وتەبێژی کاتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
تورکیا بانگهێشتی ڕەچاوکردنی ئازادیی بیروڕا و ڕاگەیاندن دەکەین

بەشی تورکیا- وتەبێژی کاتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە تورکیا کرد کە ڕێز لە ئازادی ڕادەبڕین و ڕاگەیاندن لە وڵاتەکەیدا بگرێت.

بە پێێ هەواڵی کوردپرێس بە گێرانەوە لە رۆژنامەی جەمهورییەت، مارک تونێر، وتەبێژی کاتیی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری واشنتۆن پۆست لە کاردانەوەی ئەمریکا هەمبەر بە پاشەکشێی تورکیا لە بواری مافی مرۆڤ و ئازادایی بیڕوڕا و ئەوەی کە زانیارییەکان ئاماژە بە زیندانی‌بوونی زیاتر لە 150 رۆژنامەنووس و هەواڵنێر لەو وڵاتەدا دەکەن و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان خراونەتە ژێر گوشارەوە، وتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بواری مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەماییەکان خاوەن پێشینەیەکی دوورودرێژە کە لە دیدارە دوولایەنەکانی لە گەڵ بەرپرسانی تورک بەردەوام پێداگری لە سەر کراوە. ئێمە تورکیا بانگهێشتی ڕەچاوکردنی ئازادی ڕادەربڕین، دابین‌کردنی دادپەروەری لە دەزگای قەزایی، سەربەخۆیی دەزگای قەزا و ڕێزنان لە ئازادییە بنەماییەکانی گەل و دابین‌کردنی ئەو ئازادییانە دەکەین. ئێمە لە هەرچەشنە ئازادیی بیروڕا، ڕادەربڕین، ڕاگەیاندن و ... پشتیوانی دەکەین.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیار لە گشتپرسیی یاسای بنەڕەتی لە تورکیا، وتیشی: گەلێ جار ڕامانگەیاندووە و هەمدیسان دەیڵێینەوە کە ئەوە پرسێکی ناوخۆیی تورکیایە و تاقە سەرچاوەیەک کە بۆی هەیە لەوبارەوە بدوێت و بڕیار بدات، خودی گەلە تورکیایە.
 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60106