وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند:
٧٤٠ هێزی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا قۆڵبەست کراون

بەشی تورکیا- وەزیری ناوخۆی تورکیا وتی کە پۆلیس و ژاندارمری تورکیا لە هەڵمەتەکانی ئەم دواییانەی خۆیاندا ٧٤٠ هێزی پەکەکەیان قۆڵبەست کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێرانەوە لە هەواڵدەری دۆغان، سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پۆلیسی تورکیا دژ بە بنکە و ناوەندەکانی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیا دا و ڕایگەیاند: بە مەبەستی ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی پەکەکە لە شارەکانی تورکیا پۆلیس و ژاندارمری وڵات لە ٣٦ پارێزگادا هێرشیان کردۆتە سەر بنکە و حەشارگەکانی زستانەی پەکەکە کە لە ئاکامی ئەو هەڵمەتانەدا ٧٤٠ هێزی سەر بە پەکەکە قۆڵبەست کراون.
زیادیشی کرد: ئەم هەڵمەتانە وای کردووە کە پلانەکانی پەکەکە لە بواری ئۆپەراسیۆنە شارییەکاندا بە نیوەتەواوی بمێنێتەوە و نەتوانێ ئۆپەراسیۆنێکی ئەوتۆ لە شار و گەورەشارەکان ڕێک بخات.
ناوبراو وتی: بەرەنگاری لەگەڵ تیرۆر بەو پەڕی هێزەوە پێوشوێنگیری دەکرێت. ئیرادەی ڕاستەقینەی هێزە ئەمنییەکان و سیاسیەکان بۆ ئەم بەرەنگارییە بەردەوامە. تەنها لە لیچەدا ٧ هەزار هێزی سەربازی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاویان دەست پێکردووە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند: لە ئێستادا ٣٠ ئۆپەراسیۆن دژ بە پەکەکە لە حاڵی جێبەجێ کردندایە و ئێمە بەردەوام دەبین و هیچ شتێک نابێتە لەمپەری ئەم بەرەنگارییە. ئەم بەرەنگارییە هەوەها پلانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی پەکەکەش لە خۆ دەگرێتەوە.