساڵی ڕابردوو بۆ گەل و وڵاتی ئێمە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی پاشان ئاماژەیان بە تاڵی و سەخڵەتییەکانی ساڵی ڕابردوو کە زۆرتر دەروەستیان بە کێشەکانی مەعاش و ئابووریی خەڵکی بە تایبەت چینی لاوازی کۆمەڵگاوە بوو، کرد و ڕایانگەیاند: ئاگاداری بارودۆخی خەڵکم، کەواتە تاڵیی ژیانی خەڵک بە تایبەت خەڵکانی چینی لاواز و توێژە نەدارەکان، کە دەگەڕێتەوە بۆ کێشە و گرفتی ئابووریی وەک "گرانی، بێکاری، هەڵاواردنەکان و نایەکسانی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان" بە تەواوی وچوودەوە هەست پێ‌دەکەم.
بەڕێزیان جەختیان لەوە کردەوە: هەمووی ئێمە بەرپرسین و دەبێ لە لای خوای گەورە و لە بەردەم گەلدا وڵامدەر بین.
رێبەری باڵای شۆڕش بە بیرهێنانەوەی داکۆکی لە "داپەڕ و کردەوە" لە ناولێنانی ساڵی ٩٥ و ئەنجامدانی کاری باش بە پێی ڕاپۆرتی بەرپرسان، وتیان: ئەوەی کە ئەنجام دراوە لەگەڵ ئەوەی کە چاوەڕوانیمان بۆ دەکرد مەودای زۆرە و دەبێ ئامارە ئیجابی و باشەکان لە گەڵ ئامارە نەگونجاو و نەرێنییەکان پێکەوە ببیندرێن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاوردانەوە لە "ئابووریی خۆڕاگرانە"یان بە تەنیا ناکاریگەر زانی و سەبارەت بە رێگەچارەی پێویست بۆ ئێستاکە، ڕوونیان کردەوە:  ئابووری خۆڕاگرانە کۆمەڵێک شتە. ئەم کۆمەڵە شتە ئەگەر تەنیا لە ژێر ناوی ئابووری خۆڕاگری سەرنجی پێ بدرێ لەوانەیە زۆر سەرچاوەی کاریگەریی نەبێت. من چارەسەری لەوە دا دەبینم کە ئەم کۆمەڵە شتە دابەش بکەین بە خاڵە گرینگەکان. بۆ هەر بابەتێکی گرینگ و سەرەکی بەشێک لە کات و زەمان دیاری بکەین. لە بەرپرسان و کەسانی شارەزا و لە هەموو خەڵک داوا بکەین، کە تەواو تەرکیزی هیمەت و ئیرادەی خۆیان بخەنە سەر ئەو خاڵە گرینگانە کە بریتین لە بەرهەم هێنان، بەرهەم هێنانی نێوخۆیی و دامەزران، بە تایبەت دامەزرانی گەنجان.
رێبەری باڵای شۆڕش لە کۆتایی پەیامەکەیاندا بە ئاوردانەوە لەو زەروورەتە، ساڵی ساڵی 96ی هەتاویان بە ساڵی "ئابووریی خۆڕاگرانە؛ بەرهەم هێنان و دامەزران" ناو لێ‌نا و وتیشیان: تەرکیز و پلان‌داڕشتن بە پێوەری ئەو خاڵە گرینگانە، دۆز و چاوەروانیی خەڵک و رێبەری لە بەرپرسانە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی سەرکەوتنگەلێکی بەرچاو و هەستیار و هاوکات پێویستە بەرپرسان ئاکامی هەوڵەکانیان لە کۆتایی ساڵدا بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60106