ڕۆحانی لە پەیامی پیرۆزبایی نەورۆز بۆ ١١ وڵاتی ناوچە:
ئاشتی و یەکڕیزی لەناوچەی کەونارای نەورۆز، خواستی گەلانی میانەڕۆیە

بەشی ئێران- سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامی جیاجیادا هاتنی ساڵی تازەی ١٣٩٦ی هەتاوی و جەژنی نەورۆزی لە سەرکردەی وڵاتانی ئەفغانستان، تاجیکستان، پاکستان، ئازەربایجان، تورکەمەنستان، ئەرمەنستان، تورکیا، کازاخستان، قرقیزستان، هیندستان و ئۆزبەکستان پیرۆزبایی کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری، حوجەتولئیسلام دوکتۆر حەسەن ڕۆحانی لە پەیامی جیاجیای خۆی بۆ سەرانی یانزە وڵاتی ناوچە، کە جەژنی نەورۆز بەڕێوەدەبەن، بەئاماژە بەوەی کە نەورۆز، جوانترین جەژنی سروشتە کە بە تێپەڕاندنی وەرزی زستان و چوون بەرەو پیری بەهار، هیوا و سەوزەڵانی و تازەبوونەوەی سروشت بەدیاری دێنێ، وتی: ئەو جێژنە، هێمای میانەڕۆیی، هێمنی، گەرمی، ڕووناکی، فراوانی و ناسکی و پاکییە، کە کردگار بەمرۆڤی دەبەخشێ.
رۆحانی، ئاشتی و یەکڕیزی لەناوچەی کەونارای نەورۆزی لە ویست و خواستی گەلانی میانەڕۆ زانی و وتیشی: جیهانی ئەمڕۆ زیاتر لەهەرکاتێکی دیکە، پێویستی بە هیوا و ئومێد هەیە کە بە هۆیەوە، ڕێز دەگیردری لە خۆشەویستی، ئەوین و دۆستایەتی و وڵاتان لەجیاتی بەرەوڕووبوونەوە، بانگهێشتی هاریکاری و دانوستان دەکات. چونکا نەتەوەکان بە هیوا، ئاشتی و هێمنی دەتوانن لەسای یەکڕیزی و دانوستان لەگەڵ یەکتردا، بەرەنگاری ئەو سیما دزێو و ناحەزە ببنەوە کە سەرچاوە لە خراپ لەدین گەیشتن و ڕادیکاڵیزمی تایفەگەری دەگرێت و ئەنجامەکەشی سەرهەڵدانی تیرۆریزم بووە.
ڕۆحانی لەکۆتایی پەیامەکەی بۆ سەرکردەی وڵاتانی ئەفغانستان، تاجیکستان، پاکستان، ئازەربایجان، تورکەمەنستان، ئەرمەنستان، تورکیا، کازاخستان، قرقیزستان، هیندستان و ئۆزبەکستان ساڵێکی تژی لە شادمانی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە بەئاوات خواست.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60106