کد خبر :67419
جه‌نابی هاشمی هه‌موو توانای بۆ گه‌شه‌ی وڵات و ناوچه‌ کوردنشینه‌کان خسته‌گه‌ڕ
به‌شی ئێران- محه‌مه‌د که‌ریمیان وتی: ئایه‌توڵڵا هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی هه‌میشه‌ تێده‌کۆشا به‌پێی ئیمکاناتی ئه‌وکاته‌ له‌ گه‌شه‌ی ناوچه‌ کوردنشینه‌کان ئاوڕ بداته‌وه‌.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نوێنه‌ری سێ خولی چواره‌م، پێنجه‌م و حه‌وته‌می مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی له‌ بازگه‌ی سه‌رده‌شت و پیرانشار وێڕای ئاراسته‌کردنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی به‌ بۆنه‌ی کۆچی دوایی ئایه‌توڵڵا ڕه‌فسه‌نجانی ده‌ریبڕی: به‌ڕێز ڕه‌فسه‌نجانی کۆڵه‌که‌ی شۆڕش بوو و ده‌وری سه‌ره‌کیی پێش و پاش شۆڕش هه‌بوو و نزیکترین که‌س به‌ ڕێبه‌ری کۆچکردووی شۆڕش بوون.
زیادیشی کرد: ئه‌و ڕۆڵێکی بێ وێنه‌ی به‌ر له‌ شۆڕش و پاش شۆڕش و له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕ و سازێنه‌ری هه‌بوو و له‌ هه‌ر دوو بواری یاسادانه‌ری و جێبه‌جێکاری سه‌رچاوه‌ی خێر بوو.
که‌ریمیان ئاماژه‌ی کرده‌ ڕوانگه‌ی ڕه‌فسه‌نجانی سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کان و وتی: به‌ڕێز ڕه‌فسه‌نجانی سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی وڵات نیگه‌ران بوو و وه‌کوو دیکه‌ی ناوچه‌کانی وڵات ئاوڕێکی تایبه‌تیشی له‌ کوردستان ده‌دایه‌وه‌.
ڕاشیگه‌یاند: چوونکه‌ پێش شۆڕش هه‌مبه‌ر به‌ کوردستان که‌مته‌رخه‌می کرابوو چاوه‌ڕوان ده‌کرا جه‌نابی هاشمی ئاوڕێک له‌م ناوچه‌ بداته‌وه‌ و هه‌رواش بوو.
نوێنه‌ری خوله‌کانی پێشووی سه‌رده‌ت و پیرانشار وتیشی: به‌ هه‌ر حاڵ ئیملای نه‌نووسراو هه‌ڵه‌ی تێدا نییه‌ و خزمه‌ته‌کانی خوالێخۆشبوو ئایه‌توڵڵا ڕه‌فسه‌نجانیش جیا له‌و بابه‌ته‌ نییه‌ و ئه‌ویش هه‌موو هه‌وڵی خۆی بۆ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی وڵات وه‌کار هێنا.