وێده‌چێت تورکیا و هه‌رێمی کوردستان ئۆپه‌راسیۆنێکی هاوبه‌شی سه‌ربازی ئه‌نجام بده‌ن

به‌شی تورکیا- وه‌زیری به‌رگریی تورکیا له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی سه‌ربازیی تورکیا و هه‌رێمی کوردستان وتی: له‌مباره‌وه‌ هه‌ر گریمانه‌یێک له‌ئارادایه‌ و ئه‌م بژارده‌یه‌ له‌سه‌ر مێزدایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی حوڕییه‌ت، فێکری ئیشیک وه‌زیری به‌رگری تورکیا له‌ لێدوانێکدا ڕایگه‌یاند: له‌ شه‌نگالدا هه‌وڵ ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ندیلێکی دیکه‌ دروست بکرێت. له‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌ پرسی شه‌نگال ئاراسته‌ کرابوو 500 گوند له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا چۆڵ کران. په‌که‌که‌ش به‌ به‌کارهێنانی فه‌کته‌ری ئێزدی به‌ داره‌ده‌ست کردنی پاسه‌وانی له‌وان شه‌رعییه‌تی بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد. له‌مباره‌وه‌ هه‌م له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان و هه‌م حکوومه‌تی فدڕاڵی عێراق دانووستان ده‌که‌ین. به‌ هیچ له‌ونێک ئیزن ناده‌ین په‌که‌که‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا ناوچه‌یێکی پاوانکراوی تایبه‌ت بۆ خۆی دروست بکات.
ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستاندا زیادی کرد: هه‌ر جۆره‌ پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌یێک له‌سه‌ر مێزی دانووستاندا هه‌یه‌. هێڵی سووری ئێمه‌ پێکهێنانی قه‌ندێلێکی دیکه‌یه‌. ئه‌گه‌ر کارێکی وا ئه‌نجام بدرێت تورکیا هه‌ر کارێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ پێویست بێت ئه‌نجامی ده‌دات.
وه‌زیری به‌رگری تورکیا له‌ درێژه‌دا جه‌ختی کرد: له‌باره‌ی کڕینی سیسته‌می به‌رگری S-400 له‌ ڕووسیا پێشکه‌وتنێکی زۆر باش ئه‌نجام دراوه‌. S-400ه‌کان له‌گه‌ڵ سیسته‌می ناتۆدا یه‌کپارچه‌ ناکه‌ینه‌وه‌. هه‌ریه‌کیان به‌ شێوه‌ی جیاواز ده‌بێت و ئه‌م سیسته‌مه‌ ڕووسیاییه‌ له‌ به‌رگری له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌دا به‌کار دێت.
ناوبراو له‌باره‌ی هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا جه‌ختی کرد: په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ له‌ژێر پشتیوانی سوپای دیموکراتیکی سووریا و له‌ژێر ئاڵای ڕووسیا، ئه‌مه‌ریکا و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی چالاکی ده‌که‌ن. تورکیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌لبابدا سێ ئامانجی سه‌ره‌کی هه‌یه‌ که‌ ئه‌م ئامانجانه‌ بریتییه‌ له‌ لابردنی هه‌ڕه‌شه‌کان له‌ دژی تورکیا، پاککردنه‌وه‌ی داعش و له‌ناوبردنی خه‌ونی لکاندنی کانتۆنه‌کانی په‌یه‌ده‌ و به‌ هه‌ر سێ ئامانجه‌که‌یش گه‌یشتووین.
فێکری ئیشیک جه‌ختیشی کرد: له‌باره‌ی مه‌نبه‌جه‌وه‌ شه‌ڕی زلهێزه‌کان له‌ئارادایه‌. له‌لایێکه‌وه‌ په‌یه‌ده‌ له‌وێدا به‌ ئاڵای ئه‌مه‌ریکا، ڕووسیا و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی چالاکی ده‌کات و له‌لایێکی دیکه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات ڕێگری له‌ چوونی تورکیا و سوپای ئازادی سووریا بۆ ئه‌و شوێنه‌ بکات. له‌ ئێستادا له‌ مه‌نبه‌جیش ئاڵای ڕووسیا و ئاڵای ئه‌مه‌ریکاش له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه‌ هه‌ڵکراوه‌. ڕووسیا په‌یه‌ده‌ به‌ گرووپێکی تیرۆریستی نازانێت. ته‌نانه‌ت په‌که‌که‌ش به‌ شێوه‌ی فه‌رمی وه‌کوو گرووپێکی تیرۆریستی به‌ ئه‌ژمار ناهێنێت. به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی په‌یه‌ده‌ له‌ ناوچه‌مان هه‌م بۆ ئه‌مه‌ریکا و هه‌م بۆ ڕووسیا ڕوون کردۆته‌وه‌ و ده‌یکه‌ین.
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103