جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق:
ته‌قه‌کردنی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و خۆپیشانده‌ران له‌ شه‌نگال کارێکی جینایه‌تکارانه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ڕووداوی ته‌قه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و خۆپیشانده‌ران له‌ شاری شه‌نگال له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وای به‌ کارێکی جینایه‌تکارانه‌ وه‌سف کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ گێڕابنه‌وه‌ له‌ که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی "الاباء"ی عێراق، ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌ستدرێژیی ئاشکرا بۆ سه‌ر خه‌ڵکی سڤیل له‌ شه‌نگال به‌هۆی نه‌بوونی هیچ جۆره‌ پاساوێکی یاسایی و ئه‌نگێزه‌ و به‌کارهێنانی زۆر دژ به‌ خۆپیشانده‌ران کارێکی نه‌شیاو و نه‌گونجاو دێته‌ ئه‌ژمار.
ناوبراو داوا له‌ پارته‌ سیاسییه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌کات به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه‌ و دووپات نه‌بوونه‌وه‌ی ئاکاری مه‌ترسیداری له‌و چه‌شنه‌ هه‌وڵه‌کانیان چڕ بکه‌نه‌وه‌.
ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌و ڕاگه‌یێندراوه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌کاته‌وه‌ ته‌قه‌کردن و به‌کارهێنانی زۆر دژ به‌ خۆپیشانده‌رانی بێ ته‌عه‌دا، تاوانێکی گه‌وره‌یه‌ و ئه‌وانه‌ی تاوانی له‌و چه‌شنه‌یان کردووه‌ ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌یان بۆ بکرێت و دادگه‌یی بکرێن.
ناوبراو له‌ کۆتاییدا زیادی کرد: هیچ له‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ و هیچ پارتێکیش مافی ده‌ستدرێژی به‌ هاووڵاتییانی نییه‌ چوونکه‌ ده‌ستووری عێراق به‌ ڕاشکاوی دانی به‌ خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ له‌ وڵاتدا ناوه‌.
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103