کاردانەوەی تورکیا بە ڕێپێوانی کوردەکان لە ئاڵمانیا

بەشی جیهان- پاش ئەوەی ٣٠ هەزار کوردی دانیشتووی ئاڵمانیا لە دژی گشتپرسیی گۆڕینی یاسای بنەڕەتی لە تورکیا، ڕێپێوانیان کرد، ئەنقەرە ئەو ڕووداوەی بە نیشانەی فریوکاریی دەوڵەتی بەرلین وەسف کرد.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە بی‌بی‌سی، کوردەکانی دانیشتووی ئاڵمانیا لە شارە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەوە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی گەورە خۆیانیان گەیاندە شاری فرانکفۆرت و ڕێپێوانیان خستەڕێ.
ئەوان وێرای دەربڕینی دروشمی "دیموکراسی بۆ تورکیا"، داوایان لە خەڵکی تورکیا کرد تا وەڵامی "نا" بدەن بە گشت‌پرسیی مانگی داهاتووی ئەو وڵاتە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڵدانی ئاڵا و هەڵدانی پلاکاردی پشتیوانی لە "پەکەکە" و وێنەی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" رێبەری زیندانی‌کراوی ئەو گرووپە بۆتە هۆی تووڕەبوونی تورکیا و هەڵوێست‌گرتنی دژ بە سیاسەتی ئەورووپا و ئاڵمانیا هەمبەر بەو وڵاتە.
بەرپرسانی تورکیا لە کاردانەوە بەم ڕووداوە، پێدانی مۆڵەتی ڕێپێوان و خۆنیشاندان بە ئاوەها کۆبوونەوەیەکیان بە نیشانەی فریوکاریی دەوڵەتی ئەڵمانیا زانی.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئیبراهیم کاڵین وتەبێژی دەوڵەتی تورکیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا مامەڵەی کاراکتەری ڕەوا لەگەڵ تیرۆریستیان دەکەن، کە پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کۆبوونەوەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی تورک لەگەڵ هاووڵاتییانمان جێی مەترسییە. ئەمە پشتیوانییەکی ڕوونی تیرۆرە".
ناوبراو وتیشی: "ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە بینیمان کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی هەوڵی دەستوەردان لە گشتپرسی ١٦ی ئایپرێل دەکەن و بە شێوەیەکی ئاشکرا هەڵوێستی خۆیان بۆ پشتگری لە دەنگی "نا" دەردەبڕن.  بەڵام با بزانن لە گشتپرسیی یاسای بنەڕەتی گەل بڕیار دەدات، نەک ئەورووپا".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە بەیاننامەیەکی جودادا مۆڵەت‌پێدانی ئاڵمانیا بۆ بەرێووەچوونی ڕێپێوانی ئیدانە کرد و وەک پشتیوانییەکی ئاشکرا لە پەکەکە هەڵیسەنگاند کە لە خۆیدا "هێمایەکی ئاشکرایە لە ستانداردی دووپاڵوو"ی بەرلین.
شیاوی ئاماژەیە، ئاڵمانیا ڕایگەیاندووە کە هۆی کۆنەکردنەوەی پلاکارد و وێنە هەڵدراوەکانی ئەو ڕێپێوانە، بۆ پێشگری لە بشێوی و تێهەڵچوونەکان بووە، بەڵام لە بەشداربووان فیلم هەڵگیراوەتەوە و مومکینە هەندێکیان دواتر بخرێنە ژێر چاوەدێری و پێوشوێنی یاساییان بۆ بکرێت.
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60106